ئاكۆ عه‌بدوڵڵا
رۆژی 30 ی نیسانی ئه‌م ساڵ پۆل ئۆسته‌ری رۆماننووس و یاداشتنووس و سیناریۆنووس و شاعیر و وه‌رگێر، به‌هۆی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی سی لهبرۆكلینی سه‌ر بهنیویۆرك، كۆچی دوای كرد. ناوبراو یه‌ك له‌ئه‌ستێره دیاره‌كانی رۆمانی دوا چارێكی سه‌ده‌ی رابردوو بوو. له‌و ساڵانه‌ی دوایش له‌گۆڕه‌پانی رۆشنبیری زیاتر ئاماده‌یی هه‌بوو. هه‌ندێك به رۆمانووسێكی پۆست مۆدێرن پۆلینی ده‌كه‌ن. هه‌ندێكیش بهنووسهرێكی سه‌ر به‌ڕه‌وتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه (deconstruction) و باسیش له‌كاریگه‌ری جاك دریدا به‌سه‌ریه‌وه ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی له‌و ساڵانه‌ی له‌فه‌ره‌نسا بوو. هه‌ندێكی دیكه‌ش رۆمانه‌كانی له‌چوارچیوه‌ی پۆلیسی پۆلین ده‌كه‌ن، خۆشی راشكاوانه كاریگه‌ربوونی خۆی بهلویس بۆرخیس و دیكنز و ئێمیلی برۆنتی و تۆلستۆی و چیرۆكه میلله‌كانی ئه‌مه‌ریكی ده‌ناساند. نووسینه‌كانی تێكه‌ڵه‌ن له‌نێوان بێهوده‌یی و بوونگه‌رایی و ئه‌ده‌بی تاوان و گه‌ڕان به‌دوای ناسنامه و خه‌مه‌كانی مرۆڤی دابڕاو. زیاتریش به‌و رۆمانانه ناوبانگی بڵاوبۆوه كه له‌باره‌ی شاری نیویۆرك و كه‌سه په‌راوێزخراوه‌كانی ناویه‌تی هه‌ربۆیه بهبهویژدانی كاره‌ساتباری كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ریكیش دانراوه.
پۆل بنیامێن ئۆسته‌ر Paul Benjamin Auster رۆژی 3 ی شوباتی ساڵی 1947 له‌خێزانێكی ره‌سه‌ن پۆله‌ندی ناو شاری نیوئاركی ولایه‌تی نیو جێرسی ئه‌مه‌ریكا هاته دنیا. ئاموزای لۆرانس ئۆسته‌ری نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسه. له‌زانكۆی كۆلۆمبیای سه‌ر به نیویۆرك ئه‌ده‌بی فه‌ره‌نسی و ئیتاڵی خوێند. ساڵی 1970 دوای ته‌واوكردنی خوێندن بۆ راكردن له‌و خهمۆكییهی كه دوای جه‌نگی ڤێتنام باڵی به‌سه‌ر گه‌نجانی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان داكێشا بوو، به‌ره‌و ئه‌وروپا چوو و له‌شاری پاریس نیشته‌جێ بوو. له‌وێدا سه‌ره‌تا بووه پاسه‌وانی ماڵێك. دواتر له‌پێناو بژێوی رۆژانه، سه‌رقاڵی وه‌رگێرانی شیعری شاعیره فه‌ره‌نسییه‌كان بوو بۆ زمانی ئینگلیزی و بۆ گۆڤاره ئه‌ده‌بییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌نارده‌وه. زیاتریش گرنكی به‌به‌رهه‌می سوریالییه‌كان ده‌دا. له‌ساڵی 1974 گه‌ڕاوه ولاته‌كه‌ی و له‌گه‌ڵ لیدیا دیڤیسی نووسه‌ر و هاوڕێی خوێندنی زانكۆ، هاوسه‌ر گیری كرد. هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك شیعری وه‌رگێڕدراوی جاك دوپینی به‌ناوی (ده‌گونجێت و ده‌ستپێده‌كات: شیعره هه‌ڵبژێردراوه‌كانی جاك دوپین Fits and Starts: Selected Poems of Jacques Dupin) بڵاوكرده‌وه. ساڵی 1976 به‌هه‌مان شێوه‌ی به‌شێك له‌شیعره وه‌رگێڕدراوه‌كانی ئه‌ندرێ دو بوشێت به‌ناونیشانی (بێ نیشته‌جێبووه‌كان: شیعره هه‌ڵبژێردراوه‌كانی ئه‌ندرێ دو بوشێت "The Uninhabited: Selected Poems of André du Bouchet) و ساڵی دواتریش كتێبی (ژیان/هه‌ڵوێسته‌كان Life/Situations) ی جان پۆڵ سارته‌ری وه‌رگێڕا و بڵاوكرده‌وه. هاوكات دانیالی كوڕی هاته دنیا و هێنده‌شی پێنه‌چوو لهلیدیا جیابۆوه.
