Erbil 22°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 15:21

هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌دى شێخاڵى (1929 سه‌قز _ 6/12/2005 به‌غدا)

له ‌سلێمانى بمنێژن.. به‌داخه‌وه‌ وه‌سيه‌ته‌كه‌ى نه‌هاته‌دى....؟!
کوردستان TV
100%

جه‌مالى ده‌لاك

يه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ند و كه‌سايه‌تیيانه‌ى كه‌ له‌مێژووى ڕاديۆى كوردى به‌غدا بۆ ماوه‌ى چه‌ند ساڵيك بوونى هه‌بووه‌، له‌بوارى چڕينى گۆرانى و كۆرسى هونه‌رمه‌ندان و ژه‌نينى ئامێرى ئيقاع، سه‌ره‌ڕاى ئه‌و كارانه‌ كارى وێنه‌گرى فۆتۆگرافه‌ریشي ئه‌نجامداوه‌ و بژێوى ژيانى پێ دابينكردووه‌.

هه‌ركاتێك كه‌باسى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى هونه‌رمه‌ند و بيلمه‌تى نه‌مر حه‌سه‌ن زيره‌ك له‌ ساڵى 1956 له‌ شارى سلێمانى ده‌كه‌ين، له‌ته‌ك ناو و ناسناو و هونه‌ره‌به‌رزه‌كه‌ى زيره‌كى نه‌مر ئه‌حمه‌دى شێخاڵى بوونى هه‌يه ‌و هاورێ و دۆستێكى نزيك و دێرينى هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زيره‌ك بووه‌ .

ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌شى زيره‌كى نه‌مر له‌ ڕاديۆى كوردى به‌غدا له‌ڕێی ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌يه‌وه‌ هه‌موو گوێگران و بيسه‌رانى ڕاديۆى كوردى به‌غدا سه‌رسام ده‌كرد، ئه‌حمه‌دى شێخاڵى وه‌ك هاوڕێ و كۆرسى گۆرانييه‌كانى زيره‌ك بووه‌.

له‌مێژبوو مه‌به‌ستم بوو لاپه‌ڕه‌كانى ژيانى ئه‌حمه‌دى شێخاڵى هه‌ڵبده‌مه‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ سه‌رچاوه‌يه‌كى ورد و دروستم ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت، دواى گه‌ڕان و سۆراخكردن به‌هۆى هه‌ردوو براى ئازيز جه‌ميل ئه‌حمه‌د خورشه‌و بورهانى ئه‌حمه‌د شه‌شۆیی ڕێنيشانده‌رم بوون تا گه‌يشتمه‌ خزمه‌تى كاك فوئاد كوڕى هونه‌رمه‌ندى كۆچكردوو، به‌خۆشحاڵييه‌وه‌ ڕێكه‌وتى 2/1/2021 له‌ گه‌ڕه‌كى شه‌هيدانى سه‌رچنار له ‌دوكانه‌كەی به‌خزمه‌تى گه‌يشتم، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ڕؤژێك پێشتر دايكى به‌ڕێزييان له‌به‌ر ناجێگيرى بارى ته‌ندروستى و بۆ مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردن ڕه‌وانه‌ى به‌غدا كرابوو، له‌به‌رئه‌وه‌ى ماوه‌ى نيو سه‌ده‌ له‌به‌غدا ژياون و تێكه‌ڵاو به‌و كه‌لتوورى ئه‌وێ بوون و هه‌روه‌ها ماڵى كوڕ و كچه‌كانى له‌به‌غدان و له‌وێ ده‌ژين.

ده‌با پێكه‌وه‌ بزانين ئه‌حمه‌دى شێخاڵى كێيه‌ و له‌كوێوه‌ هه‌نگاوى هه‌ڵگرتووه‌ بۆ ڕاديۆى كوردى به‌غدا....؟

ئه‌حمه‌د ميرزا كه‌ريم ناسراو به‌ (ئه‌حمه‌د شێخاڵى) له‌ ساڵى 1929 له‌ شارى سه‌قزى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان به‌دنيا هاتووه‌.

له‌ كاك فوئادم پرسی،،، ئه‌حمه‌د شێخ خاليده‌ بۆته‌ ئه‌حمه‌دی شێخاڵى؟

له‌وه‌ڵامدا گوتى: نه‌خێر، له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان هه‌موو خانه‌واده ‌و بنه‌ماڵه‌يه‌ك ناسناو و له‌قه‌بێكيان هه‌يه‌، بنه‌ماڵه‌ى باوكم به‌ (شێخاڵى) به‌ناوبانگن .

