نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، ئیسڕائیل تەواوی بڕیارەكەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە فەرمانی دەستگیركردنی نەتانیاهۆ و یوئاف گالانت وەزیری بەرگری پێشووی ئیسڕائیل رەتكردەوە.
نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە: ئیسڕائیل بڕیارە درۆ و گاڵتەجاڕییەكەی ئەمڕۆی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی رەت دەكاتەوە.
بڵاویشی كردەوە: بڕیارەكە لەلایەن داواكارێكی گشتی تۆمەتبار و گەندەڵ بەرزكراوەتەوە و چەند دادوەرێكی دژی ئیسڕائیل دەریان كردووە.
هەروەها بڵاوی كردەوە: بنیامین نەتانیاهۆ پابەندی ئەو بڕیارەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی نابێت و جەنگ دژی حەماس و حزبوڵا لە فەڵەستین و لوبنان ڕاناگرێت تا سەرجەم ئامانجەكان دێتەدی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی كە بارەگاكەی لە لاهایە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ هەریەك لە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل و یوئاف گالانت وەزیری بەرگری پێشووی ئیسرائیل دەركرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.