ساڵی 1979 ساموێلی باوكی مرد. به‌و به‌شه میراته‌ش كه به‌ریكه‌وت توانی ته‌واوی كاتی خۆی بۆ نووسین ته‌رخان بكات. ساڵی دواتر دیوانی (ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مۆسیقا Facing the Music ) ی بڵاوكرده‌وه. ساڵی 1982 له‌گه‌ڵ سیری هستڤدتی نووسه‌ر هاوسه‌رگیری كرد. ساڵی 1982 كتێبی (داهێنانی گۆشه‌گیری The Invention of Solitude) ی بڵاوكرده‌وه. ئه‌و به‌رهه‌مه له‌شێوه‌ی بایۆگرافییه. تێیدا باسی له‌سه‌ره‌تای ژیانی خۆی كردووه كه كوڕی باوكێك بوو هه‌رده‌م نادیاربوو. كتێبه‌كه پڕه له‌و هه‌ستانه‌ی كه دواتر له‌زۆر رۆمان و كتێبی دیكه‌ی رهنیگانداوه، له‌وانه خه‌م، له‌ده‌ستدان، ته‌نیایی، ویژدانی كه‌ساس. هه‌روه‌ها كه‌سایه‌تی باوكه كۆچكردووه‌ی تێدا وێنهكردووه كه كه‌سێكی ره‌زیل بوو، پێچه‌وانه‌ی دایكی كه ئه‌ویان كه‌سێكی ده‌ستبڵاو بوو. ئۆستهریش به‌منداڵی له‌نێوایاندا دامابوو. به‌هۆی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی له‌ناو خێزانه‌كه‌ی له‌دژی ئۆسته‌ر ناڕه‌زایی ده‌ربڕدرا. شایانی باسه هۆكاری نووسینی ئه‌و كتێبه‌ی كاریگه‌ربوونی ئۆسته‌ر بوو به‌مردنی له‌ناكاوی باوكی. وێنه‌ی باوكه‌كه‌شی وه‌ها كێشاوه كه ده‌یه‌ویست له‌به‌ها قێزه‌وه‌نه‌كانی سه‌رمایه‌داری دووركه‌وێته‌وه.
ساڵی 1984 كۆمه‌ڵێك شیعری وه‌رگێردراوه‌ی (گۆڕێك بۆ ئاناتۆل A Tomb for Anatole) ستیفان مالارمێ و به‌ناوی خوازراوی پۆل بنیامێنیش رۆمانی (Squeeze Play ) ی بڵاوكرده‌وه. هاوكات سه‌رقاڵی داڕێژتنی رۆمانی (سێینه‌ی نیویۆرك The New York Trilogy) بوو كه ساڵی دواتر یه‌كه‌میانی به‌ناوی (شاری شووشهCity of Glass ) له‌ساڵی 1986 دووه‌م و سێیه‌می به‌ناوه‌كانی (خێوه‌كان Ghosts) و (ژووری داخراوThe Locked Room ) بڵاوكرده‌وه. ئه‌و به‌رهه‌مه به‌لای خوێنه‌ران و ره‌خنه‌گران ناوبانگی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا و له‌چه‌ندان وڵاتی دیكه لهچاپدرانهوه و بۆ سه‌ر زۆر زمانیش وه‌رگێڕدران. له‌شێوه‌دا پۆلیسیانه‌ی رهشباوه و به‌شێوه‌ی ساكاریش به‌یه‌كه‌وه لكاون. كاره‌كته‌ره‌كانی ناوی به‌دوای ناسنامه و پێگه‌ی خۆیان وێڵن. نادیاری و چۆنیه‌تی ژیان له‌گه‌ڵ نادیاری و نادڵیناییش، كرۆكی سه‌ره‌كی ناوهرۆكهكانیانن.
