جه‌مالی ده‌لاك ...
له سه‌ره‌تای سه‌ده بیسته‌وه تا سه‌ره‌تای په‌نجاكانی سه‌ده‌ی پێشوو، هۆكاره‌كانی ڕاگه‌یاندنی بیسراو و بینراو وه‌ك ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن له ته‌واوی كوردستاندا نه‌بووه، خه‌ڵكی ئاوایی و گونده‌كان له هه‌موو ده‌ڤه‌ره جوانه‌كانی كوردستان، ڕۆژانه سه‌رقاڵی كار و فه‌رمانه‌كانیان بوون له مه‌زرا و كێڵگه‌كاندا، شه‌وانه‌ش له كاتی پشوودا و له دیوه‌خانه‌كانیان ماڵی به‌گ و ئاغا و كوێخای گوند كۆبوونه‌ته‌وه و جیا له یارییه فۆلكلۆرییه‌كان و شه‌وچه‌ره، ئه‌وانه‌ی به‌هره‌ی ده‌نگخۆشییان هه‌بووه، به ستران و مه‌قام و لاوك و حه‌یران و هۆره و سیاچه‌مانه، به ده‌نگه خۆشه‌كانیان ئاماده‌بووانیان سه‌رمه‌ست و سه‌رسام كردووه، ژینگه و سروشتی جوانی كوردستان و چیرۆك و داستانانه ئه‌وینداری و جوامێرییهكان هه‌میشه پاڵنه‌رێكی به‌هێز بووه بۆ جۆشدانی هه‌ستی ئه‌و به‌هره‌مه‌نده ده‌نگخۆشانه تا له ڕێی ده‌نگیانه‌وه به‌شێوازێكی خۆش و به‌سۆز بیده‌ن به‌گوێی خه‌ڵكی ئاوایی، یه‌كێك له‌و ده‌ڤه‌رانه كه به‌سروشته جوان و دڵفڕین و زهنوێرهكانی كوردستان ناسراوه و خاوه‌نی چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆشه ئه‌ویش ده‌ڤه‌ری ئامێدییه.
یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه له‌ژێر كاریگه‌ری سروشته پاك و بێگه‌رد و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌ره په‌روه‌رده بووه و گه‌شه‌ی كرد تا گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ی مه‌دالیای (باڵوێزی سترانی كوردی) بكرێته گه‌ردنی ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند (عیسی به‌رواری)یه.
له ژینگه و ئاو و هه‌وای خاكی باب و باپیرییه‌وه بێته دنیاوه و گه‌شه بكات و گه‌وره‌بێت له‌ته‌ك ژیانی لادێ و سروشتی جوان و كاری كشتوكاڵی و به‌خێوكردنی مه‌ڕ و ماڵاته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌هه‌شته جوانه سروشته‌ی په‌روه‌ردگار پێی به‌خشیون، نه‌ش و نما بكات و هه‌میشه گوێی ئاودرابێت به ده‌نگی خۆشی سترانبێژ و لاوكبێژانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی. ئه‌م كاریگه‌رییانه هه‌موویان ڕه‌نگدانه‌وه‌یان له‌سه‌ر سروشتی كه‌سایه‌تی هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواریدا هه‌بووه.
هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری سترانبێژ و لاوكبێژی ده‌ڤه‌ری ئامێدی و هه‌موو كوردستان، كێوماڵێك به قۆناغه‌كانی ژیانی كه‌سایه‌تی و هونه‌ریدا بكه‌ین...
هونه‌رمه‌ند ناوی ته‌واوی (عیسی حوسێن یوونس ئه‌حمه‌د به‌رواری)یه، نازناوی (به‌رواری) ئه‌و ناوه شیرین و جوانه‌ی كردۆته پاشناوی هونه‌ری به عیسی به‌رواری ناسراوه.
