Erbil 15°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 15:06

حكوومەتی عێراق بە بڕیارێك هاوردەكردنی مریشك لە هەرێمی كوردستانەوە قەدەخە دەكات

مریشك
کوردستان TV
100%

له‌ فه‌رمانێكدا وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هاورده‌كردنی مریشکی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوچەکانی عێراق قەدەخە كرد، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیش رایده‌گه‌یه‌نێت، تاكه‌ ئامانج ئه‌و هه‌وڵه‌ی حكوومه‌تی عێراق لێدانه‌ له‌ژێرخانی ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێم.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا سائیر حسێن بەڕێوەبەری بەشی پەتاکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ عێراق رایگەیاند: هاوردەکردنی مریشکی زیندوو له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێڕاق سنووردار دەکرێت.

گوتیشی: هاوردەکردنی مریشکی هێلکەکەر و گۆشتی مریشک لە دەرەوەی عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ رێگەپێدراو نییە و قه‌ده‌خه‌یه‌، به‌ڵام هاوردەکردنی مریشکی بەستوو دوای پەسەندکردنی رێگەپێدراوە.

ئه‌وشی خسته‌ڕوو: بە بڕیاری سەرووی خۆمان، رێگە نادرێت مریشکی زیندوو لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق بگوازرێتەوە، چونکە زۆریان بەشێوەیەکی نایاسایی لە دەرەوە دەهێنرێنە نێو هەرێمی کوردستان و لەوێشەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەگوازرێنەوە.

راشیگه‌یاند: به‌ڵام هاوردەکردنی هێلکە و مریشکی هێلکەکەر لە هەرێمەوە بەو مەرجە رێگه‌پێدارو دەبێت کە کێڵگەکان مۆڵەتی فەرمیان هەبێت و لەلایەن بەشی ڤێتێرنەرییەوە بڕوانامەی تەندروستیی ڤێتێرنەرییان پێدرابێت.

لای خۆشیه‌وه‌ بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ بڕیاری وه‌زارەتی كشتوكالی عێراق بردنی مریشک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوچەکانی عێراق قەدەخەکراوە، بەڵام بە پارە لە بازگەکانەوە رێگە دەدرێت ئەو مریشکە بچێتە ناوچەکانی عێراق.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كە هێنانی مریشکی زیندووی بە قاچاخ لە دەرەوەی وڵات هیچ بنەمایەکی نییە، بگره‌ تاكه ‌ئامانجی حكوومه‌تی عێراق له‌و بڕیاره‌ی لێدانه‌ له‌ژێرخانی ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێم.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.