ساڵی دواتر رۆمانی (له‌وڵاتی دوا شته‌كان In the Country of Last Things) ی بڵاوكرده‌وه. هاوكات سۆفی كچی چاوی به‌دنیا هه‌ڵهێنا كه ئێستا گۆرانیبێژ و ئه‌كته‌رێكی دیاره. ساڵی 1988 دیوانی (دیارنهمانهكان: شیعره هه‌ڵبژێردراوه‌كان Disappearances: Selected Poems ) و ساڵی دواتریش رۆمانی (كۆشكی مانگ Moon Palace) ی بڵاوكرده‌وه. ناوه‌رۆكی ئه‌و رۆمانه هاوشێوه‌ی داهێنانی گۆشه‌گیری كاره‌كته‌ره‌كه‌ی كه‌سێكی گۆشه‌گیره و به‌دوای باوكێكی نادیاردا ده‌گه‌ڕێت. له‌هه‌وڵه‌كانی سه‌ركه‌وتوو نابێت. ساڵی 1990 كتێبی (كاری زه‌مینی: شیعر و وتاره هه‌ڵبژێردراوه‌كانGround Work: Selected Poems and Essays ) و رۆمانی (میوزیكی رێكه‌وت The Music of Chance) ی بڵاوكرده‌وه. ئه‌وه‌ی دوایی كه له‌كاره هه‌ره گرنگ و ورد و جوانهكانیهتی. به‌هۆیه‌وه خه‌ڵاتی (PEN/Faulkner) ی پێبه‌خشرا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شێوه‌ی داڕێژتنی رووداوه‌كانی ناویشی بۆ سینه‌ما گه‌لێك گونجاوه، بۆیه ساڵی 1993 فیلمێكی رێك و نایابی لێ ئاماده كرا. كه له‌نمایشكردنی فیستیڤاڵی كانی سینه‌مایی بووه مایه‌ی سه‌رسامی ئاماده‌بووان، به‌تایبه‌تی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م رۆمان بوو له‌لایه‌ن (فیلیپ هاس)ـه‌وه بۆ سینه‌ما ده‌رهێنرا و یه‌كه‌م فیلمیش بوو له‌ڕۆمانی پۆل ئۆستر به‌رهه‌مهێنرابێت. ناوه‌رۆكه‌كه‌ی له‌سه‌ر چیرۆكێكی سه‌رسامكه‌ر داڕیژراوه كه له‌ئه‌ده‌بی بێهوده‌یی نزیكه. تێیدا ناش (ماندی پاتینكین) ی ئه‌كته‌ر كه له‌ڕێگه‌ی نیویۆرك ئوتومبیل لێده‌خورێ، تووشی كه‌سێكی نامۆ ده‌بێت كه جاكی ناوه (جه‌یمس سپادهری ئه‌كته‌ر رۆڵه‌كه‌ی به‌رجه‌سته كردووه). ناش بڕیار ده‌دات هه‌ڵی بگرێت. له‌ڕێگه‌دا قسه ده‌كه‌ن و ده‌رده‌كه‌وێ جاك قوماربازێكی ناوداره، به‌ڵام زۆر جار به‌خت یاوه‌ری نییه. ناشیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دووچاری گرفتی خێزانی بووه، داوای لێده‌كات ئه‌و شه‌وه به‌پاره‌ی ئه‌و یاری بكات. به‌و جۆره ده‌گه‌نه ماڵێكی گه‌وره كه دوو برا تێیدا ده‌ژیه‌ن و پێشتریش جاك تێیدا قوماری كردبوو. دوای ئه‌وه‌ی یاری گه‌رم ده‌بێت، جاك هه‌موو پاره‌كانی ناش دهدۆڕینێ، ئینجا ناش گره‌و له‌سه‌ر ئوتومبیله‌كه‌ی ده‌كات و دوای له‌ده‌ستدانی ئه‌ویش، ده هه‌زار دۆلار له‌دوو برایه‌كه قه‌رز ده‌كات. به‌و هیوایه‌ی به‌ختی