له‌ساڵی 1933 له گوندی (گاراڤا)ی سه‌ر به (به‌رواری ژێری)ی شارۆچكه‌ی (ئامێدی) له خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژاری هونه‌ر و ئه‌ده‌ب دۆست هاتۆته دنیاوه، هێشتا هونه‌رمه‌ند منداڵێكه و تازه چاوی به دنیا هه‌ڵهێناوه، كه باوكی به‌هۆی هه‌ركێشه‌یه‌ك و بارودۆخێكه‌وه له‌و سه‌رده‌مه‌دا بۆی هاتۆته پێش، بنه‌و بارگه‌ی ده‌پێچێته‌وه و گونده‌كه‌یان به‌جێدێڵێ و به‌خۆیی و ماڵباتهكهیهوه له شاری مووسڵ له گه‌ڕه‌كی شار سوق نیشته‌جێ ده‌بن، هونه‌رمه‌ند له ساڵی 1939 ده‌خرێته به‌رخوێندن و پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی له قوتابخانه‌ی (الفلاح) له ساڵی 1945 له مووسڵ ته‌واو ده‌كات.
هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری ئه‌و به‌هره‌ی ده‌نگخۆشی و خولیای ستران و لاوك چڕینی له‌كوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه و ده‌بێت كێ هانده‌ری بووبێت ..؟
هونه‌رمه‌ند بۆمان باس ده‌كات و ده‌ڵێت:
له منداڵییه‌وه حه‌ز و خۆشی و كه‌یفم چۆته ستران، ده‌چوومه داوه‌ت و گوێم هه‌ڵده‌خست بۆ ئه‌و سترانانه‌ی له دیوه‌خانه‌كان به‌ده‌نگی سترانبێژان ده‌خوێندران و له‌به‌رم ده‌كرد و دواتر بۆ هه‌ڤاڵه‌كانم ده‌گوت) (1).
محه‌مه‌د یوونس ئه‌حمه‌د به‌رواری مامی هونه‌رمه‌ند، كه‌سایه‌تییه‌كی ڕۆشنبیر و شاعیری ده‌ڤه‌ری بادینان بووه، برازاكه‌ی زۆر خۆشویستووه و له بۆنه و یاد و جه‌ژنه‌كاندا هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری له‌گه‌ڵ خۆیدا بردووه و گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ نێو سروشته جوان و سازگار و لێوان لێو له هونه‌ری ستران و لاوك ده‌ڤه‌ری ئامێدی و گونده‌كه‌یان، له هه‌مانكاتیشدا هه‌ستی به‌توانای به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی برازاكه‌ی كردووه، مامی په‌یوه‌ندییه‌كی فراوانی هه‌بووه له‌گه‌ڵ ئه‌دیبان و شاعیران و هونه‌رمه‌ندان به‌گشتی و به‌تایبه‌ت هونه‌رمه‌ندی لاوك و سترانبێژی ده‌نگخۆش (سه‌عید ئاغای جزیری، 1910_1957)، له‌ڕێی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌وه له ساڵی 1947 هونه‌رمه‌ند سه‌عید ئاغای جزیری له‌گه‌ڵ مامی هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری، سه‌ردانی ماڵی باوكی هونه‌رمه‌ند ده‌كات، له‌و سه‌ردانه‌دا مامی به هونه‌رمه‌ند سه‌عید ئاغا ده‌ڵێ ئه‌و برازایه‌م عیسی ده‌نگی گه‌له‌ك خۆشه..! سه‌عید ئاغا ڕوو ده‌كاته هونه‌رمه‌ند و پێی ده‌ڵێ كا سترانه‌كێ بێژه..!، هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری باسی ئه‌و چركه ساته ده‌كات كه ڕوویان لێناوه ستران بخوێنێ: كه من سترانهكهم گۆت، سه‌عدی ئاغا ده‌ستی له‌پشتم دا و لێم ڕازی بوو، پێشنبینی ئه‌وه‌ی كرد كه ده‌بمه سترانبێژ، پاش ئه‌وه‌ی ده‌ستم به‌ستران و لاوك گوتن كرد، له‌گه‌ڵ سه‌عید ئاغا و (مه‌ریه‌م خان، 1904 دێرگول _ 1949 به‌غداد) ده‌چوومه چایخانه‌ی بابان له‌وێ سه‌عید ئاغا و مه‌ریه‌م خان سترانیان ده‌گوت، له‌وێوه و چاوی من كرایه‌وه و ئاشنا بووم به ڕێگای هونه‌ر بۆ خوێندنی سترانی كوردی و بوومه گۆرانیبێژ) (2).
