باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق سەركۆنەی هێرشەكەی دوێنێی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە شارەدێی قادر كەڕەم كرد و رایگەیاند كە ئامانج لەو هێرشانە بەدەستهێنانی ئامانجی سیاسی و ئابوورییە لە ڕێگەی توندوتیژییەوە.
ستیڤن هیچین باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند: بە توندی سەركۆنەی هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر دەكەین.
راشیگەیاند: ئەمە هەوڵێکی قبوڵنەکراوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسی و ئابوورییەکان لە ڕێگەی توندوتیژیەوە.
هەروەها رایگەیاند: دەبێت لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی هێرشەكە بکرێت.
ئاماژەی بەوەش دا: پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستە کەسوکاری قوربانیان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
دوێنێ هەینی كاتژمێر 6:45ی سەرلەئێوارە بە درۆن هێرشكرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆ لە سنووری شارەدێی قادر كەڕەم، هێرشەكە جگە لە كەوتنەوەی زیانێكی زۆری ماددی، هەروەها قوربانیشی لێ كەوتەوە.
رەمەك رەمەزان قایمقامی چەمچەماڵ شەوی رابردوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە دا كە لە ئەنجامی هێرشەكەدا چوار كارمەندی كێڵگەی غازی كۆرمۆر كە بەڕەگەز یەمەنین، گیانیان لەدەستداوە و دوو كارمەندی تریش بریندار بوون.
هێرشی سەر کێڵگەی غازی خور مۆر ئیدانە دەکەین. ئەمە هەوڵێکی قبوڵنەکراوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسی و ئابوورییەکان لە ڕێگەی توندوتیژیەوە. دەبێت لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسان بکرێت. پرسە و سەرەخۆشیمان لە کەسوکاری قوربانیان ئاراستە دەکەین و چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین. https://t.co/zbhpuOxWhd
— UK in Erbil (@ukinerbil) April 27, 2024
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.