هه‌ڵسێ و هیچ نه‌بێت بێته‌وه مایه. به‌ڵام ئه‌ویش له‌ده‌ستده‌دات. ئه‌وسا له‌ساتێكی وه‌ها هه‌ستیار، دوو برایه‌كه به‌سه‌ر به‌رامبه‌ره‌كانیان (ناش و جاك) پێشنیار ده‌كه‌ن، پاره‌كه‌یان به‌كاركردن لهشوورهیهكی گه‌وره‌ی باخچه‌ی ئه‌و كۆشكه‌ی تێیدا ده‌ژیان، بۆ پاك بكه‌نه‌وه كه باخچه‌كه ده هه‌زار ژوور ده‌گرێته خۆی. بۆ ئه‌وه‌ی نووسه‌ر بێهوده‌یی ئه‌و سه‌رده‌مه و چڵێسی خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌دیار بخات، نیشانمان ده‌دات ئه‌و به‌ردانه‌ی بۆ شووراكه هێنراون هی كڵێسه‌یه‌كی كۆنی شوێنێكی دووره كه ئه‌و دوو برایه ده‌وڵه‌مه‌نده بۆ سه‌لماندنی توانایان، له‌كڕینی هه‌ر شتێك كه حه‌زی لێبكه‌ن، كڕیبوویان. تا له‌كۆتایدا جاك له‌كاتی هه‌وڵدانی بۆ راكردن ده‌كوژرێت و ناشیش كه بهسهرشێتی ئوتۆمبیل لێده‌خوڕێ، ده‌توانێت رابكات، دوای ئه‌وه‌ی به‌خێرایی له‌پاسه‌وان و كوڕه‌كه‌ی ده‌دات و دهیانكوژێ. دواتر كه له‌سه‌ر رێگه به‌بێزاری و گاڵته‌كردن به‌هه‌موو ئه‌وانه‌ی روویاندا ده‌ڕوات، كه‌سێك رایده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی بدات و داوای لێ ده‌كات بهئوتۆمبیلهكهی بیگه‌یه‌نێت!!
ساڵی 1992 كتێبی (هونه‌ری برسێتی The Art of Hunger ) و رۆمانی (لیڤیاتان Leviathan) ی بڵاوكرده‌وه. به‌هۆی رۆمانه‌كه خه‌ڵاتی مێدیسیس ئێترانگهر ی فه‌ره‌نسی پێبه‌خشرا. ساڵی 1994 رۆمانی (به‌ڕێز ڤێرتیگۆ Mr. Vertigo) و ساڵی دواتر كتێبی (ده‌فته‌ره سووره‌كه The Red Notebook ) ی بڵاوكرده‌وه. تێیدا تابلۆی چیرۆكی پڕ له‌جوانی گێڕانه‌وه‌ی كێشاوه، چیرۆكی وه‌ها كه درێژییان له‌نێوان لاپه‌ڕه‌یه‌ك و چوار لاپه‌ڕه‌یه. تێیدا ئه‌و رووداوانه‌ی تۆماركردووه كه له‌نێوان خۆی و ده‌روبه‌ری روویداوه و بابه‌تی نووسینی لێ دروستكردوون. ساڵی 1997 كتێبی (ده‌ست بۆ ده‌مHand to Mouth ) و ساڵی 1999 رۆمانی (تیمپوكتو Timbuktu) و ساڵی دواتر رۆمانی (كتێبی وه‌همه‌كان The Book of Illusions) ی بڵاوكرده‌وه. له‌و به‌رهه‌مه‌ی دوایشدا جارێكی دیكه بابه‌ته‌كانی ته‌نیایی و گۆشه‌گیری و گه‌ڕان به‌دوای نادیاری خستۆته‌ڕوو. كاره‌كته‌ره‌كه‌ی هه‌مان ده‌یڤید زیمهری رۆمانی كۆشكی مانگه. لێره‌دا دوای له‌ده‌ستدانی خێزانه‌كه‌ی و كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی له‌فڕۆكه، به‌ده‌ست ته‌نیایی جۆرێك له خۆ له‌ناوبردن ده‌ناڵێنێ.
