Erbil 9°C یەکشەممە 05 کانوونی دووەم 18:55

نێچیرڤان بارزانی: هيوادارم ساڵى نوێ بۆ هه‌مووان ساڵێکی پڕ لە خێر و خۆشى بێت

کوردستان TV
100%

سەرۆكی هەرێمی كوردستان به‌بۆنه‌ى هاتنى ‌ساڵی نوێی 2025ی زاینییەوە پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوە و هیوای خواست ساڵى نوێ بۆ هه‌مووان ساڵێکی پڕ لە خێر و خۆشى بێت.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامە پیرۆزباییەكەدا رایگەیاند "به‌بۆنه‌ى هاتنى ‌ساڵی نوێی 2025ی زاینییەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراسته‌ى ته‌واوى هاووڵاتييانى ئازيزى کوردستان دەکەم، بەتایبەتی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، هێزەکانی ناوخۆ و هەموو پێکهاتەکانی كوردستان، هه‌روه‌ها پيرۆزبايى له‌ ته‌واوى گه‌لانى عێراق و جيهان ده‌كه‌م. هيوادارم ساڵى نوێ بۆ هه‌مووان ساڵێکی پڕ لە ئاشتی، سەقامگیری، گەشەسەندن و خێر و خۆشى بێت.

راشیگەیاند "ساڵی 2024 گۆڕانکاری و وەرچەرخانی گەورە لە ناوچەکه‌دا هاتنه‌ ئاراوه‌ كه‌ ئاڵنگاریی ئەمنی و سیاسیيان کاریگەری لەسەر دۆخى هه‌موو ناوچەکە دروست كردووه‌. ئەم پێشهاتانە پێویستيی بيركردنه‌وه‌يه‌كى باڵا و پته‌وكردنى ته‌بايى و يه‌كده‌نگيى ناوخۆیيمان لێ ده‌خوازن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەی هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ده‌کەن، هه‌روه‌ها بۆ سوودوه‌ر‌گرتن له‌ ده‌رفه‌ته‌كان".

نێچیرڤان بارزانی هەروەها رایگەیاند "داوا لە هەموو لايه‌نه‌ سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستان دەکەم هه‌مووان پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن بۆ تێپه‌ڕاندنى ناكۆكييه‌كان و بە گیانی بەرپرسیاريه‌تيی نیشتمانيی هاوبه‌شەوە، به‌ره‌و داهاتوو هه‌نگاو بنێن. له‌م دۆخ و قۆناغه‌دا پێكه‌وه‌يى و کاری هاوبەش تەنها ڕێگەیە بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان و دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانمان، بۆيه‌ جه‌خت له‌ گرنگيى په‌له‌كردن له‌ دامه‌زراندنى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌مه‌وه"‌.

سەرۆكی هەرێمی ئاماژەشی دا "هەر به‌م بۆنه‌يه‌وه‌ پابەنديى هه‌رێمى كوردستان بۆ کارکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و هاوبەشە هه‌رێمی و نێودەوڵەتییەکانمان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئاڵنگارییە هاوبەشەکان و دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی بۆ كێشه‌كان دووپات ده‌كه‌مه‌وه.‌‌ هاوكاريى نێوانمان ده‌بێته‌ هۆكارێكى سه‌قامگيرى و ئاشتی و گەشەسەندن لە عێراق و ناوچەکەدا و يارمه‌تيى پێكه‌وه‌ژيانى ئاشتييانه‌ى گه‌لان و پێكهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ ده‌دات".

لە كۆتایی پەیامە پیرۆزباییەكەدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "هه‌رێمى کوردستان به‌ ویست و ئیرادەی دڵسۆزانه‌ى گەلەکەی له‌ هه‌موو پێكهاته‌كان و هێزه‌ نيشتمانييه‌كانى، توانای تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان و بەردەوامبوونی لە بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو هەیە. با به‌ هیوا و ئومێده‌وه‌ ساڵی نوێ بکەینە دەرفەتێک بۆ کاری جددی و بەدیهێنانی ئاواتەکانی گەلەکەمان".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.