له ‌ساڵى 1953 واته‌ له‌ ته‌مه‌نى 24) ساڵيدا، ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ برايه‌كى به‌ناوى محه‌مه‌د پێكه‌وه‌ بۆ مه‌به‌ستى ده‌ستكه‌وتنى كار و دابينكردنى بژێوى ژيان، ڕوو ده‌كه‌نه‌ باشوورى كوردستان و ماوه‌يه‌ك له ‌شارى سلێمانى نيشته‌جێ ده‌بن.

له‌ هه‌مان ساڵ واته‌ 1953 هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌دی شێخاڵى ڕوو ده‌كاته‌ شارى به‌غدا و به‌دواى كاردا ده‌گه‌ڕێت.

له‌ ڕاديۆى كوردى به‌غدا ده‌ست به‌كارده‌بێت به‌شێوه‌ى گرێبه‌ست هه‌فتانه‌ى به‌ 750 فلس، تا دووساڵ به‌وشێوه‌يه‌ كار ده‌كات و كرێی هه‌فتانه‌كه‌ى ده‌بێت به‌ دينارێك و 500 فلس .

درك به‌ده‌نگخۆشی ئه‌حمه‌دى شێخاڵى ده‌كرێت، ڕاديۆى كوردى به‌غدا له ‌ساڵى 1954 ده‌سه‌ته‌ى كۆرسى به‌شى كوردى داده‌مه‌زرێنێت، كه‌پێكهاتوون له‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ (خه‌ليل عه‌بدوڵڵا، قادرئه‌حمه‌د، جه‌لال كۆچه‌، جه‌مال جه‌لال، خوداداد عه‌لى و ئه‌حمه‌دی شێخاڵى) كارى ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ سه‌ندنه‌وه‌ى سه‌ربه‌ندى گۆرانی، گۆرانيبێژانه‌ له‌كاتى چڕينى گۆرانييه‌كه‌دا.

هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌دی شێخاڵى دواى ئه‌وه‌ى له‌ڕاديۆ چاوى ده‌كرێته‌وه‌ و ئاشنا ده‌بێت به‌ كه‌لتوور و فه‌رهه‌نگى به‌غدا و هاورێ و ئازيزانى زۆر ده‌بن، له‌پاڵ ئه‌و كاره‌ى كه ‌له‌ڕاديۆ ئه‌نجامى ده‌دات، پاش ته‌واوبوونى كاره‌كه‌ى له‌ڕاديۆ، ده‌بێته‌ وێنه‌گر و كارى وێنه‌گرتن ئه‌نجام ده‌دات له‌ وێنه‌گرى (كه‌واكب) له‌ ناوچه‌ى (فضل)ى به‌غدا.

له ‌كاك فوئادم پرسی سه‌باره‌ت به ‌په‌يوه‌ندى نێوان باوكى و هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زيره‌ك، ئايا چۆن و كه‌ی يه‌كتريان ناسيوه ‌و په‌يوه‌ندييان چۆن بووه‌....؟
له‌وه‌ڵامدا گوتى: له‌به‌رئه‌وه‌ى باوكم له‌دايكبووى شارى سه‌قزه‌ و هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زيره‌كيش خه‌ڵكى بۆكانه‌، حه‌سه‌ن زيره‌ك به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام گه‌ڕاوه ‌و سه‌ردانى شارى سه‌قزى كردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ حه‌سه‌ن زيره‌ك ماوه‌ى ساڵ له ‌باوكم به‌ته‌مه‌نتر بووه‌، له‌سه‌قزه‌وه‌ په‌يوه‌ندى و هاوڕێيه‌تيان دروستكردووه‌، به‌داخه‌وه‌ ماوه‌يه‌ك لێك دابڕاوون، دواتر له ‌ساڵى 1955 هونه‌رى گۆرانيبێژى له‌ڕاديۆى كوردى به‌غدا به‌يه‌كترى ئاشناكردوونه‌ته‌وه‌، په‌يوه‌ندييه‌كى برايانه‌ و دۆستانه‌يان هه‌بووه تا ئه‌و كاته‌ى كه‌ حه‌سه‌ن زيره‌ك ده‌ڕواته‌وه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان، بيرمه‌ زۆرجار باوكم باسى ئه‌و بيره‌وه‌رييه‌ خۆشانه‌ى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زيره‌ك بۆ ده‌كردين كه‌ پێكه‌وه‌ به‌سه‌ريان بردووه‌.