ساڵی 2003 رۆمانی (Oracle Night) ی بڵاوكرده‌وه. ساڵی دواتر تا ساڵی 2009 له‌به‌شی ئه‌مه‌ریكی رێكخراوی ئه‌ده‌بی نێوده‌وڵه‌تی PEN بووه ئه‌ندام. ساڵی 2005 رۆمانی (گه‌مژه‌كانی برۆكلین The Brooklyn Follies) ی بڵاوكرده‌وه. ئه‌وه‌شیان وه‌ك پێشبینی بۆ چاره‌نووسی خودی ئۆسته‌ر وایه: پیاوێكه تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه بووه، به‌دوای شوێنێكی ئارام‌دا ده‌گه‌ڕێت بۆ مردن، تا ئه‌و كاته‌ی به‌كه‌سێك ده‌گات كه ده‌بێته هۆی قه‌یرانی توندی بوونگه‌رایی. ساڵی دواتر رۆمانی (گه‌شته‌كان لهسكریپتۆریۆم Travels in the Scriptorium) ی بڵاوكرده‌وه. هاوكات خه‌ڵاتی شازاده ئهستوریاسی ئه‌ده‌بی پێبه‌خشرا و له‌ئه‌كادیمیای ئه‌مه‌ریكیش بۆ هونه‌ر و ئه‌ده‌ب كاندید كرا. ساڵی 2007 دیوانی (شیعره كۆكراوه‌كانCollected Poems ) ی بڵاوكرده‌وه و له‌زانكۆی (لیێج)یش دكتۆرای فه‌خری پێبه‌خشرا. ساڵی دواتر رۆمانی (پیاو له‌تاریكیدا Man in the Dark) ی بڵاوكرده‌وه و خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی دبلنیشی پێبه‌خشرا. ساڵی 2009 رۆمانی (نه‌بینراو Invisible) و ساڵی دواتریش رۆمانی (پاركی خۆرئاوابوون Sunset Park) و ساڵی 2012 كتێبی (رۆژانهنووسی زستانه Winter Journal) ی بڵاوكرده‌وه. له‌و به‌رهه‌مه‌ی دوایدا بۆ رابردووی خۆی و قۆناغه جۆراوجۆره‌كانی ژیانی گه‌ڕاوه‌ته‌وه، هه‌ر له‌منداڵییه‌وه تا پیری. له‌گه‌ڵ باس كردنی كاریگهربوونهكانی هه‌ر قۆناغێك و خه‌ونه‌كانی و خه‌یاڵه‌كانی. هه‌روه‌ها ئه‌و شوێنانه‌ی تێدا نیشته‌جێبووه و كاریگه‌رییان به‌سه‌ریه‌وه هه‌بووه. به‌واتایه‌كی دیكه ئه‌وه چیرۆكی زستانی ته‌مه‌نه.
هاوكات ئۆسته‌ر له‌چاوپێكه‌وتنێكدا وه‌ك ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر به‌و مامه‌ڵه‌یه خراپه‌ی كه توركیا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نووساندا ده‌یكات ڕایگه‌یاند نایه‌وێت سه‌ردانی ئه‌و وڵاته بكات. ئه‌مه‌ش. له‌به‌رامبه‌ردا ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا به‌توڕه‌یی وتی: "وه‌ك ئه‌وه‌ی پێویستمان پێت بێت! كێ گرنگی پێده‌دات ئه‌گه‌ر بێیت، یان نا؟" ئۆستهریش وه‌ڵامی داوه : "به‌پێی دوایین ژماره‌كان كه له‌لایه‌ن ئینته‌رناشناڵ پێن كۆكراونه‌ته‌وه، نزیكه‌ی سه‌د نووسه‌ر له‌توركیا به‌ندكراون. باسی بڵاوكه‌ره‌وه سه‌ربه‌خۆكانی وه‌ك ڕاگیپ زاراكۆلۆش ناكه‌م، كه له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌كانی پێن له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا له‌نزیكه‌وه چاودێری كه‌یسه‌كه‌یان ده‌كرێت".
ساڵی دواتر رۆمانی (ڕۆژ/شه‌و Day/Night ) و كتێبه‌كانی (ڕاپۆرتێك له‌ناوخۆوه Report from the Interior) و (لێره و ئێستا: نامه‌كان Here and Now: Letters) بڵاوكرده‌وه. ناوه‌ڕۆكی ئه‌وه‌ی دوایی تایبه‌تن به‌و نامانه‌ی كه له‌ماوه‌ی ساڵانی 2008 تا 2011 له‌گه‌ڵ جۆن ماكسوێل كۆتزی نووسه‌ری باشووری ئه‌فریقا ئاڵ‌وگۆڕیان كردووه. ساڵی 2017 رۆمانی (4 3 2 1) ی بڵاوكرده‌وه. ده‌كرێت ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی دوایی بوهك شاكارێك ئاماژه‌ی بۆ بكرێت. ڕۆمانێكی ئاڵۆزه، كه تیایدا ئۆسته‌ر چه‌ندین فۆڕمی گێڕانه‌وه‌ی تێكه‌ڵ بهدهستڕهنگینی گه‌وره كردووه و زمانێك كه به‌درێژایی ژیانی به‌رده‌وام بووه له پاڵاوتنی. هاوكات كتێبی (ژیانێك لهوشهدا: له‌گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سیگومفێڵد A Life in Words: In Conversation with I. B. Siegumfeldt ) ی بڵاوكرده‌وه. ئه‌وه‌شیان تایبه‌ته به نووسین و پێوه‌ندی به‌ژیانی ئۆسته‌ر. هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌گه‌ڵ زانای دانیماركی I.B. سیگومفێڵد ئه‌وه‌شیان به‌سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی داده‌نرێت بۆ تێگه‌یشتن له‌ستایلی نووسینی ئۆسته‌ر.
