Erbil 12°C شەممە 23 تشرینی دووەم 00:17

سەرۆك بارزانی: ئەگەر خۆمان بۆ هەموو فیداكارییەك ئامادە نەبین كەس ناتوانێت هیچمان بۆ بكات

100%

سەرۆك بارزانی ئەمڕۆ هەینی لە دیداری مێپس 2024 لە دهۆك رایگەیاند، لە تەجروبەی ژیانی خۆم بۆم دەركەوتووە، ئەگەر بڕوامان بە خۆمان نەبێت و خۆمان نەبین، هەروەها بۆ هەموو فیداكارییەك ئامادە نەبین، كەس ناتوانێت هیچمان بۆ بكات.

ئەمڕۆ هەینی بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و ژمارەیەك لە سەرۆك و كەسایەتی سیاسی و ئەكادیمیست و نوێنەری وڵاتان، پێنجەمین كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2024) لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە پارێزگای دهۆك دەستی پێ كرد و و بڕیارە تا رۆژی یەكشەممە بەردەوام بێت.

لە كۆڕبەندەكەدا سه‌رۆك بارزانى وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا ڕایگه‌یاند: لە هەرێمی كوردستان، پێش نزیكەی مانگێك، هەڵبژاردنێكی مێژوویی ئەنجامدرا، پێشبینیی هەموولایەك ئەوە بوو كە ئەم هەڵبژاردنە ناكرێ یان ئەگەر بكرێ گرفتی زۆری بۆ دێتە پێش، بەڵام لێرەدا من بە پێویستی دەزانم سوپاسێكی گەرمی گەلی كوردستان بكەم، سەری ئێمەیان بەرز كرد و پیشانیان دا كە هەست بە بەرپرسیارێتی دەكەن لە كاتی پێویستدا، هەڵبژاردنێك كە 72%ی خەڵكی كوردستان بەشدار بوون تێیدا و ئەنجامەكانیشی مەعلووم بوون. ئیتر ئێمە ئومێدەوارین كە لەمەودوا هەموو لایەك مامەڵە لەگەڵ شەرعییەت بكەن، ئەو شەرعییەتەی كە میلـلەت داویەتی. هەنگاوی داهاتوو هەر لەم ڕۆژانە ئینشائەڵا دوای ئەوەی كە ئەنجامەكان بە شێوەیەكی فەرمی لە لایەن كۆمیسیۆنەوە رادەگەیەندرێن، دەست بە گفتوگۆ دەكرێ لەنێوان هەموو لایەنەكان، بۆ ئەوەی هەرچی زووتر پەرلەمان دەست بەكار بێ و هەنگاوەكانی تریشی بەدوادا بێت. ئومێدەوارین هەمووتان پشتگیریمان بكەن بۆ ئەوەی لە داهاتوو (یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حكوومەت، یەك هێزی پێشمەرگە) لە كوردستان هەبێت.

سه‌رۆك بارزانى راشیگەیاند: بە خۆشحاڵییەوە كە دوێنێ و پێرێ بوو، ئەو سەرژمێرییەی سەرتاسەری بوو لە عێراق، تەئكید كراوە و زەمانەتیش دراوە كە ئەمە هیچ مەبەستێكی سیاسی لە دوای نابێت و هیچ تەئسیرێكیشی نابێت لەسەر ناوچەكانی ماددەی 140، بەڵام ئەمە بەڕاستی بەرچاوڕوونییەكی زۆر دەبێت بۆ حكوومەتی فیدڕاڵی بۆ ئەوەی پلانەكانی بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و زانستییانە دابڕێژێت بۆ لەمەودوا.

سه‌رۆك بارزانى گوتیشی: بەڕێزان دەمەوێ تۆزێك بە ڕاشكاوانە بێمە سەر بابەتی كێشەی نەتەوەی كورد، هەموومان دەزانین دوای جەنگی جیهانیی یەكەم، ئەو دابەشكردنەی كە سەرلەنوێ ئەنجامدرا لە ناوچەكە، باوەڕ ناكەم بە دڵی هیچ كام بێت، هیچ نەتەوەیەك، نە عەرەب، نە كورد، نە تورك، نە فارس، واقیعێك بوو و فەرز كرا، بەڵام لێرەدا غەدر و زوڵمی گەورە بەر كورد كەوت. 100 ساڵ ئینكاری هەبوونی نەتەوەی كورد كرا، كوردیش 100 ساڵ بەرخودانی كرد، نە ئینكاری هەبوونی كورد، نە كوردیش توانی ئەو واقیعە بگۆڕێت، ئەمە چیمان پێ دەڵێ؟ دەڵێت دەبێ دانیشین و بیر لە چارەسەری ئاشتییانە و برایانە و ڕێز لە یەكترگرتن و یەكتری قەبووڵكردن بكەینەوە، ئەمەیە ڕێگەی ڕاست بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە.

سەرۆك بارزانی لە دیداری مێپس 2024 هەروەها گوتی: ناكرێ ئێمە بڵێین ئەگەر لە پارچەیەك چارەسەرێك دۆزرایەوە دەبێ ئەمە ببێتە كۆپیی هەموو ناوچەكانی تر، هەر ناوچەیەك تایبەتمەندی خۆی بۆ دروست بووە و دۆخی كوردستانی عێراق جیاوازە لەگەڵ پارچەكانی تر، بەڵام ئێمە زۆر خۆشحاڵین كە دەبینین دیسان دەنگوباسی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەستی پێ كردۆتەوە، لە هەر كوێیەك هەر چارەسەرێك بۆ پرۆسەی ئاشتی، ئێمە بە هەموو توانایەك پشتگیری دەكەین و لەگەڵی دەبین.

سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەش دا: لە كۆتاییدا لە تەجروبەی خۆم بۆم دەركەوتووە، ئەگەر بڕوامان بە خۆمان نەبێ، خۆمان نەبین، ئامادە نەبین بۆ هەموو فیداكارییەك، كەس ناتوانێت هیچمان بۆ بكات. لە كاتێكدا دۆستەكانی ئێمە دەتوانن پشتگیریی ئێمە بكەن، كە خۆشمان هەبین و بزانین چ دەكەین. لە هەمانكاتیشدا دەبێ واقیعبین بین و دەبێ بزانین هەنگاو بۆ كوێ دەنێین.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.