دادوەرێكی عێراقی كە بەرپرسە لە لێكۆڵینەوە لە دۆسییەی ماددە هۆشبەرەكان ئاشكرای كرد، ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەندین بازرگانی ماددەی هۆشبەریان دەستگیركردووە و هەروەها دەستیان گرتووە بەسەر كارگە و بەهەزاران حەبی كەپتاگۆن و كریستال.
وەلید ئیبراهیم دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی ناوەندی تایبەت بە لێكۆڵینەوە لە دۆسییەی ماددە هۆشبەرەكان لە ڕەسافە گوتی: لە سەرەتای ئەمساڵ تاكو مانگی 10 سەدان بازرگان و بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەرمان لە تەواوی عێراقدا دەستگیركردووە، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە تەنێك ماددەی هۆشبەر بە هەموو جۆرەكانییەوە.
سەبارەت بەو كارگەیەی ماددەی هۆشبەر كە لە سنووری سلێمانی دەستی بەسەردا گیرا، دادوەرەكەی دادگای لێكۆڵینەوەی رەسافە گوتی: دوای كۆكردنەوەی زانیاری ورد، تیمەكانمان بە هاوكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان توانیان دەست بەسەر كارگەیەكی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر لە نزیك دەریاچەی دەربەندیخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بگرن.
گوتیشی: كارگەكە تایبەت بوو بە دروستكردن و بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر، لە كاتی ئۆپەڕاسیۆنەكەشدا توانرا دەست بەسەر 151.711 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر بگیرێت كە تەواو ئامادەكرابوو.
هەروەها گوتی: هەر لە كارگەكەدا و لەنێو كۆگایەك دەستبەسەر چوار هەزار لیتر ماددەی ئەمفیتامین گیرا كە ماددەیەكی سەرەكی دروستكردنی ماددەی هۆشبەرە لە جۆرەكانی كەپتاگۆن و كریستال.
وەلید ئیبراهیم ئاشكراشی كرد كە زانیارییان هەبوو هەر لەم كارگەیەكدا بارێكی 100 كیلۆگرام حەبی كەپتاگۆن رەوانەی وڵاتانی كەنداو كرابوو.
ئاماژەی بەوەش دا كە هەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئەمساڵ تیمەكانیان توانیان شەش بازرگانی دیكەی ماددەی هۆشبەر دەستگیر بكەن كە بەنیازبوون بڕی 30 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری كریستال لە سلێمانییەوە بگوازنەوە بۆ بەسڕە.
جەختیشی كردەوە، لە ماوەی 10 مانگی رابردوو لە دادگاكانی عێراق بڕیاری لەسێدارەدان بۆ 75 بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەركراوە كە 6 لەوانە بیانی بوون، لەگەڵ بڕیاری زیندانی هەتاهەتایی بۆ 20 بازرگانی دیكەی ماددەی هۆشبەر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.