دوای یەك هەفتە لە بردنی ئێسكە بەردبووەكە لە گەرمیانەوە بۆ پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەم گەڕێنرایەوە گەرمیان و بڕیاریشە بەمزووانە لیژنەیەك پێكبهێنرێ بۆ ئەنجامدانی تۆژینەوە لەسەری.
بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و كەلەپووری گەرمیان بڵاوی كردەوە: ئەمڕۆ دووشەم لیژنەیەك لە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان سەردانی زانکۆی سلێمانی - کۆلێژی زانست - بەشی جیۆلۆجی و بەشی بایۆلۆجی کرد بۆ گفتۆگۆکردن و لێکتێگەیشتن دەربارەی ئێسکە بەردبووەکە و گەڕانەوەی بۆ مۆزەخانەی شارستانیی گەرمیان.
راشیگەیاند: بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لێ کردین و هاوکارییان کردین لە گەڕاندنەوەی ئێسکە بەردبووەکە، لە سۆنگەی خەمخۆریشیان بۆ پاراستنی ئێسکەکە و بەها مێژووییەکی، بەوپەڕی ئامانەتەوە پارێزگاریان لێ کردووە و پاراستوویانە.
ئاماژەی بەوەش دا كە بەم نزیکانە لیژنەیەکی هاوبەش پێک دەهێنرێت بۆ ئامادەکردنی توێژینەوەیەکی زانستی لەسەر ئێسکە بەردبووەکە.
بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و كەلەپووری گەرمیان جەختیشی كردەوە كە ئێسکەكە پێوستی بە چاککردنەوەی پارچەکانی هەیە و دوای چاککردنەوە و بەهێزکردنی پارچەکانی، لەناو مۆزەخانەی گەرمیان شوێنێک بۆ نمایشکردنی دابین دەکرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتییان و گەشتیاران لە نزیکەوە بیبینن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.