بڕیارە فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام یەكەم سەردانی نێودەوڵەتی بۆ دەرەوەی سووریا ئەنجام بدات و سەردانەكەش بەمزووانە دەبێت.
میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە: ئەحمەد شەرع فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام ئامادەكاری دەكات بۆ ئەنجامدانی یەكەم سەردانی بۆ دەرەوەی سووریا، سەردانەكەش بۆ وڵاتی توركیا دەبێت.
بڕیارە ئەحمەد شەرع لەمیانەی سەردانەكەیدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆببێتەوە.
لە هەردوو وڵاتی توركیا و سووریا، خشتە و پلانەكانی سەردانەكەی ئەحمەد شەرع تەواو بووە و رەنگە لە چەند رۆژێكی كەمی داهاتوو سەردانەكە ئەنجام بدرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە مانگێكی تەواو بەسەر وادەی كەوتنی رژێمەكەی بەشار ئەسەد سەرۆكی پێشووی سووریا هات، لە ماوەی ئەم مانگەشدا نوێنەری بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی و جیهانی سەردانی دیمەشقیان كردووە و لەگەڵ ئەحمەد شەرع فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام كۆبوونەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.