ئەمڕۆ پێنجشەممە سەدان ئەفسەر و سەربازی سوپای سووریا لە عێراقەوە گەڕێنرانەوە وڵاتەكانیان.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی سەرچاوە ئەمنییەكانی عێراق بڵاویان كردۆتەوە، ئەمڕۆ 1905 ئەفسەر و سەربازی سوپای سووریا لە عێراقەوە گەڕێنراونەتەوە سووریا.
ئەفسەر و سەربازە سوورییەكان بە پاسی تایبەت لە ڕێگەی دەروازەی قائیم لە پارێزگای ئەنباڕ رادەستی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپڕاسیۆنە هاوبەشەكانی سووریا كراونەتەوە.
بەرپرسانی دەروازەی قائیم بەشێوەیەكی كاتی دەرگای دەوازەكەیان بۆ گەڕانەوەی ئەو ئەفسەر و سەربازانە بۆ وڵاتەكەیان كردۆتەوە.
لەو ژمارەیەش تا ئێستا 130 سەربازی سووریا لەنێو كەمپی شارۆچكەی روتبە لە پارێزگای ئەنباڕ ماون و رادەست نەكراونەتەوە، هۆكاری نەگەڕانەوەی ئەو سەربازانەش تا ئێستا روون نییە.
لە رۆژی 8ی ئەم مانگە چەكدارانی دەستەی تەحریری شام گەیشتنە نێو دیمەشقی پایتەختی سووریا و بەفەرمی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەدیان راگەیاند.
لە ئەنجامی هێرشەكانی چەكدارەكان بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكان، سەدان سەربازی سووری بۆ رزگاركردنی ژیانیان چەكەكانیان فڕێ دا و هاتنە نێو سنووری خاكی عێراقەوە، لە عێراقیش ئەفسەر و سەربازەكان لە كەمپێك لە شارۆچكەی روتبە لە پارێزگای ئەنباڕ كۆكرانەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.