لە ئاکامی زنجیرەیەک ھێرش بۆسەر ناوچەکانی خێرسۆن و ڵوھانسک کە بەشێکن لە ئۆکراینا و ڕووسیا بەشێوەیەکی نایاسایی بەخۆیەوە لکاندوونی، 26 کەس کوژراون و 65 کەسی دیکەش برینداربوون.
ڤلادیمیر سالدۆ کە لەلایەن ڕووسیاوە وەک فەرمانڕەوای خێرسۆن دەستنیشان کراوە لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تێلێگرام" ڕایگەیاندووە: "سوپای ئۆکراینا ھێرشی کردووەتە سەر گوندی سادۆڤۆی سەربە ناوچەی خێرسۆن".
ئاماژەی بەوەشداوە لەئاکامی ھێرشەکەدا کە بە بۆمبی ئاسمانی فەڕەنسی و مووشەکی ئەمریکی ئەنجامدراوە، 22 کەس کوژراون و 15ی برینداربوون.
ھاوکات بە ناو ئیدارەی "کۆماری گەلی لوھانسک" لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێرشی مووشەکی کراوەتە سەر ناوچەی دۆنێتسک و لە ئاکامدا، چوار کەس کوژراون و 50ی دیکەش برینداربوون.
باسی لەوەش کردووە کە لە ئاکامی ھێرشەکەدا، باڵەخانەیەکی پێنج نھۆمی ڕووخاوە، ھەروەھا زیانیش بەر 30 باڵەخانەی دیکە کەوتووە.
ھەر لەو بارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ماریا زاخارۆڤا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێرشەکانی سەر خێرسۆن و دۆنێتسک، لەلایەن سوپای ئۆکرایناوە ئەنجامدراون.
ڕاشیگەیاندووە، ئەو کەسانەی کە لە ھێرشەکانی سەر خێرسۆن و دۆنێتسک، تێوەگلاون سزای توندی خۆیان وەردەگرن و باسی لەوەش کرد، ھێزەکانی ڕووسیا ئامادەن وەڵامی ھەر تاوانێک بدەنەوە کە لەلایەن چەکدارانی ئۆکرایناوە ئەنجامی بدرێت.
ڕوونیشی کردەوە، ئەنجامدانی ئەو جۆرە ھێرشانە، پێشتر لە ڕێگای شارەزایانی ئەمریکا و بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا، ئامادەکارییان بۆ دەکرێت.
تا ئێستا سوپای ئۆکراینا، ھیچ ڕاگەیاندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاو نەکردووەتەوە.
ڕۆژی 24ی مانگی شوباتی 2022، ھێرشی سەربازیی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا دەستی پێکرد کە تا ئێستا بەردەوامە.
لە 30ی ئەیلوولی 2022دا، سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بەڵگانەمەیەکی لەبارەی لکاندنی چوار ناوچەی ئۆکراینا کە برتیین لە دۆنێتسک، لوھانسک، خێرسۆن و زاپۆریژییا بە خاکی رووسیاوە واژوو کرد.
ئەو ھەنگاوەی ڤلادیمیر پوتین، لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە بەتوندی سەرکۆنە کرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.