لە کاتێکدا شاری لۆس ئانجلسی ویلایەتی ئەمریکا ڕووبەڕووی توندترین ئاگر بووەتەوە، تەنیا شەش فڕۆکە و 12 هێلیکۆپتەر هەوڵی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە گەورەیە دەدەن.
بەشی کوژاندنەوەی ئاگر لە لۆس ئانجلس، سەبارەت بە کارەکانی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی لۆس ئانجلسی گرتووەتەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دووا.
بەشی کوژاندنەوەی ئاگر لە لۆس ئانجلس ئاماژە بەوە دەکات کە بەو هاوکارییانەی لە دەرەوەی ویلایەتەکەوە هاتوون و بە هاوکاری فیدراڵیشەوە تەنیا شەش فڕۆکە و 12 هێلیکۆپتەر بەردەوامن لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە.
باس لەوەیش کرا کە یەکێک لەو فڕۆکانەی بەشدارە لە هەڵمەتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا فڕۆکەیەکی مەدەنیە کە لە کەنەداوە ڕەوانە کراوە.
ڕاگەیاندنی ئەمریکا ئاگرەکە بە توندترین و سووتێنەرترین ئاگر دادەنێن لە مێژووی شاری لۆس ئانجلسدا.
بەرپرسانی لۆس ئانجلس باس لەوە دەکەن کە ئەو ئاگری دارستانە کە لە یەکێک لە ناوچە لوکسەکانی شارەکە کەوتووەتەوە، لە ئێستادا لە شەش ناوچەدا بەردەوامە و، هەتا ئێستا پێنج کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و، نزیکەی دوو هەزار خانوو سووتاون و بەکەڵکی ژیان کردن نەماون.
هەروەها بەهۆی ئەو ئاگرەوە پشوو لە تەواوی قوتابخانەکانی ناوچەکە ڕاگەیاندراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.