Erbil 21°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 15:37

قۆناغێکی نوێی سەرژمێریی دانیشتووان دەستیپێکرد

کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی11ی2024، قۆناغێکی دیکەی سەرژمێریی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان دەستی پێکرد و تیمەکان بە گەڕەک و کۆڵانەکاندا بڵاوەیان پێکرا و لەو زانیاری و داتایانە دڵنیا دەبنەوە کە لە قۆناغی یەکەمدا تۆمار کراون.

دوێنێ سێشەممە قۆناغی یەکەمی پڕۆسەکە تەواو بوو کە بریتیی بوو لە تۆمارکردنی داتا و زانیارییەکانی ھەر تاکێک و ئەمڕۆش لە قۆناغی دووەم جارێکی دیکە لە زانیارییە تۆمارکراوەکان دڵنیادەبنەوە.

پڕۆسەکە بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت، قۆناغی گەمارۆسازیی کە لە 1ی تشرینی یەکەم بە بەشداری ھەفت ھەزار و 500 کارمەند بەڕێوەچوو تیاییدا ژمارەدانان بوو لەسەر باڵەخانە و خانووەکان، قۆناغی دووەم تۆمارکردنی داتا و زانیارییەکان بوو، ھەروەھا قۆناغی سێیەم بریتییە لە دڵنیابوونەوەی زانیارییەکان.

لە پڕۆسەکەدا جگە لە ھاووڵاتییان، ھەروەھا ھەموو ئەو شتانە تۆمار دەکرێن کە لەماڵەکاندا ھەن، ھەر بژمێرێکیش 120 خێزان تۆمار دەکات و ماوەی دوو ڕۆژیش بەردەوام دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان پشتگیریی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری گشتی راگەیاند لەگەڵ ئەوەشدا جەختیان لەوە کردەوە کە نابێت پڕۆسەکە ھیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور و یەکلاکردنەوەی پرسی ناوچە كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ھەبێت.

 بەشێوەیەكی گشتی لە سەرتاسەری عێراق 130 هەزار بژمێر لە پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان بەشدارن، ئەمە جگە لە سەرپەرشتیارانی پڕۆسەكە،  بۆ ماوەی دوو رۆژ پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەدەچێت، لە هەردوو رۆژەكەش قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەنراوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.