سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە تەرمی ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس گەیشتەوە قەتەڕ و بڕیارە سبەی هەینی لە ڕێوڕەسمێكی جەماوەریدا بە خاك بسپێردرێ.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە تەرمی هەنییە بە رێوڕەسمێكی جەماوەری لە تارانی پایتەختی ئێران رەوانەی قەتەڕ كرابوو.
كەمێك پێش ئێستاش لە رێگەی فڕۆكەوە تەرمەكە گەیشتەوە دۆحەی پایتەختی قەتەڕ.
بزووتنەوەی حەماس پێشتر رایگەیاندبوو، سبەی هەینی لە ڕێوڕەسمێكی جەماوەری فراواندا تەرمی ئیسماعیل هەنییە لە دۆحە بە خاك دەسپێردرێ.
ڕێوڕەسمە جەماوەرییەكە دوای ئەنجامدانی نوێژی هەینی بەڕێوە دەچێت و دواتریش لە گۆڕستانی لۆسێل، تەرمی ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس بە خاك دەسپێردرێت.
بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەممە لە رێگەی مووشەكێكەوە لە شوێنی مانەوەی لە تارانی پایتەختی ئێران، ئیسماعیل هەنییە و یەكێك لە پاسەوانە تایبەتەكانی كرانە ئامانج و كوژران.
هەنییە بە مەبەستی بەشداریكردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەكاربوونی مەسعوود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران، سەردانی تارانی كردبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.