له ‌مانگى (8ی ساڵی 1956) حكوومه‌تى ئه‌وساى عێراقى له‌ شارى سلێمانى پێشانگه‌ى پيشه‌سازى ده‌كاته‌وه‌، تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى به‌ سه‌رپه‌رشتى هونه‌رمه‌ند قادر ديلان له‌ هۆڵى ئاماده‌ی سلێمانى له‌ ڕێكه‌وتى 20/8/1956 ئاهه‌نگێك ساز ده‌كه‌ن به‌ به‌شدارى ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ (شه‌ماڵ سائیب، برایم محه‌مه‌د، قادرى حاجی حسێن، حه‌مه‌ی به‌كر، كه‌ریم كابان و حه‌سه‌ن زیره‌ك) له‌و گه‌شته‌يدا ئه‌حمه‌د شێخاڵى هاوسه‌فه‌رى هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زيره‌ك بووه‌، وێنه‌گرى كۆچكردوو (ڕه‌فيق) وێنه‌ى ئه‌و ئاهه‌نگه‌ى گرتووه ‌و وه‌ك دۆكۆمێنت بوونيان هه‌يه‌،
دواى شۆرشى 14 ى ته‌مموزى 1958 ئه‌حمه‌دى شێخاڵى و هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانى، به‌بڕيارى ميرى به‌شێوه‌ى فه‌رمى له‌ڕاديۆى كوردى داده‌مه‌زرێن .

هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌دی شێخاڵى دواى به‌سه‌ربردنى ماوه‌ى 7 ساڵ له ‌شارى به‌غدا و هێشتا هه‌ر ڕه‌به‌نه‌ و هاوسه‌رى نييه‌، له‌ ساڵى 1960 ده‌گه‌ڕيته‌وه‌ بۆ شارى سلێمانى، براده‌رێكى هه‌بووه‌ به‌ناوى حه‌سه‌ن كه‌ريم مه‌حموود ناسراو به‌ (حه‌سه‌نه‌ سوور) له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌ويش خه‌ڵكى شارى سه‌قز بوون و له ‌شارى سلێمانى نيشته‌جێ بوون، له ‌مانگى 7ى 1960 ئه‌حمه‌دی شێخاڵى هاوسه‌رگيرى له‌گه‌ڵ خوشكى حه‌سه‌نه‌ سوور به‌ناوى (زوبێده‌ كه‌ريم مه‌حموود) له‌دايكبووى 1939ى سه‌قز ده‌كات، دواى ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى هاوسه‌رگيرى پێكه‌وه‌ ده‌چنه‌وه‌ بۆ شارى به‌غدا و درێژه‌ به‌ژيانى ئاسایی خۆيان ده‌ده‌ن، به‌روبوومى ئه‌و هاوسه‌رگيرييه‌ 4 كوڕ و 3 كچه‌.

نووسه‌ر و بێژه‌ر و پێشكه‌شكار كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د ده‌ڵێت :

ئه‌حمه‌دی شێخاڵى چه‌ند سترانێكى خۆش و فره‌ جوانى هه‌يه‌ به‌تايبه‌ت له ‌سترانى فۆلكلۆری)  (2).

له‌وباره‌يه‌وه‌ له‌ كاك فوئاد كوڕى هونه‌رمه‌ندم پرسی سه‌باره‌ت به‌ به‌رهه‌مه‌ تۆماركراوه‌كانى، پێی ڕاگه‌ياندم كە به‌داخه‌وه‌ هه‌مووى له‌ ئه‌رشيفى ڕاديۆى كوردى به‌غدان، به‌ڵام باوكم كۆمه‌ڵيك گۆرانى له‌ڕاديۆى كوردى به‌غدا تۆماركردووه‌، هه‌ندێكى فۆلكلۆرن و هه‌ندێكيشيان له ‌ئاواز و هۆنراوه‌ى خۆيه‌تى، يه‌كه‌مين گۆرانی كه‌ له‌ ئاواز و هۆنراوه‌ى خۆی بووه‌ به‌ناوى (باخچه‌ى دڵدارى) له ‌ساڵى 1956 خوێندوويه‌تى .

هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شێخاڵى كه‌سايه‌تيیه‌كى ده‌م به‌خه‌نده ‌و ڕووخۆش و قسه‌خۆش بووه‌، باوك و هاوڕێيه‌كى نزيك و دڵسۆزی خانه‌واده‌ و منداڵه‌كانى بووه‌، كه‌سێكى ساده ‌و هه‌ميشه‌ حه‌زى به‌تێكه‌ڵاوى و په‌يوه‌ندى دۆستانه بووه‌، هاوڕێی نزيكى هونه‌رمه‌ندان بووه‌، ئه‌و كات كه ‌له‌ ڕاديۆ پێكه‌وه‌ خزمه‌تيان به‌ هونه‌رى موزيك و گۆرانى كوردى كردووه‌، هونه‌رمه‌ندان (حه‌سه‌ن زيره‌ك، ڕه‌سوول گه‌ردى، عه‌لى مه‌ردان، محه‌مه‌د عارف جزيرى، حه‌سه‌نى جزيرى، شه‌ماڵ سائيب، جه‌لال كۆچه‌ر، خه‌ليل عه‌بدوڵڵا، قادر ئه‌حمه‌د، تايه‌ر تۆفيق، نه‌سرين شيروان، گوڵبه‌هار و محه‌مه‌د قه‌درى).

له‌ ڕاديۆى كوردى به‌غدا به‌رده‌وام ده‌بێت و ته‌مه‌نيشى هه‌ڵده‌كشێ تا ساڵى 1986 خانه‌نشين ده‌بێت، خۆى سه‌رقاڵى كارى وێنه‌گرتنه‌كه‌ى ده‌كات.

ئه‌حمه‌دى شێخاڵى دواى به‌سه‌ربه‌ردنى نيو سه‌ده‌ له‌ شارى به‌غدا، له‌نێو دنياى هونه‌ر و ئاوازى كوردى و خزمه‌تكردن به‌ڕاديۆى كوردى، هه‌ر كات ده‌رفه‌تى بۆ ڕه‌خسابێـت به‌سه‌ردان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ شارى سلێمانى و ڕۆحى دووره‌ وڵاتى و دوور له‌ زێده‌كه‌ى و ژيانى غوربه‌تى له‌ شارى سلێمانيدا ئاوداوه‌ و سلێمانى ته‌سكينى ڕۆحى بووه‌، سۆز و عه‌شقێكى بێ وێنه‌ى بۆ شارى سلێمانى هه‌بووه‌، له ‌دوا ساڵه‌كانى ژيانيدا به ‌هاوسه‌ر و منداڵه‌كانى گوتووه‌، وه‌سيیه‌ت بێ ئه‌گه‌ر مردم تكا ده‌كه‌م ته‌رمه‌كه‌م به‌رنه‌وه‌ سلێمانى و له‌ گردى سه‌يوان ته‌سليم به‌خاكى پيرۆزى كوردستانم بكه‌ن.

به‌داخه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌دى شێخاڵى له‌ ڕێكه‌وتى 6/12/2005 له ‌بارودۆخێكى دژووارى به‌غدا و شه‌ڕ و ململانێى تائيفى گيان ده‌سپێرێت و بۆ هه‌ميشه‌ ئۆغر ده‌كات و ماڵئاوایی له ‌ڕاديۆ و هاوڕێ و ئازيزان و هونه‌رمه‌ندان و هاوسه‌ر و منداڵه‌كانى ده‌كات.

له‌دوا وته‌ى كاك فوئاد به‌دڵێكى خه‌مناكه‌وه‌ گوتى: بۆ ئێمه‌ جێى داخه‌وه‌ له‌و بارودۆخه‌ پڕ مه‌ترسی و شه‌ڕ و خوێناوييه‌ى به‌غدا نه‌مانتوانى وه‌سيیه‌ته‌كه‌ى باوكمان به‌جێ بهێنين و ته‌رمه‌كه‌ى بهێنينه‌وه‌ شارى سلێمانى لێره‌ بينێژين، ناچار له‌ گۆڕستانى (محه‌مه‌د سه‌كران) ناشتوومانه‌ و گڵكۆكه‌ى له‌وێ ماوه‌.

چه‌پكه‌گوڵى خۆشه‌ويستى ڕێز بۆ سه‌ر گڵكۆى هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌دى شێخاڵى و ڕۆحى شاد و يادى هه‌ميشه‌ به‌رزو به‌خێر بێت.

جه‌مالى ده‌لاك 21/1/2021

سه‌رچاوه‌: ديدارم له‌گه‌ڵ فوئاد ئه‌حمه‌د، كوڕى هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌دى شێخاڵى له‌ 2/1/2021

(1 و 2) كتێبى مێژووى ڕاديۆى كوردى به‌غدا.. كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د 1939 _ 1958،،، به‌رگى يه‌كه‌م/ جزمى يه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌ 399

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.