ئەمڕۆ دووشەممە وەزیری پێشمەرگە سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای نێوان وەزارەتی پێشـمەرگە و تیمی باڵای ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، بە گرنگییەوە باس لە پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی سەرجەم هێزی پێشمەرگە کرا، لە چوارچێوەی پێکهێنانی لیوای زیاتری هاوبەش و جێکردنەوەیان لە دروستکردنی فیرقەی نوێدا.
هاوکات پرسی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگە گفتوگۆی لەبارەوە کرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەو ڕەشنووسەی لەماوەی ڕابردوو کاری لەسەر کراوە.
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لە كۆبوونەوەكەدا ڕوونی کردەوە: هەنگاوەکان بە ئاراستەی یەکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکان دڵخۆشکەرن، بەپێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە پرۆسەی یەکخستنەوە و کۆکردنەوەی هێزەکانی 70 و 80 بۆ سەر وەزارەت بەردەوامی دەبێت.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، کۆڵونێڵ گاچێڕۆ بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگیی ئاسایشی ئەمریکا لە هەرێم و ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی هاوپەیمانان پوختەیەکی لەسەر ئامانجە هاوبەشەکانی کارکردن بۆ سەرخستنی پرۆسەی یەکخستنەوە و هەیکەلی نوێی وەزارەت و پڕۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە و دروستکردنی فیرقەکان خستەڕوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.