Erbil 7°C ھەینی 17 کانوونی دووەم 01:00

وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوكردنەوەی پۆست و وێنە بە جلی سەربازی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی قەدەغە دەكات

100%

وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاری دا هەموو جۆرە بڵاوكردنەوەیەكی پۆست یاخود وێنەی كەسی بە جلی سەربازی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی لە ئەفسەر و پێشمەرگە قەدەغە بكات.

وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ پێنجشەممە ژمارەیەك بڕیار و راسپاردەی دەركرد،

هەروەها لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە: بە مەبستی زیاتر رێکخستنی ئەرک و کارەکانی راگەیاندن و کۆنترۆڵکردنی ئەو بەربڵاوییەی لە بڵاوکردنەوەی وێنە و فیدیۆ و نمایشکردن بە جلوبەرگی سەربازی بە شێوەیەکی نادروست، هەروەها دانانی پەیج و ئەکاونتی نافەرمی لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەکان، بە فەرمانی ژمارە 60 لە 6ی کانوونی دووەمی 2025 ژمارەیەک بریار و راسپاردەی دەرکردووە و تیایدا هاتووە:-

1-  هەموو جۆرە پۆست و بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە نمایش و خۆ دەرخستنێک بە شێوەیەک چالاکی کەسی ئەفسەر و فەرماندە و پێشمەرگە بە جلی سەربازی لە بنکە و بارەگا سەربازییەکان کە زیان بە شکۆ و کەسایەتی فەرماندە و ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە دەگەیەنێت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا قەدەغەیە.

2-  هەموو جۆرە ناوزڕاندنێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا "كۆمێنتی نەشیاو یان پۆست و بڵاوكردنەوەی وێنەی نەگونجاو"، ئەنجامدەرەكەی رووبەڕووی سزای یاسایی دەكاتەوە و دەدرێتە دادگای سەربازی، هەر ئەفسەر و پێشمەرگەیەك بەدەر لەو رێنوێنییانەی كە لە فەرمانەكەدا هاتووە ئەو كارانە ئەنجام بدات، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە و دەدرێتە دادگای سەربازی.

3-  ئەنجامدانی ئەو کارانە قەدەغەیە کە لە خاڵی (1-2)ی بریارەکەدا هاتووە، هەر فەرماندە و ئەفسەر و پێشمەرگەیەک بەدەر لە و ڕێنماییەی کە لە فەرمانەکەدا هاتووە، ئەنجامیان بدات ئەوا سزای یاسایی دەدرێت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری پێشمەرگە چاودێری و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ ئەو بابەتە دەکەن.

4-  پێویستە هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و هەواڵگری پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان بەدواداچوون بۆ پەیجە فەیک و نادیارەکان بکەن کە سووکایەتی بە ناو ناوبانگی پێشمەرگە و فەرماندە سەربازییەکان دەکەن، ئەگەر کەسانی سەربازی بن بە پێی یاسای سزدانی سەربازی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و ئەگەر کەسانی مەدەنی بن لە رێگەی فەرمانگەی یاسایی وەزارەتی پێشمەرگە سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.