ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی نیسانی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆدەبێتەوە و تێیدا چەند بابەتێک گفتوگۆ دەكرێت.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ لە بڕگەی یەکەمدا ڕاپۆرتی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکار سەبارەت بە داڕشتنی میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری داهاتەکان و بە بانکیکردنی پێدانی مووچە، بە گوێرەی دەستوور و یاسای بودجەی فیدراڵ و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵ گفتوگۆ دەکرێت.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەشدا، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، چەند پێشنیارێکی تایبەت بە ئاسانکاریی گەڕاندنەوەی پێشینەکانی بانکە پسپۆڕییەکان لای هاووڵاتییان، هەروەها قەرزی بانکە بازرگانییەکان و ڕێژەی سوودی بانکیی بەپێی یاسای چاکسازی، دەخرێتەڕوو.
لە بڕگەی سێیەمدا دەنگدان لەسەر ڕەشنووسی پەیڕەوی پۆلێنکردنی بەڵێندەران و دانان لە لیستی بێبەشکردن لە بەشداربوون، تاوتوێ دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.