بەرپرسێكی پێشووی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشكرای دەكات، بەهۆی دەنگدان بە پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی، زیاتر لە 30 هەزار سزادراو و گیراو لە عێراق ئازاد دەكرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ بە سێ پڕۆژەیاسای گرینگ درا، پڕۆژەیاساكان بریتین بوون: پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی خانوو و زەوی بۆ خاوەنەكانیان و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە، هەمواری یاسای باری كەسی ژمارە 188ی ساڵی 1959، پڕۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە 27ی ساڵی 2016.
جەمال ئەسەدی پشكنەری گشتی پێشووی وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی رایگەیاند: بە پەسندكردنی هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی زیاتر لە 30 هەزار سزدراو و گیراو لە عێراق ئازاد دەبن.
راشیگەیاند: بەگوێرەی هەمواری یاساكە لێبوردنی گشتی سەرجەم سزادراوان دەگرێتەوە، جگە لەو سزادراوانەی كە لە پڕۆژەیاساكەدا بەدیاریكراوی ناویان هاتووە.
هەروەها رایگەیاند: لێبوردنی گشتییەكە تەنانەت ئەو سزادراوانەش دەگرێتەوە كە بەگوێرەی یاسای تیرۆر دەستگیركراون.
بەرپرسەكەی پێشووی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەش دا كە پڕۆژەیاساكە لە ماوەی شەش مانگی داهاتوو دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.