Erbil 18°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 15:57

دەسەڵاتی نوێی سووریا: ھەوڵ دەدەین ئاوارە و پەنابەرەکان بە شکۆمەندانە بگەڕێنینەوە زێدی خۆیان

کوردستان TV
100%

وەزیری دەرەوەی حکوومەتی کاتیی سووریا، ئەسعەد حەسەن شەیبانی ڕایگەیاند کە ھەوڵ دەدەن، سەرجەم ئاوارە و پەنابەرە سووریاییەکان بە شکۆمەندانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و جەختی لەوەش کردەوە کە سووریا لە قۆناغی نوێدا، دەبێت بە وڵاتێک کە شکۆ و ئازادی ھاووڵاتییانی خۆی دەپارێزێت.

ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی سووریا "سانا" بڵاوی کردەوە کە ئەسعەد شەیبانی لە پەیامێکدا لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ڕایگەیاندووە کە دەسەڵات لە سووریای نوێدا لە خزمەت گەل دەبیت و نووسیوویەتی: "دەسەڵات لە سووریای نوێدا، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە نوێنەرایەتیی گەل دەکات بە ھەموو ئایین و نەتەوەکان، ھەروەھا بەرگریی لە مافەکانی ھاووڵاتییان دەکات".

ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە: "سووریا سەرلەنوێ ئەو رۆڵە گرنگەی بەدەست دەھێنێتەوە کە پێشتر لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ھەیبوو، بۆ ئەوەی ببێتەوە بە یاریزانێکی سەرەکی لە ناوچەکە".

ئاماژەی بەوەشداوە، سووریا لە قۆناغی نوێدا وڵاتێک دەبێت کە تیایدا ھەمووان ھەست بە بوونی خۆیان دەکەن، ھەروەھا شکۆ و ئازادی ھاووڵاتییانی خۆی دەپارێزێت.

وەزیری دەرەوەی سووریا، ڕاشیگەیاندووە: "ئێمە لاپەڕەی نادادپەروەری و ستەمکاری دادەخەین و ھەوڵ دەدەین، سەرجەم ئاوارە و پەنابەرە سووریاییەکان بە شکۆمەندانە بگەڕێنینەوە زێدی خۆیان".

ئەسعەد شەیبانی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە سووریا شایەنی ئەوەیە کاری گەورەی بۆ ئەنجام بدەن و نووسیوویەتی "لەم قۆناغەی ئێستادا، ھەوڵەکانمان خستووەتەگەڕ، بۆ ئەوەی گەلەکەمان بە ئازادی و شکۆ بژێت و چی دیکە ڕووبەڕووی ستەم نەبنەوە".

ھەروەھا نووسیوویەتی: "کۆمەڵکوژی مرۆڤ کە پێشتر گەلی سووریا ڕووبەڕووی بووەتەوە ، ئازاری ئێمەی داوە و برینێکی قووڵی لە دڵماندا چاندووە، تاکە دڵسۆزیمان بۆ ئەوان ئەوەیە کە بە ئیرادە کاربکەین بۆ ئەوەی ئەمە دووبارە نەبێتەوە لە سەردەمی سوریای نوێدا کاردەکەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یاسایی ھەموو ئەو کەسانە دەستگیر بکەین کە بەشدارن لە ئەنجامدانی ئەو تاوانە، بۆ ئەوەی دادگایییان بکەین".

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.