Erbil 29°C دووشەممە 21 نیسان 12:58

پاپا فڕەنسیس: لە عێراق هەوڵی تیرۆركردنم درابوو

کوردستان TV
100%

پاپا فڕەنسیس پاپای ڤاتیكان ئاشكرای كرد، بەر لە سێ ساڵ لە كاتی سەردانە فەرمییەكەی بۆ عێراق، هەوڵی تیرۆركردن و كوشتنی درابوو.

پاپا فڕەنسیس لە كتێبی ژیاننامەی خۆی كە ئەمرۆ سێشەممە چەند بڕگەیەكی لە رۆژنامەی (كۆریری دێلا سێرا)ی ئیتاڵی بڵاوكراوەتەوە، دەڵێت "لە كاتی دابەزینم لە فڕۆكەخانەی بەغدا لە ئاداری ساڵی 2021، پۆلیسی عێراق زانیارییان پێدام كە دوو تیرۆریستی خۆكوژیان دەستگیركردووە كە پلانی تیرۆركردنی منیان هەبووە".

هەروەها دەڵێت "یەكێك لە خۆكوژەكان ئافرەتێكی گەنج بووە، پلانی داڕشتبوو لە میانەی سەردانەكەم بۆ شاری مووسڵ خۆی بتەقێنێتەوە و تیرۆرم بكات".

راشیگەیاندووە "پلانەكەی دیكە ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگری پڕ لە تەقینەوە ئامادەكرابوو بۆ مەبەستی تەقاندنەوە لە كاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێك هەر لە شاری مووسڵ".

سەردانەكەی بۆ شاری مووسڵ دوایین وێستگەی سەردانەكەی پاپا فڕەنسیس بوو بۆ عێراق، دوای ئەوەی ئەو شارە لە ساڵی 2014 تا ساڵی 2017 لەژێر دەستی چەكدارانی داعش بوو.

كتێبەكەی پاپا فڕەنسیس پاپای ڤاتیكان لەژێر ناونیشانی (هیوا) یە و بڕیارە لە رۆژی 14ی مانگی داهاتوو بڵاو بكرێتەوە كە تێیدا باس لە قۆناغ و وێستگەكانی ژیانی خۆی دەكات.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.