لێره‌وه هه‌نگاوه‌كانی بۆ دنیای هونه‌ری ستران و لاوك و موزیكی كوردی ھه‌ڵده‌گرێت، به‌په‌رۆشییه‌وه له كۆتاییه‌كانی ساڵی 1950 ڕوو ده‌كاته به‌غدا، بۆ مه‌به‌ستی تۆماركردنی گۆرانی له‌ڕادیۆ، هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری، له‌ڕێكه‌وتی 2/12/1950 یه‌كه‌م گۆرانی خۆی به‌ناوی (مهدینایێ) تۆمار ده‌كات، به‌ڵام به‌ناوێكی دیكه‌وه له ترسی باوكی نه‌یوێراوه ناوی خۆی ئاشكرا بكات، دوای تۆماركردنی ئه‌و گۆرانییه ده‌گه‌ڕێته‌وه شاری مووسڵ.
له ساڵی 1952 وه‌ك فه‌رمانبه‌ر له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌وار، مۆزه‌خانه‌ی مووسڵ داده‌مه‌زرێت، له‌گه‌ڵ كاری فه‌رمانبه‌ریدا لایه‌نی هونه‌ریشی فه‌رامۆش نه‌كردووه.
له نزیك مۆزه‌خانه چایخانه‌یه‌ك ده‌بێت به‌ناوی چایخانه‌ی (قادر به‌رواری)، ڕۆژانه هونه‌رمه‌ند سه‌ردانی ئه‌و چایخانه‌یه ده‌كات، له‌و ڕێگه‌یه‌وه به‌دیداری هونه‌رمه‌ندی گه‌وره (محه‌مه‌د عارف جزیری 1912_17/12/1986) شاد ده‌بێت و پێوه‌ندییان دروست ده‌بێـت، كاتێك هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزیری ده‌زانێ كه ستران و لاوكبێژه، زۆر به ده‌نگی سه‌رسام ده‌بێت و پاڵپشت و هانی ده‌دا كه به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر ئه‌و ڕێبازه هونه‌رییه.
هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری ئه‌وه‌نده عه‌شق و خولیای بۆ لاوك و سترانی كوردی بووه، ئه‌م ده‌نگه چیاییه، گه‌رووه پاراو و ڕه‌سه‌نه كوردییه عاشقی سروشت و جوانییه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی بووه و په‌روه‌ردگار ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ی به‌خشیووه تا فۆلكلۆر و چیرۆك و داستانه ئه‌وینداری و قاره‌مانێتی وڵاتی كوردان زیندوو بكاته‌وه و له فه‌وتاندن ڕزگارییان بكات، هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری ئه‌ویش سه‌رسام بووه به‌ده‌نگی خۆش و ته‌مبوور ژه‌نینه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزیری، چونكه خۆی ته‌نها ستران و لاوكی خوێندووه‌و شاره‌زایی له ژه‌نینی ئامێره‌كانی مۆسیقادا نه‌بووه.
كه‌ریم كوڕه گه‌وره‌ی هونه‌رمه‌ند له‌دیدارێكدا ده‌ڵێت: زیاتر له په‌نجا سترانی هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری، هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزیری، ته‌مبووری بۆ ژه‌نیوه، دواتر پێی گوتووه: ده‌بێـت خۆت فێره ژه‌نینی ئامێری ته‌مبوور بكه‌یت، هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزیری زۆر هانی داوه و هاوكاری بووه، تا فێری ژه‌نینی ته‌مبوور بووه. (3).
دوای ئه‌وه‌ی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند پێكه‌وه ڕێبوارێكی دڵسۆزی ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌رن و به‌عه‌شقێكی پاكه‌وه خزمه‌ت به‌هونه‌ری ستران و لاوك و موزیكی كوردی ده‌كه‌ن، هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند دوو قه‌وان، لهلاوك و ستران تۆمار ده‌كه‌ن له كۆمپانیای (بهشیرفۆن) له شاری به‌غدا.
هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری ئه‌و گه‌نجه شۆخ و شه‌نگ و شیكپۆشه پۆشاكه كوردییه‌ی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی خۆی، له ته‌مه‌نی 24 ساڵیدا، واته ساڵی 1957 له‌گه‌ڵ كچه خاڵی خۆی ژیانی هاوسه‌رگیری پێك دێنێت و ده‌بنه خاوه‌نی 11 منداڵ، دوو كوڕ به ناوه‌كانی كه‌ریم و حوسێن و 9 كیژ.
هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و ده‌نگ زوڵاڵ، له هه‌ر كۆڕ و كۆبوونه و یاد و بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، به خۆیی و تهمبوورهكهیهوه ئاماده‌بووه و به‌رده‌وام به‌و پۆشاكه كوردییه ڕه‌سه‌نه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی وڵات چۆته سه‌ر شانۆ و ستران و لاوكه فۆلكلۆرییه‌كانی خوێندووه، هه‌ر كاتێك گوێبیستی ده‌نگ و ستران و لاوكه‌كانی هونه‌رمه‌ند ده‌بێت، وا دێته به‌ر گوێمان كه گرووپێكی مۆسیقی ته‌واوی له‌گه‌ڵدایه، به‌ڵام هه‌رخۆی و تهمبوورهكهیهتی ئه‌گه‌ر جارجاره ئامێرێكی ئیقاعی له‌گه‌ڵدا بووبێت، ئه‌وه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ كه چه‌ند به تامه‌زرۆییه‌وه ڕوو چۆته نێو هه‌ست و سۆزی چڕینی لاوك و ستران و په‌نجه‌كانی له‌گه‌ڵ ژێكانی تهمبوورهكهی ئاوێته بوون.
دوای ده‌رچوونی به‌یاننامه‌ی یانزه‌ی ئاداری ساڵی 1970، كه‌شوهه‌وایه‌كی له‌بار هاتۆته پێش و ئازادی بۆ هونه‌رمه‌ندان و ئه‌دیبان و ڕۆشنبیران زیاتر ڕه‌خساوه، به‌و بۆنه پیرۆزه‌وه له شار و شارۆچكه‌كان ئاهه‌نگ و شایی و هه‌ڵپه‌ڕكێ ساز ده‌كران، هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری به‌ده‌نگ و تهمبوورهكهی خۆشی و شادی به‌خشیوه به ئاهه‌نگێڕان، به‌و بۆنه‌یه‌وه هونه‌رمه‌ندانی كورد و عه‌ره‌ب له ڕادیۆی كوردی به‌غداوه گه‌شتێكی هونه‌ری بۆ شاره‌كان ده‌ست پێ ده‌كه‌ن، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر (باكووری) سه‌باره‌ت به‌و گه‌شته‌ی هونه‌رمه‌ندان نوسیویه‌تی: شه‌وی یه‌كه‌م 15ی نیسان له سینه‌ما ئه‌تڵه‌س، شه‌وی دووه‌م 16ی نیسان له یاریگای كه‌ركووك ئاهه‌نگ ساز كرا، رۆژی سێه‌م 17ی نیسان هه‌موو هونه‌رمه‌ندان به‌ڕێ كه‌وتین به‌ره‌و شاری سلێمانی، به‌هارێك بوو قه‌ت وا خۆش و به‌به‌ره‌كه‌ت و به گیا و گۆڵ نه‌بوو، سێ پاسی گه‌وره پڕبوون، ئه‌وانه‌ی له‌به‌غداوه هاتبوون، مائده نه‌زهه‌ت، عه‌فیفه ئه‌سكه‌نده‌ر، ئه‌حمه‌د خه‌لیل، ساس خضر، فاضل عه‌واد، جه‌لال كۆچه‌ر، شه‌وكه‌ت ڕه‌شید، داود القیسی، نازم نه‌عیم، خضر الیاس، سامی عبدالاحد، ئیبراهیم خه‌لیل، له موسڵه‌وه هونه‌رمه‌ندان محه‌مه‌د عارف جزیری و عیسا به‌رواری، له هه‌ولێریشه‌وه من و تایه‌ر تۆفیق و ڕه‌سوول گه‌ردی و فوئاد ئه‌حمه‌د هاتبووین، سێ شه‌و له شاری سلێمانی ماینه‌وه له شه‌وی 17ی نیسان له یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران، له 19ی نیسان له سینه‌ما ڕه‌شید و ڕۆژی 20/4/1970 هاتینه‌وه شاری هه‌ولێر و له هۆڵی گه‌ل ئاهه‌نگ گێڕا (4).
