ئەو فڕۆكەیەی سەركردەی وڵاتێكی ئەفریقیای هەڵگرتبوو و لە دوێنێوە ونببوو و هیچ زانیارییەكی لەبارەوە نەدەزانرا، ئەمڕۆ سێشەممە بە تێكشكاوی و مردنی سەرجەم سەرنشینەكانی ناوی دۆزرایەوە.
لازارۆس چاكوێرا سەرۆكی مالاوی رایگەیاند: ئۆپەڕاسیۆنی گەڕان بەدوای ئەو فڕۆكەیەی لە دوێنێوە ونببوو كۆتایی هات، لێرەدا رایدەگەیەنین كە فڕۆكەكە تووشی رووداوی كەوتنەخوارەوە بووە و تێكشكاوە، هەروەها سەرجەم سەرنشینەكانی ناویشی گیانیان لەدەستداوە.
پێش نیوەڕۆی دوێنێ دووشەممە فڕۆكەیەك كە هەریەك لە ساولۆس چیلیما جێگری سەرۆكی مالاوی و 9 كەسی تری هەڵگرتبوو لە كاتی ئەنجامدانی گەشتێكدا ونببوو.
فڕۆكەكە لە شاری لیلونگوای پایتەختەوە بەرەو دوورگەی ئەلباهاما بەڕێكەوتبوو، بەڵام لە ڕێگەدا تووشی رووداوێك هاتبوو و كەوتبووە خوارەوە.
دوای هەوڵێكی زۆری تیمەكانی رزگاركردن لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە پارچەكانی فڕۆكەكە بە تێكشكاوی دۆزرانەوە و راگەیەنرا كە سەرجەم سەرنشینەكانی ناویشی گیانیان لەدەستداوە.
رووداوەكە هاوشێوەی ئەو رووداوەیە كە لە ئێران رووی دا، رۆژی 20ی مانگی رابردوو فڕۆكەیەك كە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران و حوسین ئەمیر عەبدلڵاهیان وەزیری دەرەوە و چەند بەرپرسێكی تری ئێرانی هەڵگرتبوو، بەهۆی خراپی كەشوهەوا كەوتە خوارەوە، بەهۆی رووداوەكە سەرجەم سەرنشینانی فڕۆكەكە گیانیان لەدەست دا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.