Erbil -1°C شەممە 04 کانوونی دووەم 07:56

نێچیرڤان بارزانی: ده‌بێ له‌گه‌ڵ به‌غدا میکانیزمێک بۆ چاره‌سه‌ر دانێین

کوردستان TV
100%


هەر لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، ئەمڕۆ یەكشەممە 7/4/2024  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا، باسی لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەوە و دیدارەكانی لە بەغدا كرد.

سەرەتا لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی سەردانەكەی بۆ بەغدا،  نێچیرڤان بارزانی گوتی:
“لە چوارچێوەی سەردانماندا بۆ بەغدا كۆمەڵێك كۆبوونەوەمان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سەرۆك وەزیران و هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت هەبوو، كۆبوونەوەكەمان بە شێوەیەكی گشتی لە چوارچێوەی ئایندەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا بووە و لەم كۆبوونەوانەدا هەوڵم دا میكانزمێك دابنێین بۆ ئەوەی بەردەوام بین و هەر سەردان نەبن كە بێین و بگەڕێینەوە، میكانزمێك دابنێین بۆ ئەوەی ئێمە بەردەوام ئەو جۆرە كۆبوونەوانەمان هەبێت لەلایەن هەرێمی كوردستان و بەغداوە بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی ئێستا هەیە هەموویان لە مەجلسێكدا بە میكانزمێك بتوانین لە شوێنێکدا باسیان بكەین و ڕێگەچارەیان بۆ بدۆزینەوە. وەك ئاگادارن پرسی مووچە كە پرسێكی بنەڕەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و ئەو ڕێككەوتنەی كە لەنێوان به‌ڕێزان سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سوودانی كراوە، ئەمە دەستپێكێكی زۆر باشە و هیوادارین بەردەوام بێت. باسمان لە پرسی نەوتیش كرد و بێگومان وەك هەرێمی كوردستان پێمانوایە كە دەبێت دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوت بكەینەوە، چونكە ئەم پرسە زیانی گەورەی بە عێراق و هەرێمی كوردستانیش گەیاندووە و تا ئێستا زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار زیان بە بودجەی عێراق كەوتووە. بێگومان ئەم مەسەلەیە باس كراوە، بەڵام ئەوە تیمی زیاتری حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دەوێ كە بێن بۆ بەغدا و زیاتر لەسەر ئەم بابەتە قسە بكەین، هیوادارین بگەینە ئەنجام”.

لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا، بەڕێزیان گوتی:

“وەك بەرپرسیارێتیی خۆم وەك سەرۆكی هەرێم ڕۆژی هەڵبژاردنمان دیاریكردووە و تا ئێستا هیچ گۆڕانكارییەك لەم بابەتەدا نییە و بێگومان ئەمە پرسێكی سیاسییە و دەبێت هەموو هێزە سیاسییەكان قسەی لەسەر بكەن و دەبێت بە هەر حال لە ئەنجامدا بە لێکگەیشتن لەم بابەتە دەربچین”.

  

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.