ئەمڕۆ سێشەممە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆشكی بەكینگهام لە لەندەنی پایتەخت، لەگەڵ شا چارڵزی سێیەم شای بەریتانیا كۆبووەوە.
نووسینگەی رایگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاوی كردەوە: لە كۆبوونەوەكەدا هاوئاهەنگی نێوان عێراق و بەریتانیا لەنێوان سەرۆك وەزیران و شای بەریتانیا تاوتوێ كرا لە بوارەكانی ئابووری و گەشەسەندن و رووبەڕووبوونەوەی پیسبوونی كەشوهەوا و رۆشنبیریدا.
سەرۆك وەزیرانی عێراق دوای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ بانگهێشتە فەرمییەكەی بۆ سەردانیكردنی بەریتانیا، جەختی كردەوە كە عێراق ئاواتەخوازە بە بەردەوامی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەریتانیا لەپێناو بەرژەوەندیی هەردوو گەلی عێراق و بەریتانیا.
لای خۆشییەوە شا چاڵزی سێیەم دووپاتی كردەوە كە عێراق و بەریتانیا پەیوەندییەكی مێژوویی لەنێوانیاندا هەیە و ئاواتەخوازن ئەم پەیوەندییە بۆ بەرژەوەندیی هەردوو وڵات لە سەرجەم بوارەكاندا بەردەوامی هەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.