وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان هۆكاری زۆری حاڵەتەكانی سكچوون و رشانەوە لە هەڵەبجەی تازە ئاشكرا كرد كە دوو هۆكار بوونە، ئاماژەی بەوەش دا كە تا ئێستا هەزار و 560 كەس داخیلی نەخۆشخانەكان كراون.
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: لە پێرێوە حاڵەتێكی زۆری سكچوون و رشانەوە لە سەرجەم گەڕەكەكانی هەڵەبجەی تازە لە سەرجەم ئاست و تەمەنەكان دروستبووە، بەداخەوە حاڵەتەكان كاتژمێر دوای كاتژمێر زیاتر دەبوون و تا ئێستاش بەردەوام نەخۆشی نوێ روو لە نەخۆشخانەی شەهید رەئووف بەگ دەكەن، بەڵام ئێستا حاڵەتەكان بەشێوەیەكی گشتی كەمتر بوونەتەوە.
وەزیری تەندروستی گوتیشی: دوایین ئامار تا درەنگانی شەوی رابردوو بریتی بووە لە تووشبوونی هەزار و 560 كەس كە بەهۆی سكچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانەكانیان كردووە.
د. سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەش دا كە هەر لە یەكەم رۆژەوە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی و بەرپرسی بەشی خۆپارێزی و سەرجەم تیمەكان راسپێردراون هەموو هەوڵێك بدەن بۆ چارەسەری تووشبووەكان لە نەخۆشخانەكان و دابینكردنی پێداویستییە پزیشكی و دەرمان.
جەختیی كردەوە كە دوێنێ تیمێكی وەزارەتی تەندروستی گەیشتۆتە هەڵەبجەی تازە بۆ لێكۆڵنەوە لە هۆكاری زۆری حاڵەتەكان، لە دەرئەنجامی وەرگرتنی پشكنینەكان دەركەوتووە كە رووداوەكان بەهۆی دوو هۆكار بوونە.
یەكەمیان: بەهۆی بارانبارینی چەند رۆژی رابردوو، ئاوی پیس تێكەڵ بە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە بووە و بووەتە هۆكاری دروستبوونی سكچوون و رشانەوە لە تەواوی گەڕەكاكانی هەڵەبجەی تازە.
دووەمیان: كەمی بەكارهێنانی رێژەی ماددەی كلۆر بووە لە سەرچاوەی ئاوی بێستانە سوور، بۆ ئەمەش بڕیاردراوە لێكۆڵینەوە بكرێت.
وەزیری تەندروستی داواشی لە هاووڵاتییانی هەڵەبجەی تازە كرد تا كێشەكە چارەسەر دەكەن، بۆ ماوەی چەند رۆژێكی كەم تا پێیان بكرێت ئەم ئاوە نەخۆنەوە و رێنماییەكانی تەندروستی جێبەجێ بكەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.