بەهۆی ئاڵۆزبوونی دۆخی لوبنان و ئەگەری دروستبوونی شەڕ لەنێوان ئیسڕائیل و حزبوڵا، زۆرێك لە باڵیۆزخانەكانی جیهان داوایان لە هاووڵاتییانیان كردووە بە خێرایی و بەپەلە ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە راگەیەنراوێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس ئامۆژگاری هاووڵاتییانی كرد بە زووترین كات و بەخێرایی خاكی لوبنان جێبهێڵن.
رینا پیتەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری باڵیۆزخانەكان رایگەیاند: داوا لە هاووڵاتییانی ئەمەریكی دەكەین بە خێرایی لوبنان جێبهێڵن، ئەوانەشی ئێستا لەو وڵاتەن بۆ سەلامەتی خۆیان هەوڵی گەڕانەوە بدەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاش داوای لە هاووڵاتییانی كرد بۆ ئەوەی سەلامەت بن و تووشی كێشە و گرفت نەبنەوە لە كاتی ئاڵۆزتربوونی دۆخەكە، بەپەلە خاكی لوبنان جێبهێڵن.
لای خۆیەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا ئامۆژگاری هاووڵاتییانی كرد سەردانی سەرجەم وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەكەن بەتایبەتیش لوبنان و ئێران، بۆ ئەوەی بە دووربن لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراو ئەگەر لە ناوچەكە روو بدات.
دوێنێ یەكشەممە لە هێرشێكی هاژەكیدا بۆ سەر یاریگەیەكی وەرزشی لە ناوچەی مەجدال شەمس لە بەرزاییەكانی جۆلان، 12 كوڕ و كچی گەنجی ئیسڕائیلی كوژران و زیاتر لە 30ی دیكەش بریندار بوون.
میدیاكانی ئیسڕائیل بڵاویان كردەوە كە هاژەكەكان لە وڵاتی لوبنانەوە ئاراستەكراون و بەڵگەش هەیە كە لەلایەن حزبوڵاوە ئاراستەی جۆلان كراون، لەبەرامبەریشدا حزبوڵا بەردەوام رەتی دەكاتەوە ئەوان دەستیان لە ئەنجامدانی هێرشەكەدا هەبووبێت.
حكوومەتی ئیسڕائیل بەڵێنی داوە لە بەرامبەر ئەو هێرشەدا وەڵامێكی خێرا و توندی حزبوڵا بداتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.