Erbil 14°C چوارشەممە 01 کانوونی دووەم 13:57

ئەمڕۆ ساڵڕۆژی كۆڕەوی گه‌لی كوردستانه‌

کوردستان TV
100%

 

لە 31/3/1991 و لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا  كۆڕەوی ملیۆنی گەلی كوردستان، ویژدانی جیهان و مرۆڤایەتی  هەژاند، لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆی ئەو ساڵەداو بەمەبەستی ناڕەزای دەربڕین بەرانبەر گەڕانەوەی سوپا داپلۆسێنەرەكەی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو, دوای ئەوەی  هێرشی سەربازی كردەوە سەر ناوچە ئازادكراوەكانی كوردستان  گەلی كوردستان بۆ ڕەتكردنەوەی ئەو دەسەڵاتە، مەزنترین كۆڕەوەی بۆ سەر سنورەكانی كوردستان دەست پێ كرد.

 لەو رۆژەدا زیاتر لە ملیۆنێك هاووڵاتی كوردستان  لەژێر باران و بەسەر بەفرو بەستەڵەكی شاخەكانی كوردستاندا رێرۆیشتنێكی تراژیدیانەیان دەست پێكرد، لە ئەنجامدا به‌شێكییان لە برسان و لە سەرمای ئەو كاتە، گیانی خۆیان لەدەستدا،  كە زۆربەیان منداڵ  بوون، ئەمە جگەلەوەی لە زۆر قۆناغی ئەو كۆڕەوەدا سوپای عێراق بە فڕۆكەو تۆپخانە بۆردمانی ئەو هاوڵاتییە بێ چەك و بێ تاوانانەی دەكرد.

كۆڕەو ریفراندۆمێكی جەماوەری بوو بۆ ڕەت كردنەوەی ژێردەستی و چەوسانەوە و سەر لەنوێ نەگەڕانەوەی ئەو سوپایەی كە هێرشی بەد ناوی ئەنفالەكانی بۆ سڕینەوەی بوونی كورد ئەنجامدابوو.

 كۆڕەو هەڵوێستێكی دەستە جەمعی گەلی كوردستان بوو كە گوزارشتی لە ئیرادەی میللەتێك دەكرد كە راپەڕینی كردو ئازادی بەدەست هێناو دواتر ئامادە نەبوو دەستی لێ هەڵبگرێت، كۆڕەو نەك تەنیا بۆ پاراستنی ئەو ئازادییە بوو، بەڵكو بۆ ناسنامە و ناساندنی دۆزی رەوای كورد بوو، بە هەموو جیهان. 

كۆڕەو دۆزی كوردی بردەوە سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، بەجۆرێك كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چیدی نەیتوانی چاو لەو زوڵمە مێژووییە بپۆشێت، كە سەدان ساڵ بوو لە كورد دەكرا، جێی ئاماژەیە  ڕژێمی بەعس لەرێگەی زنجیرەیەك هێرشی سەربازی دڕندانەوە، لە 27ی ئاداری ئەو ساڵەوە توانیبووی كەركوكی دڵی كوردستان و شاری هەولێرو زۆر ناوچەی تری هەرێمی كوردستانی ئازاد كراو داگیر بكاتەوە و كردەوەی بەكۆمەڵكوژی  لە زۆرێك لەو ناوچانەی كە داگیری كردبونەوە ئەنجام بدات ،بەڵام گەلی كوردستان لەرێگەی كۆڕەوە مێژووییەكەی، ئەو هێرش و زۆردارییەی ڕەت كردەوە و سەلماندی گەر لە ڕووی سەربازیشەوە نەتوانێت ڕێگا لە هێرشی سوپایەكی وا بە زەبروزەنگ بگرێت، ئەوا ئامادەیە لە پێناوی ئازادی و رەت كردنەوەی ژێردەستەیی و چەوسانەوە، مەزنترین كۆڕەو لە مێژووی هاوچەرخی كوردستاندا تۆمار بكات.

كۆڕەو رێگەی نەدا، سەر لەنوێ دۆزی رەوای كورد بەدوور لە ویژدانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و چاوی وڵاتانی بڕیاربەدەستەوە سەركوت بكرێتەوە، كۆڕەو نەیهێشت ئەو ئازادیە خەڵتانی خوێن بكرێت كە بە خوێنی ئاڵی دەیان پێشمەرگە و هاووڵاتی، لە  راپەڕینی ئاداری 1991 بە دەست هاتبوو. 

كۆڕەو نەیهێشت دۆزی رەوای كورد، وەكو پێشوو،  وەك  كێشەیەكی ناوخۆی تەماشا بكرێت. هاوكات ناكرێت رۆڵی میداكارانی جیهانیش نادیدە بگرین، چونكە زۆربە خێرایی هەواڵ و وێنە تراژیدییەكانی كۆڕەوی ملیۆنی گەلی كوردستان بۆ هەموو جیهان دەگواستەوە و بەوەش ڕای گشتی ئەوروپا و ئەمریكاو سەنتەرە بڕیاربەدەستەكان و گروپەكانی گوشار لە هەموو جیهان دیمەنەكانی كۆڕەویان بینی و چیدی، هیچ كەس و لایەنێك نەیانتوانی چاو لەو زوڵمە بپۆشین، كە بەبەرچاوی جیهانەوە لە كورد دەكرا. 

ئەو كۆڕەوەی گەلی كوردستان بووە هۆی كە لە5ی نیسانی 1991 ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ژمارە 688ی دەربكات و تیایدا ئاماژەی بەو كردەوانەی ڕژێمی بەعس كرابوو ،كە لە دژی دانیشتوانی سڤیلی عێراق دەیكات و بەناو باسیشی لە هاووڵاتیانی كوردستانیش كردبوو و لە بەندی یەكەمی ئەو بڕیارەدا زۆربە ئاشكرا سەركۆنەی ئەو كردەوە سەركوتكرانەو داپڵۆسێنرانە كرابوو و داواش لە بەغدا كرابوو كە  دەستەبەجێ ئەو كردەوانە بوەستێنێت و دەست بە گفتوگۆ بكات و رێز لەمافەكانی مرۆڤ و مافە سیاسییەكانی تەواوی هاووڵاتییانی عێراق بگرێت، هەرلەوێشەوە ئیتر مەزنترین هەڵمەتی فریاگوزاری بۆ كوردستان دەستی پێكردو قۆناغێكی نوێ لە مێژووی كوردستان دەستی پێكرد، ئەمەش رێگەی خۆش كرد لە باوەشی كوردستانێكی ئازاددا  هەڵبژاردنێكی گشتی دیموكراتیانە ئەنجام بدرێت و لەو هەڵبژاردنەدا تەواوی نەتەوەو ئاین و ئایینزاكانی كوردستان بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بكەن. 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.