ساڵی 2019 كتێبی (قسه‌كردن له‌گه‌ڵ نامۆكان: وتار و پێشه‌كی و نووسینه هه‌ڵبژێردراوه‌كان، Talking to Strangers: Selected Essays, Prefaces, and Other Writings, 1967–2017 ) و ساڵی دواتر كتێبی (كاری بنه‌ڕه‌تی: نووسینه ژیاننامهییهكان Groundwork: Autobiographical Writings, 1979–2012 ) و دیوانی (بۆشاییه سپییه‌كان: شیعری هه‌ڵبژێردراو و نۆسراوی به‌رایی White Spaces: Selected Poems and Early Prose ) ساڵی 2021 كتێبی (كوڕه سووتاوه‌كه: ژیان و كاره‌كانی ستیڤن كرین Burning Boy: The Life and Work of Stephen Crane) ی رۆماننووس. ساڵی دواتر دانیالی كوڕی به‌هۆی زیاد به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر مرد. ساڵی 2023 كتێبی (Bloodbath Nation) و رۆمانی (باومگارتنه‌ر Baumgartner) ی بڵاوكرده‌وه. له‌و به‌رهه‌مه‌ی دوایشدا باسی له‌رابردووی خۆی و ژیانی سه‌رقاڵ به‌نووسینی كردووه. كاره‌كته‌ره‌ی سه‌ره‌كیه‌كه‌ی زۆر به‌خۆی ده‌چێت. باومگارتنه‌ر پرۆفیسۆرێكی فه‌لسه‌فه‌یه له‌زانكۆی برینستۆن. دوای ئه‌وه‌ی ده ساڵ ره‌تبووه به‌سه‌ر مردنی (ئانا) ی هاوسه‌ره‌ی هێشتا بیری لێده‌كاته‌وه. ئه‌و رۆژه‌ی دێته‌وه خه‌یاڵ كه ئامۆژگاری كرد نه‌چێته كه‌نار ده‌ریا كه‌چی ئه‌و به‌قسه‌ی نه‌ركرد و خۆی پێدادا و شه‌پۆڵه هه‌ڵچووه‌كان له‌ماوه‌ی چه‌ند خوله‌كێك كردیان به‌جه‌سته‌یه‌كی سارد. دواتر له‌گه‌ڵ كه باومگارتنه‌ر ده‌یه‌ویست له‌باره‌ی كێركیگاردی فه‌یله‌سوف توێژینه‌وه ئاماده بكات كه‌چی بیری هه‌ر لای ئانای خۆشه‌ویستییه‌تی كه نووسه‌ر و شاعیر بوو. چه‌ندان ده‌ستنووسی له‌دوا به‌جێمابوو. رۆژێك باومگارتنه‌ر ده‌ستنووسێكی ئانا ده‌خوێنێته‌وه. له‌و كاته‌دا هه‌ست به‌ده‌نگی ئانا ده‌كات. هاوكات كه تهلهفۆنهكهش زه‌نگ لێده‌دات و هه‌ڵی ده‌گرێت، گوێی له‌ده‌نگی ئانا ده‌بێت، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی ئه‌و یه‌ك وشه بڵێت ده‌نگه‌كه ده‌پچڕێ. رۆمانه‌كه چه‌ندان شتی دیكه‌ی رێكه‌وتی تێدا ده‌بینرێ له‌وانه رۆژێك نامه‌یه‌ك بهباومگارتنهر ده‌گات له‌كچێك كه قوتابی دكتۆرایه و تێدا نووسیویه‌تی ده‌یه‌وێ له‌باره‌ی شیعره‌كانی ئانا تێزه‌كه‌ی ئاماده بكات. كاتێكیش به‌و كچه ده‌گات ده‌بینێ له‌هه‌ندێك لایه‌نی كه‌سایه‌تی بهئانای خۆشه‌ویستی ده‌چێت.
