بڕیارە سبەی سێشەممە لە بەغدا، لەنێوان ئەنجوومەنی وەزیران و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەیەكی گرینگ لەبارەی كێشەكانی مووچە و بودجە و پارەی پڕۆژەكان چەند بابەتێكی دیكە ئەنجام بدرێت.
د. خەلیل غازی دۆسكی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی رایگەیاند: سبەی سێشەممە لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران لە بەغدا، لیژنەی دارایی پەرلەمان كۆبوونەوەیەكی گرینگ لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران عێراق ساز دەكات.
راشیگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرانی دارایی و پلاندانان و نەوت و پارێزگاری بانكی ناوەندی و چەند وەزیرێكی دیكەی پەیوەنداریش ئامادە دەبن.
هەروەها رایگەیاند: ئامانجی سەرەكی لە ئەنجامدانی كۆبوونەوەكەی سبەی سێشەممە، تاوتوێكردنی چەندین بابەتی پەیوەندارە بە رەوشی ئابووری و دارایی و ژیان و گوزەرانی خەڵكی عێراق بە گشتییە.
د. خەلیل غازی دۆسكی گوتیشی: هەر لە كۆبوونەوەكەی سبەی سێشەممە، گەنگەشەی كێشەكانی پارەداركردنی پارێزگاكان، بودجە، پارەی پڕۆژە و مووچە و نەبوونی سیوولە و دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار و جێبەجێكردنی خاڵەكانی بودجە بەشێوەیەكی گشتی لە سەرانسەری عێراق دەكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.