سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند کە خواستیان ھەیە، ھاریکارییە ھاوبەشەکانمیان لەگەڵ ئەمریکا پتەوتر بکەن.
محەمەد شیاع سوودانی لە پەیامێکدا، پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ کردووە، بەبۆنەی دەستبەکاربوونی سەرۆکی ئەمریکا و ئاماژەی بەوەداوە کە عێراق خواستی ھەیە، پەیوەندیی و ھاریکارییە ھاوبەشەکانی لەگەڵ ئەمریکا پتەوتر بکات، ئەوەش لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی ستراتیژی و بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات و جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی کارکردن بۆ پاڵپشتیکردنی بنەماکانی سەقامگیری و ئاسایش و گەشەپێدان لەسەر ئاستی ھەرێمیی و نێودەوڵەتی.
ڕاشیگەیاندووە کە پابەندن بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا و ھەوڵی چالاککردن و فراوانکردنی مەودای جێبەجێکردنی سەرجەم یاداشتنامەکانی لێکتێگەیشتن و ھەماھەنگی ئەمنی و ئابووری دوولایەنە دەدەن، ئەوەش لە ژێر چەتری ڕێزگرتن لە سەروەری و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ، ھەروەھا پشتگیریکردن لە ئاڵوگۆڕی شارەزایی دوولایەنە لەبوارەکانی ڕۆشنبیری، تەکنەلۆژیا و وەبەرھێنان و گەشەپێدانی بەردەوام.
دوێنێ دووشەممە دۆناڵد ترەمپ لە ڕێوڕەسمێکی فەرمییدا وەک 47ھەمین سەرۆکی ئەمریکا، سوێندی یاسایی خوارد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.