جگه له‌و به‌رهه‌مانه‌ی ئاماژه‌مان پێدان ئۆسته‌ر چه‌ندان بڵاوكراوه‌ی دیكه‌ی هه‌یه. هه‌روه‌ها چه‌ندان سیناریۆی بۆ فیلمی سینه‌ماییش نووسیوه به‌و جۆره: له‌ساڵی 1995 سیناریۆی فیلمه‌كانی (شین له‌ڕووخساردا Blue in the Face) و (دوكه‌ڵ Smoke) كه به‌هۆی ئه‌وه‌ی دوایی خه‌ڵاته‌كانی ڕۆحی سه‌ربه‌خۆی و بۆدیلی باشترین فیلمی ئه‌مه‌ریكی پێبه‌خشرا. له‌ساڵی 1998 سیناریۆی فیلمی (لولو له‌سه‌ر پرده‌كه Lulu on the Bridge) و ساڵی 2007 سیناریۆی فیلمی (ژیانی ناوه‌وه‌ی مارتن فرۆست The Inner Life of Martin Frost). ئه‌مه‌و جگه له‌و خه‌ڵاتانه‌ی ناومان هێنان چه‌ندان خه‌ڵاتی دیكه‌ی پێبه‌خشراوه. له‌وانه خه‌ڵاتی (مۆرتن داوین زابێل ) له‌ساڵی 1990، خه‌ڵاتی (جۆن ویلیا‌م كۆرینگتۆن ) له‌ساڵی 1996، خه‌ڵاتی (پریمیۆ لێتیۆ) له‌ساڵی 2009، خه‌ڵاتی (مێدای گراند ڤێرمێل دی لا ڤیل دی پاریس) له‌ساڵی دواتر.
نووسین به‌لای پۆل ئۆسته‌ر تاكه هۆركار بوو بۆ دووركه‌وتنه‌وه له‌په‌راوێزخستنی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ریكی و هه‌ستكردنی به‌رده‌وامی به ته‌نیایی. لهدیمانهیهكیشدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه ئێمه هێنده‌ی پێویستمان به‌خۆراك و هه‌وا و ئاو و خه‌و هه‌یه، پێویستمان بهچیرۆكیش هه‌یه، چونكه چیرۆكه‌كان تۆن و ده‌نگی به‌رز و خرۆشێنهرن. به‌گشتی له‌ڕۆمان و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی دیكه‌ی ته‌نیایی و توندوتیژی دوو ئه‌دگاری ئاشكران. هه‌ردووكیشیان پێوه‌ندییان به‌یه‌كتریه‌وه هه‌یه و رێبه‌رایه‌تی یه‌كتریش ده‌كه‌ن و رۆڵ و ئه‌نجامه‌كانیشیان ئاڵۆگۆڕ ده‌كه‌ن. ئه‌و دوو ئهدگارهش هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له‌به‌رهه‌مه‌كانیدا ره‌گیان داكوتاوه، به‌تایبه‌تی له‌كاره سێیانییهكهی. ئه‌مه‌و له‌زۆربه‌ی به‌رهه‌مه ئهدهبییهكانیشیدا جه‌ختی له‌پێگه‌ی رێكه‌وت له‌رووداوه‌كان و چاره‌نووس كردووه. كاره‌كته‌ره‌كانیشی زۆربه‌ی جار خۆیان وه‌ها ده‌بێننه‌وه كه ناچارن له‌ناو ژینگه‌ی ئاڵۆز هه‌ڵبكه‌ن. له‌لایه‌كی دیكه‌وه هه‌ندێك له‌ڕه‌خنه‌گران پۆل ئۆستریان به‌یه‌ك له‌و نووسه‌ره دیارانه‌ی سینه‌ما دادهنابوو كه هه‌ندێك جار رۆمانه‌كانی له‌گه‌ڵ (ریالیزمی بۆگه‌نی) ئه‌مه‌ریكا پۆلین ده‌كه‌ن، به‌بۆچوونی كه‌سانێكیش ئه‌و شێوازه نووسینه لقێكی گرنگه له‌و كۆڵهگهیهی كه دنیای داهێنانی ئۆستری له‌سه‌ر به‌ند بوو و بهبههێزیش كاریگه‌ر بوو پێوه‌ی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.