Erbil 13°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 04:00

سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ جێنشین و سەرۆک وەزیرانی بەحرەین کۆبووەوە

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ بەحرەین، لە شاری مەنامە لەگەڵ میر سەلمان بن حەمەد ئال خەلیفە جێنشین و سەرۆک وەزیرانی بەحرەین کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەدا برەودان بە پەیوەندییەکانی شانشینی بەحرەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی کردنەوەی کونسوڵخانەی بەحرەین لە هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی گەشتی ڕاستەوخۆی مەنامە - هەولێر لە داهاتوودا تاوتوێ کرا.

جێنشین و سەرۆک وەزیرانی بەحرەین خۆشحاڵيی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەحرەین دەربڕی و ئامادەیيی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نیشان دا.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانیی بەحرەینی کرد و خواستی پتەوکردنی پەیوەنديی دوولایەنەی لە بوارەکانی جێی بەرژەوەنديی هاوبەش، بە تایبەتی بنیاتنانی ژێرخان و چاکسازيی دارایی و بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان دووپات کردەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا بیروڕا لەبارەی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتيی سووریا و ناوچەکە بە گشتی ئاڵوگۆڕ کرا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.