رۆژنامەیەكی ئەمەریكی پێشبینی كردووە دۆخی ئەمنیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزتر بێت، دوای فەرمانی رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران بە هێرشكردنە سەر ئیسڕائیل.
رۆژنامەی (نیۆیۆڕك) تایمز لە رێگەی چەند بەرپرسێكی باڵای ئێرانییەوە گواستییەوە: عەلی خامنەیی رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران فەرمانی بە سوپای وڵاتەكەی كردووە هێرشی راستەوخۆ بكەنە سەر ئیسڕائیل لە تۆڵەی كوشتنی ئیسماعیل هەنییە.
هەروەها بڵاوی كردەوە: فەرماندە باڵاكانی سەربازیی ئێران ئێستا خەریكی تاوتوێكردنی پلانەكانن بۆ ئەوەی هێرشێكی جەرگبڕ لە ئیسڕائیل بدەن.
بڵاویشی كردەوە: هێرشەكانی ئێران راستەوخۆ بۆ شارەكانی تەلئەبیب و حەیفای لەناوجەرگەی ئیسڕائیل دەبێت.
رۆژنامە ئەمەریكییەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە رەنگە هێرشەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ گرووپەكانی سەر بە ئێران لە عێراق و سووریا و یەمەنیش ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی كاریگەرییەكەی گەورە و بەهێزتر بێت.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە هێرشێكدا لە تارانی پایتەختی ئێران، ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی بزووتنەوەی حەماس كوژرا.
ئیسماعیل هەنییە بە مەبەستی بەشداریكردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەكاربوونی مەسعوود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران، گەیشتبووە تاران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.