پارێزگهی ههولێر ڕایگهیاند كه له چهند كاتژمێری داهاتوودا رێگهی نوێی دهربهندی گۆمهسپان كه رێگهیهكی كاتییه، تهواو دهبێت و بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان بهكاردێت.
پارێزگای ههولێر رایگهیاند: ئەو ڕێگایەی ئێستا هەیە، کە لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوودا بەهۆی بارینی ڕێژەیەکی زۆری باران و کۆبوونەوەی ئاوی بەنداوی دەربەندی گۆمەسپان كەوتبووە ژێر ئاو، ئێستا ئاستی ئاوەکەی دابەزیوە و هاتوچۆ له ڕێگهكه ئاسایی بۆتەوە و لە 48 کاتژمێری داهاتووشدا رێگایەکی تری نوێی دەربەندی گومەسپان تەواو دەبێت بۆ هاتوچۆکردنی هاووڵاتییان.
راشیگهیاند: لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەی دروستکردنی دەربەندی گۆمەسپان ئێستا ڕێگایەکی كاتی دروست دەكرێت کە بڕیارە لە 48 کاتژمێری داهاتوو كارەكانی تەواو بێت و بۆ هاتوچۆ بەكاربێت، بڕیاریشە تا ساڵێكی تر ڕێگایەکی تری سەرەكی بە درێژایی 3 كیلۆمەتر لە ڕێی ئێستای بەنداوەكە و دوورتر دروست بكرێت، لەبەر ئەوەی ئەو ڕێگا كۆنەی کە ئێستا هەیە دەكەوێتە ژێر ئاو و چیتر هاتووچۆی لێ ناکرێت.
بەنداوی گۆمەسپان گەورەترین بەنداوە لە سنووری پارێزگەی هەولێر و سێیەمینە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لە دوای هەردوو بەنداوی دووكان و دەربەندیخان لە سنووری پارێزگەی سلێمانی، ئێستا لە 60 بۆ 65%ـی كارەكانی تەواو بووە، تێچووی پڕۆژەكە 95 ملیار دینارە و بەرزییەكەی 70 مەتر و درێژییەكەی 512 مەترە، ههروهها توانای گلدانەوە و ئەمباركردنی 115 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی بارانی هەیە و رووبەرەكەی شەش ملیۆن و 125 هەزار مەتر سێجایە.
بە تەواوبوونی بهنداوی گۆمهسپان رۆڵێكی گرینگی لە پاراستنی سامانی ئاو و رووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی دەبێت، دەشبێتە سەرچاوەیەكی گرینگی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هەولێر، ههروهها كەرتی گەشتیاریش لە هەرێم زیاتر دەبووژێنێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.