Erbil 8°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 01:18

ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی: ڕەفتارەكانی سوپای عێراق لە سنووری كەركووك بەردەوام بن هەڵوێستمان دەبێت

کوردستان TV
100%


مەریوان قەرەنی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی له‌ په‌رله‌مانی عێراق و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەیامێکی ناڕەزایی بەرامبەر ڕەفتارەكانی سوپای عێراقی فیدڕاڵ لە سنووری كەركووك بڵاوکردەوە.

مەریوان قەرەنی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە په‌رله‌مانی عێراق و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مان له‌ هه‌ژماری تایبه‌ت به‌خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یس بوك بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، بەداخەوە هەموو ساڵێك لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی دانەوێڵەی جووتیارانی كورد، عەرەبە هاوردەكان، ئەوانەی لە سایەی سیاسەتی تەعریبی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو هێندراونەتە سەر زەویوزاری كوردانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بە پاڵپشتیی سوپای عێراق، هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی زەوییەكانی كوردان بە بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیشیانەوە دەدەن.


ده‌شڵێـت، هەرچەندە ئەم دیاردەیە لەو سەردەمانە بوونی نەمابوو كە ناوچەكە لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستاندا بوو، بەڵام بەداخەوە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری لایەنێكی كوردستانی، بووە هۆی ئەوەی جارێكی دیكە شۆڤێنییەكان ورەیان بێتەوە بەر و خەون بە داگیركاریی زیاتری كوردستانەوە ببینن.

مەریوان قەرەنی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە په‌رله‌مانی عێراق و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، ئەوەی نیگەرانییەكەمانی زیاتر كردووە، ئەوەیە كە لە شەوی یەکشەممەوە، 28-04-2024، جووتیارانی هەندێك ناوچەی سنووری كەركووك، بە تایبەتیش لە چەند گوندێكی سنووری پردێ، باس لەوە دەكەن كە لە لایەن سوپای عێراقەوە هەڕەشەیان لێكراوە و دروێنەكردنی دانەوێڵەیان لێ قەدەغە كراوە.

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاندووه‌، جووتیارانی كورد لەسەر زەوییەكانی موڵكی باب و باپیریانن، هەر جۆرە دەستدرێژییەك و هەوڵێك بۆ داگیركردنی زەوی و زارەكانیان ڕەت دەكەینەوە و دژی دەوەستینەوە. داوا لە سوپای عێراق دەكەین بەپێی دەستوور و یاساكان ڕەفتار بكات و نەبێتە ئامرازێك بۆ دژایەتیكردنی هیچ پێكهاتەیەك لە پێكهاتەكانی عێراق.

 له‌ كۆتاییدا رایده‌گه‌ێنێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەم رەفتارانە بەردەوام بن، هەرێمی كوردستان و گەلی كورد مافی گرتنەبەری هەموو ڕێگەیەكی هەیە بۆ پاراستنی سەر و ماڵی ڕۆڵەكانی، ئێمەش لەم ڕوانگەیەوە هەرچی لە دەستمان بێت لە وەستانەوە دژ بە ئەم زوڵمەی لە جووتیارانی كورد دەكرێت، درێغی ناكەین.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.