هونه‌رمه‌ند دوای 18 ساڵ به‌رده‌وامی له كاری فه‌رمانبه‌رێتی، له ساڵی 1970 خۆی خانه‌شین ده‌كات و ڕێ ده‌گرێته به‌ر به‌ره‌و ڕادیۆی كوردی به‌غدا، بۆ مه‌به‌ستی زیاتر خزمه‌تكردن به هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی.
هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری رۆژ به‌ڕۆژ ناو و كاره هونه‌رییه‌كانی زیاتر به‌گوێگران و هه‌وادارانی ده‌گات و زیاتر ده‌ناسرێت ته‌نانه‌ت له‌نێوه‌ندی هونه‌ریدا و په‌یوه‌ندییه‌كی فراوانی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی سه‌رده‌می خۆیدا په‌یدا ده‌كات و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزیری له گه‌ڕانی به‌رده‌مدان له شایی و گۆڤه‌ند و بووكگواستنه‌وه له گوند و شارۆچكه‌كان، به‌ده‌نگی خۆشیان و سۆزی تهمبوورهكانیان بهلاوك و سترانهكانیان دڵی خه‌ڵكیان خۆش كردووه.
ده‌نگ و سۆزی سترانه‌كانی هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری له ناوخوی وڵات و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان و سازدانی ئاهه‌نگ، له ساڵی 1973 بۆ یه‌كه‌مجار هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری به یاوه‌ری هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزیری 1912_ 17/12/1986 و خانمه هونه‌رمه‌ند گوڵبه‌هار 1932_ 23/2/2010) گه‌شتێكى هونه‌رى بۆ ڕۆژئاوای كوردستان شاری قامیشلۆ و حه‌له‌ب به بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه ئاهه‌نگ ده‌گێڕن و دواتر به‌ره‌و وڵاتى لوبنان له‌گه‌ڵ وهفدى هونه‌رى عێراقى، له هۆڵى (ڕيڤۆڵى به‌يرووت) ئاهه‌نگ بۆ كورده‌كانى لوبنان ده‌گێڕن و پێشوازییه‌كی گه‌رمییان لێ ده‌كرێت و ئه‌وانیش به به‌سته و لاوكه خۆشه‌كانیان دڵخۆشیی ده‌به‌خشنه گوێگر و ئاماده‌بووانی ئاهه‌نگه‌كه، دواتر ميوانى هونه‌رمه‌ند (سه‌عيد يوسف) ده‌بن.
له دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له وڵاتی لوبنان، هونه‌رمه‌ند له ساڵی 1974 ده‌بێته ئه‌ندامی سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی عێراق، هه‌روه‌ها له ساڵی 1975 هونه‌رمه‌ند ده‌بێته به‌رپرسی به‌شی ستران و موزیكی ڕادیۆی كوردی، له‌و پۆسته‌دا هه‌وڵی دڵسۆزانه‌ی خۆی ده‌دا.
