Erbil 14°C شەممە 23 تشرینی دووەم 19:20

نووسه‌ر و شاعیر گوڵزار فه‌ره‌ج: زمان وه‌رگێری هۆش و ده‌روونه‌ ، بۆ په‌خشكردنی ده‌روونی مڕۆڤه‌كان

100%


نووسه‌ر گوڵزار فه‌ره‌ج: ره‌خنه‌ گرتن و ره‌خنه‌ قبوڵكردن دوو شاباڵی سه‌ركه‌وتنی نووسه‌رن به‌ره‌و لوتكه‌
خاتوو گوڵزار حه‌مه‌ فه‌ره‌ج  ناسراو به‌( گوڵزار فه‌ره‌ج) یه‌كێك له‌ قه‌ڵه‌مه‌ دیاریه‌كانی نێو ئه‌ده‌بی كوردی تائێستا خاوه‌نی حه‌وت كتێبه‌ له‌ بواری په‌خشان و ڕۆمان و تێكستی ئه‌ده‌بی و زانستی جه‌سته‌یی ..به‌به‌رده‌وامی له‌ گۆڤار و رۆژنامه‌و سایته‌كان  بابه‌ت ده‌نووسێت  ئه‌ندامی لقی سلێمانی یه‌كێتی نوسه‌رانی كورده‌ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نوسه‌رانی رۆژنامه‌ی ژیانه‌وه‌ یه‌ ئێمه‌ش به‌ باشمان زانی ئه‌م هه‌ڤپه‌یڤینه‌ی له‌گه‌ڵ دا ساز بكه‌ین.
هه‌ڤپه‌یڤین- كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس  
* وه‌كو نه‌ریتێكی سه‌ره‌تای پرسیاركردن بابزانین گوڵزارخان چۆن ئاوێته‌ی جیهانی ئه‌ده‌ب و نووسین بوو؟
- به‌ری دره‌ختی فه‌نتازیاو ، ھه‌ندێك  روداوی  ڕاسته‌قینه‌ ،وه‌ك ڕۆشنایی  تكانه‌  نێو  دیده‌و  ھزره‌وه‌ ، به‌س بون  بۆ ئه‌وه‌ی  ببن  به‌  پردێك كه‌  ھه‌ست و  حه‌زی  زاتیم  بۆ  نوسین  له‌ دایك  ببێت  ، به‌و مشتومڕانه‌ی  ناو خه‌یاڵی خۆمه‌وه‌  بونه‌  شاخێك  ھێنده‌  بڵند  كه‌  خه‌رییكه‌  زمانی  لوتكه‌ی  له‌  ڕومه‌تی  ئاسمان  ھه‌ڵده‌سوێ ،ھه‌رنه‌بێ  له‌به‌ر  دیده‌ی  خۆم  وام لێده‌نۆڕی ، كه‌بوونه‌   گه‌وره‌ترین  سه‌رمایه‌ی  من ، ده‌ڵێم  مڕۆڤ  گه‌ر  ئیراده‌ی  ھه‌بو ،ھه‌مو شتێكی  پێده‌كرێ ، ڕۆژانێك  بو ، كه‌كتێبێكی  نوسه‌ری پێش خۆمم  ده‌كه‌وته‌  پێش چاو، به‌حه‌سره‌ته‌وه‌ بوم ، كه‌بتوانم  كتێبی  خۆم  له‌كتێبخانه‌كه‌ی  خۆمم  ببینم ، ھه‌ر ئه‌و  حه‌زه‌  بو  زاده‌ی  ئاواته‌كانمی  ھێنایه‌  دی ، سوپاس  بۆ خوا  هه‌ر ئه‌و ئاره‌زوه‌م بوو بۆ نوسین وهاوڕێیه‌تی كتێب وای لێكردم رێچكه‌ی كتێب و نوسین بگرم. 
* ئێوه‌خاوه‌ن ئه‌زموونێكی باشی نووسینتان هه‌یه‌، به‌ڵام زیاترگرنگی به‌په‌خشانه‌ شیعرداوه‌ هۆكاره‌كه‌ی بۆ چی ده‌گه‌رێته‌وه‌؟
- زمان  وه‌رگێری هۆش و ده‌روونه‌  ، بۆ په‌خشكردنی ده‌روونی مڕۆڤه‌كان هه‌ڵبه‌ت ئه‌بێ ده‌ڕبڕینك هه‌بێت  بۆ وه‌ده‌رخستنی  ئه‌وه‌ی له‌ناخیه‌تی ، منیش هه‌ست ده‌كه‌م جوانترین نوسین و ده‌ڕبڕین ئه‌گه‌ر بكرێ  به‌ په‌خشان بنوسرێ  بۆ ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوه‌تی  و كاڵا  پڕ به‌باڵا بێ   ،ئه‌بێ   ئه‌و وێنه‌شیعریان  وه‌ده‌ربخرێ كه‌ له‌ ناخدایه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگی و وشه‌سازی بۆ بكرێ  هه‌ر له‌په‌خشاندا  زیاتر په‌یامه‌كه‌ ئه‌گات به‌خوێنه‌ر  و هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ به‌بۆچونی من وایه‌ ، نووسه‌ری دیاری كوررد  برایم ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌ دووپات ئه‌كاته‌وه‌ ، كاتێك له‌ ڕۆژنامه‌ی گه‌لاوێژی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ جوانترین په‌خشان ئه‌نوسێ به‌ناوی  به‌ره‌و ڕووناكی .
