وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی قوربانییانی كارەساتەكەی ئێوارەی ئەمڕۆی پارێزگای بەسڕە كرد كە بەهۆیەوە ژمارەیەك قوتابی لە رووداوێكی هاتوچۆدا بوونە قوربانی.
ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە رایگەیاند: بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی گیانسپاردن و برینداربوونی ژمارەیەک قوتابی خۆشەویستی پارێزگای بەسڕەمان پێگەیشت لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا.
راشیگەیاند: ئێمە لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی قوربانییەکان و مامۆستا و هاوڕێیانیان دەکەین بۆ ئەو کارەساتە بە ئازارە.
ئالان حەمە سەعید ئاماژەی بەوەش دا: داوا لە خوای گەورە دەکەین قوربانییەکان بخاتە بەر بەزەیی خۆی و شیفای خێرای بریندارەکانیش بدات و سەبر و ئارامیش بە هەمووان ببەخشێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم لە پارێزگەی بەسڕە رووداوێكی سەختی هاتوچۆ كەوتەوە كە تێیدا بارهەڵگرێك كۆنتڕۆلی لەدەست دا و بەهۆیەوە كۆمەڵێك قوتابی شێلا كە لەسەر شەقامی بەردەم قوتابخانەكەیان بوون.
لە ئەنجامی رووداوەكە 6 قوتابی گیانیان لەدەست دا و 8ی دیكەش بریندار بوون.
عەباس تەمیمی بەڕێوەبەری تەندروستی بەسڕە لەبارەی رووداوەكە رایگەیاند: رووداوەكە لەبەردەم قوتابخانەیەكی بنەڕەتی روویداوە، لەبەر ئەوە سەرجەم قوربانییەكان تەمەنیان لەنێوان 6 بۆ 12 ساڵاندایە.
هەر بەهۆی كارەساتەكە، ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسڕە بڕیاری دا سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە پارێزگاكەیان بەڕێوەبچێت.
بەگوێرەی دانپێدانانی سەرەتایی شوفێرەكە بارهەڵگرەكەی ئیستۆپی نەماوە و كۆنتڕۆلی لەدەستداوە و لە ئەنجامیشدا ئەم كارەساتەی ناوەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.