جارێكی دیكه هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری به یاوه‌ری خانمه هونه‌رمه‌ند گوڵبه‌هار له ساڵی 1976 ده‌چنه وڵاتی به‌ریتانیا، به پۆشاكی كوردییه‌وه له فێستیڤاڵی كولتووری جیهانی له له‌نده‌ن به‌شداری ده‌كه‌ن، دواتر له ساڵی 1978 هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ خانمه هونه‌رمه‌ند گوڵبه‌هار، له‌گه‌ڵ شاندێكی كولتووری عێراقی به سه‌رۆكایه‌تی هونه‌رمه‌ند و مامۆستا (مونیر به‌شیر 1930_28/10/1997) بۆ مه‌به‌ستی سازدانی ئاهه‌نگ ده‌چنه پاریس و ڤییه‌ننا، له‌م گه‌شته‌یدا هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری له‌لایه‌ن پارێزگاری پاریسه‌وه خه‌ڵات ده‌كرێت و وه‌ك باڵوێزی سترانی كوردی جیهانی ده‌ناسرێت، دوای ئه‌و گه‌شته هونه‌رییانه، هونه‌رمه‌ند له ساڵی 1979 له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی یۆنانی له ئه‌سینای پایته‌خت (6) شه‌ش كاسێت تۆمار ده‌كات و دواتر وه‌ك یه‌كه‌م هونه‌رمه‌ندی كورد ده‌چێته ڕادیۆی (مۆنتی كارلۆ) ستران و لاوكی كوردی ده‌خوێنی.
هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری باس له‌و ئاهه‌نگه ده‌كات له ده‌ره‌وه‌ی وڵات كه هیچ كات ناتوانێ له‌یادی بكات و ده‌ڵێت: له شاری نیسی فه‌ره‌نسا هه‌رگیز له‌یادم ناچێت جه‌ماوه‌ر زۆر كهیفییان بهمن هات و به‌ڕێوه‌به‌ری شاری نیس، خه‌ڵاتی كردم و مه‌دالیای زێڕ و كاسێكی دا بهمن ) (5).
هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری له ساڵی 1980وه كاره هونه‌رییه‌كانی به‌رده‌وامی پێ ده‌دا تا ساڵی 1998 ستران و لاوكی خوێندووه و بۆ مه‌به‌ستی دابینكردنی بژێوی ژیانی خۆیی و خانه‌واده‌كه‌ی تۆمارگایهك له گه‌ڕه‌كی (جه‌زائیر) داده‌نێت، حوسێنی كوڕی له سه‌ری كار ده‌كات به‌ناوی (تۆمارگای عیسی به‌رواری).
هونه‌رمه‌ند له ساڵی 2000 ده‌چێته ماڵی خوا و ده‌بێت به حاجی عیسی به‌رواری.
هونه‌رمه‌ند جیا له لاوك و سترانی فۆلكلۆریی و ئه‌وینداریی، ستران و لاوكی شۆڕشگێڕیشی خوێندووه و له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمی به‌عسه‌وه ڕووبه‌ڕووی زیندان و هه‌ڕه‌شه و ئه‌شكه‌نجه بۆته‌وه، كه‌ریم كوڕه گه‌وره‌ی هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت: باوكم ده‌یگوت، من گوڵێك ده‌نێژم یان گوڵێك بۆن ده‌كه‌م، یان گوڵێكی گه‌ش لهستران و لاوكهكانمدا باسی لێ ده‌كه‌م، دوای 10 ساڵی داهاتوو، بڵێم مه‌به‌ستم ئه‌و گوڵه كوردستانه...؟! نه‌خێر من مه‌به‌ستم باسی كوردستان و پێشمه‌رگه بكه‌م، به ئاشكرا له ستران و لاوكهكانم ده‌ڵێم كوردستان ئاوایه و پێشمه‌رگه ئاوایه، باوكم به‌ده‌می خۆی ئه‌وه‌ی گوت، بابم گه‌لێك كاسێتی تۆمار كردووه، ئه‌و كاسێتانه ده‌گه‌یشتنه ناو ده‌زگاكانی ڕژێم له مووسڵ، جوابیان بۆ ده‌نارد و پێیان گوتووه ئه‌وه ده‌نگی تۆیه باسی شۆڕشی كورد ده‌كه‌یت، ئه‌ویش گوتوویه‌تی به‌ڵێ، دوای ئه‌وه باوكم گیرا و زۆر ئه‌شكه‌نجه‌یان دا، له‌و كاته‌دا ته‌مه‌نی 40 ساڵ بووه، له‌و ئازار و ئهشكهنجهیهدا ددانهكانییان شكاندووه) (6).