* له‌سه‌ر په‌یامی شیعر بۆچوونی شاعیران جیاوازه‌ هه‌ندێكان ده‌ڵیت شاعیر بۆخۆی ده‌نووسێت هه‌ندێكیتر ده‌ڵێن شیعر به‌رپرسیاره‌تییه‌ په‌یامێكی گشتییه‌ بۆ كۆمه‌ڵگایه‌،ئه‌ی تێروانینی ئێوه‌ چۆنه‌؟  
- خودی شیعر سازی 
واتێده‌گه‌م ئه‌وه‌نده‌ی
پڕۆسه‌ی دۆزینه‌وه‌ بێت ، نیو ئه‌وه‌نده‌ 
نوسین و داهێنان بێت
شاعیر ده‌بێت 
 شوێن هه‌ڵگر بێت و  جێپێی شیعر هه‌ڵبگرێت 
تا ده‌ستگیری بكات، هه‌رچوارده‌وری
شاعیر  شیعره‌ به‌ڵام چاوی 
تایبه‌تی ده‌وێ 
بیبینێت و بیدۆزێته‌وه‌
و هه‌ڵیگرێته‌وه‌و بیانخاته‌ روو.
* به‌شێك له‌ ره‌خنه‌گرانی شیعر ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر فه‌لسه‌فه‌ تێكه‌ڵ به‌ شیعر بوو رۆحییه‌تی شیعر ده‌مرێت له‌و باره‌یه‌وه‌ ئێوه‌ چی ده‌ڵێن؟
- نوسینه‌وه‌و ئیشكردن له‌ فه‌لسه‌فه‌دا حه‌زێكی به‌رزه‌ فڕی دیكه‌یه‌ له‌ نوسیندا  ئه‌و كات مڕۆڤ  به‌ وده‌كاری و قوڵایی ڕۆح و ناخدا ڕۆده‌چێته‌ خواروو هه‌موو جوانیه‌ په‌نهایه‌كان به‌یان ده‌بن هه‌ڵبه‌ته‌ فه‌لسفه‌ له‌ نێو شیعر. 
* ئێوه‌ له‌ چ ده‌روازه‌یه‌كه‌وه‌ له‌ ده‌رگای شیعر ده‌ده‌ن (ده‌رگای خۆشه‌ویستی، ده‌رگای منداڵی،ده‌رگای یاده‌وه‌ری ،ده‌رگای دایك....)؟
- نوسین ده‌رون ده‌سمێ ئاسۆی
شیعرو نوسینم هه‌رده‌م به‌رزه‌
چونكه‌ زاده‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌كه‌ به‌ ژیانه‌وه‌ ده‌مبه‌ستێته‌وه‌ 
له‌هه‌مان كاتیشدا به‌خشش و ئیلهامێكی خوداییه‌ ، كه‌خودا پێیداوم 
شیعریش چڕترین ده‌ربڕینی زمانه‌ هه‌میشه‌ رازو نیازو خه‌ونه‌كانی خۆم
 له‌ڕێی شیعرووشه‌سازییه‌وه‌  ده‌ڕبریوه‌
كرۆك و كاكڵه‌ی نیه‌تی شاعیر
به‌خشینی ساتێك ئارامی و ئومێدو هیوایه‌ ئه‌بێت به‌ تاك، له‌وێشه‌وه‌ به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه‌ .
* شاعیری گه‌وره‌ی فه‌رنسی (مالارمییه‌) ده‌ڵێت: شیعر نهێنییه‌ ده‌بێ خوێنه‌ر به‌دوایی كلیله‌كه‌ی بگه‌رێت ،ئێوه‌ چی ده‌ڵێن؟ 
- بێگومان وایه‌ هه‌ر نوسینێك شێوازی بیركردنه‌وه‌ی  مڕۆڤ نه‌گۆڕێ و كاری تێنه‌كات   ئه‌و نه‌نوسینه‌ نه‌ شیعریشه‌
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌یه‌ كه‌ده‌ڵێ خوێنه‌ر به‌دوای كلیله‌كه‌یدا  ده‌گه‌رێ  ده‌بێ هزرو ئاوه‌زی به‌جۆڕێك له‌ جۆره‌كان بگۆرێ له‌هه‌ست و بیركردنه‌وه‌یدا.  
* ره‌خنه‌ له‌ نێوه‌ هه‌موو كاییه‌كانی ژیان گرنگه‌ ،وه‌كو نووسه‌رێك چۆنه‌ ده‌ڕواننه‌ ره‌خنه‌گرانی شیعر له‌ كوردستان؟
- پێم وایه‌ ره‌خنه‌ گرتن و ره‌خنه‌ قبوڵكردندوو شاباڵی سه‌ركه‌وتنی نوسه‌رن به‌ره‌و لوتكه‌ ،و   واده‌كات  كه‌ نوسه‌ر هه‌میشه‌   به‌دوای فه‌رهه‌نگ و وشه‌سازی و خه‌یاڵ فراوانیدا وێڵ بێت و له‌و چه‌ق سازیه‌ی ده‌ربازی بكات به‌مه‌رجێ ره‌خنه‌نی دروستكه‌ر بێت نه‌ك ره‌خنه‌ی روخێنه‌ر.
* ئاستی خانمانی شاعیر له‌ كوردستان چۆن ده‌بینی؟
-پێم وایه‌ و به‌ڕوونیش دیاره‌ كه‌ ژنان هه‌نگاوێكی  به‌رچاوو باشییان ناوه‌  له‌م ڕۆژگاره‌دا نه‌ك  له‌ نوسین و ئه‌ده‌بدا  ، به‌ڵكو له‌ هه‌موو بواره‌كانداو به‌تایبه‌تیش له‌ فه‌رهه‌نگ نوسینداو جێ په‌نجه‌یان دیاره‌ و به‌باشی چوونه‌ته‌ نێو هه‌موو بواره‌كانه‌وه‌.

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.