Erbil 7°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 06:00

نەسرین تەنیا: قووڵبوونەوە لە ژانی مێبوون منی ئاوێتەی جیهانی شیعر كرد 

کوردستان TV
100%

 خاتوو نەسرین حسێن ناسراو بە (نەسرین تەنیا) شاعیرێكی هەست ناسكی نێو بواری ئەدەبە، لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵات لە دایكبووە ، قۆناغەكانی خوێندنی هەر لەو شارە تەواو كردووە . خانمە شاعیر (نەسرین تەنیا)، لە ساڵی 1997دەستی بە نووسین كردووە، ساڵی2015 بۆ گەیشتن بەخەونەكانی لەبواری شیعر و ئازاد بوونی بیروباوەڕەكانی و قەڵەمەكەی وەكو ئافرەتێك لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو باشور سەفەری كرد و لەئێستادا لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە. دوو كتێبی شیعری چاپكراوی هەیە دوو كتێبی تریشی ئامادەیە بۆچاپكردن .ئەم خاتوونە لە شارەكانی سلێمانی و هەولێر و كەركووك و دهۆك و شارەكانی دەورووبەر ، بەشداری چەندین سمینار و كۆڕ و دیبەیتی كردووە ، چەندین دیداری لە تیڤیەكانی ئەنجام داوە خاوەنی دەیان خەڵاتی ڕیزلێنانە، هەروەها  وەكو چالاكوانێك لە ساڵی 2016وە  خۆبەخشانە لە ڕێكخراوە مەدەنیەكاندا كاری كردووە . یەكێك بووە لە دەستەی دامەزرێنەری كۆمەڵەی شاعیران ، لە ئێستا هاوسەرۆكی ڕێكخراوی ڕۆشنبیرانی كورد بریتانیایە،بۆیە بەباشمان زانی وەكو ماڵپەڕی كوردستان تیڤی لە نزیكەوە بەچەند پرسیارێك بەسەری بكەینەوە.
*سەرەتا بابزانین چۆن ئاوێتەی جیهانی شیعر بوویت ؟
- مرۆڤ زۆرجار پێویستی بەهاوارێكە تاڕێچكەیەك بۆ بەنداوی پەنگخواردووی ناخی بكاتەوە ، من ئەو هاوارەی خۆم بەنووسین دەربڕی تا هاو ئازارەكانم لەمەترسییەكانی ستەمكار ئاگاداربكەمەوە ، ستەمكار هەر داگیركەر و دیكتاتۆرەكان نین، زۆرجار مەعشووق بەستەمێك یان بە خافڵبوونێك ڕێڕەوی ژیانت بەرەو بیابانی ئازار دەگۆڕێ . نەگەیشتن بە خواستە كەسییەكانم و هەستكردن بە نادادییە گشتییەكانی وڵاتەكەم و قوڵبوونەوە لە ژانی مێبوون منی ئاوێتەی جیهانی شیعر كرد. 
*زۆر جار ناونیشان شیعرێك  سەرەنجی خوێنەران بۆ لای رادەكەێشێت تاچەند گرنگی بە ناونیشانی شیعرەكانت دەدەی؟ 
- بەڵێ سیمۆلۆژیان ( ناونیشان )، لە هەر شیعرێكدا كاریگەری و هاندەری خوێنەر دەبێت بۆ تێگەیشتن لە دەقی شیعر ، زۆرجار جوانترین و پڕ ماناترین  وشەی ناو دەقەكەم كە دەبێتە لوتكەی ئەو شیعرە و هەڵبژاردەی من دەبێت بۆ ناونیشانی شیعرەكانم. 
*لەگەڵ دەركەوتنی تەكنەلۆژیا وتۆڕە كۆمەڵاتییەكانی سۆسیال میدیا زۆرێك لە ئارەزوومەندان شیعر دەنووسن و بڵاویدەكەنەوە، بۆچوونت لەسەر نووسینەكانیان چییە؟
- سۆشیال میدیا ئازادییەكی زۆری فەراهەم كردووە و من هەمیشە گوتوومەو دەڵێم هەموو كەس بەهرەیەكی شاراوە لە ناخیدا هەیە كە دەبێ نەترسانە بۆ لە دایك بوونی ئەو بەهرەیە هەوڵ بدات و بەرگەی هەر رەخنەو شكست و كەوتنێك بگرێ ، دیارە ئەو كەسانەیش بەهرەی نووسینی شیعریان تێدا هەیە كە دەنووسن و بڵاوی دەكەنەوە ،ڕاستە كۆمەڵێ شیعری لاواز دەبینین و  ڕەخنەیان لێ دەگیرێت ،بەڵام من ئەڵێم  كەسێك بوێری ئەوەی هەبێت  قەڵەم بەدەستەوە بگرێ ،  تەنانەت یەك دێڕیش بنووسێ جێگەی دەستخۆشییە و ئەبێ كەسانی شارەزا هاوكارو هاندەریان بن ، نەك بە رەخنەی ڕووخێنەر بێ هیوایان بكەن .
* كۆمەڵی لە شاعیرانی كورد شوێن پەنجەیان لە نێو ئەدەبی كوردی دیارو بەرچاوە كامەن ئەو شاعیرانەی كاریگەریان لەسەر بەرێزت هەبووە،یاخود سەرسامی بە شیعرەكانیان؟ 