هونه‌رمه‌ند زۆر حه‌زی به‌ده‌نگ و سترانه‌كانی هونه‌رمه‌ندان (مه‌ریه‌م خان و سه‌عید ئاغای جزیری و محه‌مه‌د عارف جزیری) كردووه، له درێژه‌ی كاره هونه‌رییه‌كانی گۆرانی له‌گه‌ڵ زۆر له هونه‌رمه‌ندان خوێندووه، له سه‌ره‌تای ساڵانی حه‌فتاكان له‌لایه‌ن خاوه‌نی یه‌كه‌م تۆمارگای شاری هه‌ولێر (عه‌بدولله‌تیف چهقماچی) میوانداری له هه‌رسێ هونه‌رمه‌ند (محه‌مه‌د عارف جزیری و عیسی به‌رواری و حه‌سه‌نی جزیری) كردووه، هه‌رسێ هونه‌رمه‌ند له ماڵی عه‌بدولله‌تیف ئاهه‌نگێكی چه‌ند كاتژمێریان لهلاوك و سترانه فۆلكلۆرییه‌كان تۆمار كردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه له دانیشتن و ئاهه‌نگی ماڵان و بۆنه و فێستیڤاڵه‌كاندا سترانی خوێندووه هونه‌رمه‌ندان (نه‌سرین شیروان، گوڵبه‌هار، ئایشه‌شان، سه‌عید گاباری و عه‌بدو عهلانه).
هه‌ندێك له‌به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند ستران و لاوك (گه‌نج خه‌لیل، زه‌مبیل فرۆش، خه‌ج و سیامه‌ند، یار گوزه‌ل، ده‌شتانی، سه‌یرانی، دهخالۆ، عهمیانۆ، چوومه دهۆكێ، دیلۆ مه‌ریه‌می، ده‌لال، جهتو، دونیا، جیرانی، عه‌ردێ مه، لاندك، شاهینو، یار گجلۆكێ، ده‌ردو، له‌یلای مه چه‌ن شیرینه و ئه‌سمه‌رێ... تاد).
به‌پێی ئاماری لاوك و سترانه‌كانی، خودی هونه‌رمه‌ند ئاماژه‌ی پێداوه، له ڕادیۆی كوردی به‌غدا 300 ستران و، بۆ ته‌له‌فزیۆن نزیكه‌ی 50 به‌رهه‌می تۆماركردووه، خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت.
هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، هونه‌رمه‌ندێكی كراوه و نه‌فس به‌رز و خاوه‌ن هه‌ڵوێستی جوامێرانه بووه بۆ خانه‌واده و ده‌وروبه‌ر و هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی، ده‌ست و دڵپاك و خاوه‌ن دیوه‌خان بووه، باوكێكی دڵسۆز و میهره‌بان و زمان شیرین بووه و هه‌موو كات به چاوی ڕێزه‌وه له ده‌وروبه‌ری ڕوانیوه، یه‌كێك له خه‌سڵه‌ته به‌رزه‌كانی و ڕووحی هاوكاری و یارمه‌تی بووه.
ئه‌رشیف دۆست و دۆستی هونه‌رمه‌ندان جیهانبه‌خش كۆیی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك له ئه‌كاونتی خۆی نوسیویه‌تی: بەیانی دووشه‌ممه 11/7/1977 مام تایەر تۆفیق هاته تۆمارگه و
فه‌رمووی جیهان با بچینه مووسڵێ.. سەرێکی مام ڕه‌سوول گه‌ردی بده‌ین نه‌خۆشه له نەخۆشخانەیە، ناوی خوامان لێ هێنا و ڕۆیشتین، مام تایەر فه‌رمووی بابچینه لای عیسی به‌رواری، ئەو له حەی جه‌زائیر تۆمارگەی هەبوو.. چوینه لای و لەگەڵمان هات لۆ نه‌خۆشخانه، چوینه لای مام ڕەسوول، دوای چاک و چۆنی و مانەوەمان، عیسی بەرواری سەفتەیەک پارەی لەبن سەری مام ڕه‌سوول دانا، به مەزەندەی من هەزار دیناری ئه‌و كاته دەبوو که سەیارەکی پێ دە هات، بەڵام مام ڕسوول قبووڵی نەکرد و زۆر سوپاسی کرد و گوتی، سەفینی کوڕم هەموو شتێکی لۆ کردیمه.. زۆر مه‌منوون بوو، دوای گەڕانەوەمان له ماڵی کاک عیسی نانمان
خوارد و گوتی، جیهان هەردووکمان تۆمارگەمان هەیه و وەزعمان باشه دەبێت ئێمە لە خزمەت ئەو زاته گەورانەدا بین و خواحافیزیمان لێ کرد و گه‌ڕاینه‌وه هه‌ولێر، ئا ئه‌وه‌یه شه‌هامه‌ت و جوامێری هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری) (7).
