Erbil 25°C شەممە 28 ئەیلوول 21:14

جامی یورۆی2024.. ئەڵمانیا و سویسرا بۆ قۆناغی 16 سەرکەوتن

کوردستان TV
100%


لە گەڕی سێیەمی یارییەکانی قۆناغی کۆمەڵەکانی پاڵەوانێتی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2024 بۆ تۆپی پێ، ھەڵبژاردەی ئەڵمانیا و ھەڵبژاردەی سویسرا بە ئەنجامی 1-1 یەکسانبوون و بۆ قۆناغی 16 سەرکەوتن.

دوێنێ یەکشەممە لە گەڕی سێیەمی یارییەکانی قۆناغی کۆمەڵەکانی جامی "یورۆی 2024"دا و لە کۆمەڵەی یەکەم، ھەڵبژاردەی ئەڵمانیا و ھەڵبژاردەی سویسرا لە یاریگای دۆچ بانک پارک لە شاری فرانکفۆرت ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.

لە گێمی یەکەمی یارییەکە، یاریزانانی ھەڵبژاردەی ئەڵمانیا چەندین ھێرشیان کردە سەر گۆڵی ھەڵبژاردەی سویسرا، بەڵام نەیانتوانی گۆڵ تۆمار بکەن و لە بەرامبەردا لە خولەکی ٢٨دا یاریزانی ھەڵبژاردەی سویسرا، دان ندۆی یەکەم گۆڵی تۆمار کرد و ھەڵبژاردەکەی کردە خاوەن گۆڵێک.

گێمی یەکەمی یارییەکەش بەو ئەنجامە لە بەرژەوەندی ھەڵبژاردەی سویسرا کۆتایی ھات.

لە گێمی دووەمی یارییەکەدا، یاریزانانی مانشافت بە ھەمان شێوەی گێمی یەکەمی بە ھێرشبردن دەستیان پێکرد، دوای چەند ھەوڵێک کە نەیانتوانی گۆڵ تۆماربکەن بەڵام بێ ھیوا نەبوون و لە خولەکی دووی کاتی زیادکراودا یاریزان نیکلاس فولکروگ گۆڵی یەکسانی بوونی بۆ ھەڵبژاردەکەی تۆمارکرد.

یارییەکەش بە ئەنجامی 1-1 کۆتایی بۆ ھەردوو ھەڵبژاردەش ھات.

ھەروەھا دوێنێ یەکشەممە ھەر لە ھەمان کۆمەڵەدا، ھەڵبژاردەی ھەنگاریا بە ئەنجامی 1-0لە ھەڵبژاردەی سکۆتلاندای بردەوە.

بەم ئەنجامەش ھەڵبژاردەی ئەڵمانیا بە کۆکردنەوەی حەوت خاڵ و ھەڵبژاردەی سویسرا بە کۆکردنەوەی پێنج خاڵ بە یەکەم و دووەمی کۆمەڵەی یەکەم بۆ قۆناغی 16 سەرکەتن و ھەنگاریش کە تەنھا سێ خاڵی ھەیە چاوەڕێی یارییەکانی دیکە دەکات تا دەرفەتی سەرکەوتنی بۆ قۆناغی 16 ھەبێت، سکۆتلانداش بە کۆکردنەوەی یەک خاڵ، ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتی جامی یورۆ کرد.
 

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.