دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەهۆی تەواونەبوونی ئامادەیی رێژەی یاسایی، بۆ سبەی دووشەممە دواخرا.
سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق كەمێك پێش ئێستا بڕیاری دا دانیشتنەكەی ئەمڕۆ، بۆ سبەی دووشەممە كاتژمێر 1ی دوای نیوەڕۆ دوابخات.
دانیشتنەكە بەهۆی تەواونەبوونی ئامادەیی رێژەی یاسایی دواخرا.
بڕیاربوو لە دانیشتنی ئەمڕۆ یەكشەممەی پەرلەمانی عێراق دەنگدان بۆ چەند پڕۆژەیاسایەك بكرێت.
یەكێك لە بڕگەكانی دانیشتنەكە خوێندنەوەی یەكەم بوو بۆ هەمواری دووەمی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی خانەنشینی.
ماوەیەكە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كارەكانی هەمواری یاسای خانەنشینی تەواو كردووە و رەوانەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی كردبوو بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان هەمواری یاساكە بۆ 10 ماددە دەكرێت، یەكێك لە ماددەكان زیادكردنی تەمەنی خانەنشینییە لە 60 ساڵەوە بۆ 63 ساڵ، چاوەڕوان دەكرێت ئەم ماددەیە ببێتە جێی مشتومڕی لایەنەكان، چونكە بەشێك لە پەرلەمانتاران پێیانوایە ئەم ماددە دەبێتە رێگر بۆ هاتنەپێشەوەی گەنجان و دامەزراندنیان لە دامودەزگاكانی حكوومەت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.