سەرۆكی رووسیا ئەمڕۆ سێشەممە گەیشتە بیۆنگ یانگ پایتەختی كۆریای باكور و لە فڕۆكەخانە لەلایەن سەرۆكی ئەو وڵاتە پێشوازی لێ كرا.
كۆشكی كرملین رایگەیاند كە ئەم سەردانەی ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی رووسیا دووپاتكردنەوەی پشتگیری كیم جونگ ئۆن سەرۆكی كۆریای باكور دەبێت.
وەك چاوەڕوان دەكرێ پوتین ماوەی نۆ كاتژمێر لە كۆریای باكور بمێنێتەوە و لەو ماوەیەشدا لەگەڵ كیم جونگ ئۆن كۆمەڵێك بابەتی گرینگ تاوتوێ بكەن، لە سەرووی هەموویانەوە جەنگی ئۆكڕاینا.
سبەی چوارشەممەش كۆبوونەوەی فەرمی و رووبەرووی نێوان پوتین و و كیم جونگ ئۆن دەست پێ دەكات كە پێشبینی دەكرێ ماوەی 90 خولەك بخایەنێت، لەو كۆبوونەوەیەدا كۆمەڵێك رێككەوتننامە واژۆ دەكرێت و دوای ئەویش بەیەكەوە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجام دەدەن.
دوای ئەنجامدانی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە، هەردوو سەرۆك بەیەكەوە بەشداری خوانێك و ئاهەنگێكی چا خواردنەوە دەكەن.
بەگوێرەی سەرچاوە رۆژئاواییەكان، سەردانی ئەمجارەی پوتین بۆ ئەوەیە چەكی زیاتری بۆ جەنگی دژی ئۆكڕاینا لە هاوپەیمانە سەرەكییەكەی كۆریای باكور دەست بكەوێت بەتایبەت مووشەكی دوورمەودا و بالیستی.
بڕیاریشە دوای كۆریای باكور، پوتین لە درێژەی ئەو سەردانەیدا ئێوارەی سبەی چوارشەممە بگاتە ڤێتنام و لەوی لەگەڵ سەرۆك و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە كۆببێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.