 - پێم وانیە شیعری هیچ شاعیرێك لە سەر نووسینەكان و هزری من كاریگەرییان هەبووبێ، بەڵام بەردەوام شیعری  شاعیرە كۆنەكانی كلاسیك و شاعیران شێركۆ بێكەس و لەتیف هەڵمەت و قوبادی جەلیزادو مامۆستا پەشێو  دەخوێنمەوەو سەرسامم بە نووسینەكانیان ، دەكرێت بڵێم كاریگەری قوتابخانەی كلاسیك زیاتر لەسەر من هەیە و خۆم چێژ لەدەقی كلاسیك زیاتر دەبینم . 
*شیعرەكانی تۆ چۆن لەدایك دەبن؟ بەمانایەكی تر هەوێنی شیعرەكانی تۆ چین؟
 - شیعر خۆ نوسینەوەی خودی شاعیرە كە بریتیە لە "شكست، تەنیایی ڕۆح، لەدەستدانی ئازیزان، غوربەت، هەست كردن بە ئازارەكانی كۆمەڵگە و كەسانی دەورووبەر و جوانییەكان" هەركامێكیان دەتوانن كاریگەری نەرێنی یاخود ئەرێنی لەسەر شاعیر دروست بكەن  بۆ دەربڕینی هەستەكان و لە دایك بوونی شیعر ، منیش شیعرم لەسەر هەموو ئەو دیمەنانە هەیە كە شایانی هەڵوەستەن . 
* خاوەنی دوو كتێبی شیعری چاپكراون، یەكێكیان بەناوی (پێكەنین بە تەمامی گریان) ، ئەگەر باس لە ناوەڕۆكی كتێبەكە بكەیت مانشێتەكەی زۆر سەرنج راكێشە؟
- من دوو كتێبی چاپكراوم هەیە بە ناوەكانی ( ڕووان بە لاپاڵی غوربەتەوە) كە لەساڵی 2017 دا چاپ كراوە لەگەڵ (پێكەنین بە تامی گریان)، لەساڵی 2020دا چاپ كراوە ، هەر دوو كتێبەكە لە هۆڵی نووسەرانی كورد لقی سلیمانی ناساندنیان بۆ كراوەو  خراوەتە بەر دیدەی خوێنەر. هەروەها سیدییەكی دەنگیشم لە شیعرەكانی كتێبی (ڕووان بە لاپاڵی غوربەتەوە) تۆمار كردوەو لە ئێستادا لە سەنتەری ئەیاد  بەردەستە.
ناوەڕۆكی هەردوو كتێبەكەم بریتیە لە كۆمەڵێ  شیعری خۆشەویستی و نیشتیمانی و كۆمەڵایەتی كە بە ستایلی كلاسیك و ئازادو هایكۆ و قەسیدە نووسراوە زۆر جار ناونیشانی كتێب یا شیعرێك ئەتوانێ ببێتە مانشێت و خوێنەر بۆ خوێندنەوە ڕابكێشێت ،بە ڕای خۆم مانشێتی كتێبی (پێكەنین بە تامی گریان)
لە پێشدا ناونیشانەكەیەتی و دواجار شیعرە ئاشقانەكانییەتی كە ڕاستگۆیانە بە هەستێكی پاكی  ژنانەوە نووسراوە.
*چۆن دەڕوانیتە رەخنە ئایا بەرێزتان روبەرووی رەخنە بوویتەوە؟
- بێگومان هەموو كەس ناتوانێ رەخنەگربێت ئەگەر لەو بوارەدا نەیخوێندبێ و دیراسەی نەكردبێ،  رەخنەی دروستكەر و ڕووخێنەرمان هەیە ئەگەر كەسێكی خوێنەرو شارەزا لە بواری رەخنەدا بە دڵسۆزی بۆ دروست كردن و بەرەوپێش چوونم رەخنەم لێبگرێت، بە دڵێكی گەورەوە وەری دەگرم و هەوڵ ئەدەم سوود لە زانیاریەكانی وەر بگرم و سوپاسی دەكەم ،بەڵێ بە دڵنیاییەوە ڕوبەڕووی رەخنە بوومەتەوە  كە توانیومە بەم ئاستە بگەم .
* چیت هەیە بۆ ئەو ئافرەتانەی بەهرەكانیان دەرناخەن و دەیشارەنەوە؟
- نووسین و دەر بڕینی هەستەكان جۆریكە لە یاخی بوون ، كە یاخی بووی نابێ سڵ بكەیت و سەیری دواوە بكەیت، " دەنگەكەت، قەڵەمەكەت، هونەرەكەت" چەكی تۆیە بۆ سەركەوتنت، بەو چەكە شەڕ بكە و بەرەو لوتكەهەنگاو بنێ، ئێمە ئافرەتین ئافرەتیش جوانترین و بەنرخترین بوونەوەری سەر زەوییە، تكایە با خۆمان بین.
*پرۆژەی داهاتوون چیە؟
- دوو كتێبم ئامادەی چاپن، یەكێكیان شیعرەو  یەكێكیان كۆمەڵێ چیرۆكی ڕاستەقیینە لە ژنانی زوڵم لێكراو كە لە ئارایشتگاكەم لە كاتی جوانكاری، ئازارەكانی ژیانی خۆیان باس كردووەو لە گەڵیان گریاوم و لە گەڵم گریاون .
هەڤپەیڤین – كامەران حاجی ئەلیاس

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.