ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت ڕایگەیاند کە لە عێراق، ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان، گیراوەتەبەر.
شەوی ڕابردوو، سەرکردەکانی ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆبوونەوە.
ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە پێشھاتە ئەمنییەکان لە سووریا و ڕەنگدانەوەی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق کراوە.
ئاماژەی بەوەشداوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت پاڵپشتی خۆی بۆ ئەو ھەوڵانەی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند کە بە ئامانجی چارەسەرکردنی دۆخی سووریا خستوویەتەگەڕ و داواشی کردووە کە بەغدا ببێت بە بارەگای گفتوگۆ بەردەوام.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ھەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، عێراقییەکان دڵنیا کراونەتەوە، لەوەی ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان گیراوەتەبەر.
ڕاشیگەیاندووە کە ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت داواشی کردووە کە لە رێگای ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق و سووریا، بەشێوەیەک ئاسایش و سەلامەتیی خاکی سووریا و ئاسایشی نەتەوەیی عێراقیش بپارێزرێت.
ھەروەھا ئاماژەی بەوەداوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، دەستپێشخەرییەکی عێراق ڕاگەیاندرا، بۆ ئەوەی وڵاتانی دراوسێی و پەیوەندیدار بە قەیرانی سووریا، بەپەلە لە بەغدا کۆببنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.