له دوای ئه‌وه‌ی فه‌ریزه‌ی حه‌ج به‌جێ دێنێ، لهستران و لاوك خوێندن دوور ده‌كه‌وێته‌وه و ڕوو ده‌كاته مزگه‌وت و له بڵندگۆی مزگه‌وته‌وه بانگ ده‌خوێنێ و ته‌مه‌نی هه‌ڵده‌كشێ و شه‌كه‌ت و ماندوو و نه‌خۆشی ده‌بێته میوانی، له ئێواره‌ی 19/7/2002 له ماڵه‌وه له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌یدا ده‌بێت، هه‌ست به‌ئازاری سه‌رسینگ و دڵی ده‌كات، داوا له كوڕه‌كانی ده‌كات كه بیگه‌یه‌ننه نه‌خۆشخانه و باری ته‌ندروستی باش نییه، هونه‌رمه‌ند له كاتژمێری 2ی به‌ره‌به‌یانی 20/7/2002 بۆ هه‌میشه چاوه‌كانی لێك ده‌نێ و به‌ره‌و دنیای فانی كۆچ ده‌كات و ژیانئاوایی له ته‌مبووره هاوڕێی شیرینهكهیی و لاوك و ستران و هونه‌رمه‌ندان و ئازیزان و خانه‌واده‌كه‌ی ده‌كات، ته‌رمی هونه‌رمه‌ند له گۆڕستانی شاری مووسڵ به‌خاك ده‌سپێردرێت.
هونه‌رمه‌ند له‌دوای خۆی چه‌ند كه‌لوپه‌لێكی به‌نرخی له ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریدا به‌ده‌ستی هێناوه و له‌گه‌ڵ سێ ئامێری ته‌مبوور به‌جێ دێڵێ و ده‌بێته ئه‌رشیفی هونه‌رمه‌ند و به‌هایه‌كی پیرۆز بۆ خانه‌واده و منداڵه‌كانی، به‌داخه‌وه له ساڵی 2014 كه بای ڕه‌ش و شوومی داعش هه‌ڵی كرد و شاری مووسڵی داگیر كرد، ئه‌و شه‌مشه‌مه كوێرانه‌ی دژ به ڕووناكی و هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی، هه‌ڵئه‌كوتنه سه‌ر ماڵی هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو عیسی به‌رواری، دوای تاڵان و وێرانكردن هه‌موو كه‌لوپه‌له به‌نرخه‌كانی هونه‌رمه‌ند ده‌به‌ن.
سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری و گڵكۆی پیرۆزی هه‌موو كات چراخان و لێوان لێو بێت لهلاوك و سترانه ڕهسهنهكوردییهكان.
جه‌مالی ده‌لاك 12/7/2021 هه‌ولێر.
سه‌رچاوه: (1 و 5) گۆڤاری ڕه‌نگین، ژماره (9)ی ته‌مموزی 1988، دیدار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری، دیمانه‌ی ئیحسان سدیق ئامێدی.
( 2) كتێبی گۆرانیبێژه نه‌مره‌كان، باكووری، به‌شی سێییه‌م، لاپه‌ڕه (177).
(3 و 6) ساڵیادی هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری، كه‌ناڵی ئاسمانی (وار تیڤی) دیدار له‌گه‌ڵ كه‌ریم كوڕی هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری، 19/7/2020.
(4) كتێبی گۆرانیبێژه نه‌مره‌كان، باكووری، به‌شی دووه‌م، لاپه‌ڕه (205)
(7) جیهانبه‌خش كۆیی، تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك.. 10/7/2021
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.