ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م به‌یاننامه‌یه‌كی له‌باره‌ی بۆردومانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی سه‌ر باره‌گایه‌كیان له به‌غدای پایته‌ختی عێراق بڵاو كرده‌وه و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ئه‌وان ئاماده‌ن بۆ هه‌ر فه‌رمانێك كه له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كان پێیان بدرێت به مه‌به‌ستی پاراستنی سه‌روه‌ری و سه‌قامگیری خاك و وڵات.
ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی له به‌یاننامه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م جارێكی دیكه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه به درۆن هێرشكرایه سه‌ر باره‌گایه‌كی حه‌شدی شه‌عبی كه باره‌گایه‌كی ئه‌منیی فه‌رمییه.
ڕاشیگه‌یاند: ئه‌م كرده‌وه تیرۆریستییه پێشێلكارییه‌كی ئاشكرای سه‌روه‌ری عێراق و ئه‌و هێزه ئه‌منییانه‌یه كه سه‌ر به فه‌رمانده‌یی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانن، هه‌روه‌ها بۆردومانه‌كه پێچه‌وانه‌ی هه‌موو یاسا و عورفه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیشه.
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: ئه‌م كاره مه‌به‌ستدار و مه‌ترسیداره، گوزارشته له پێداگیرییه‌كی ئاشكرا له‌سه‌ر پێشێلكردنی سه‌روه‌ری و یاسا به‌ركاره‌كانی عێراق، هه‌روه‌ها سوكایه‌تییه به خوێن و كه‌ڕامه‌تی عێراقییه‌كان.
ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی جه‌ختیشی كرده‌وه كه "لێره‌دا دووباره‌ی ده‌كه‌ینه‌وه كه حه‌شدی شه‌عبی ئاماده‌یه بۆ جێبه‌جێكردنی هه‌ر فه‌رمانێك كه له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كان ده‌ربكرێت بۆ پاراستنی سه‌روه‌ری عێراق و یه‌كێتی و سه‌لامه‌تی هاووڵاتییانی.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م به فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان بۆردومانی لیوای 12ی بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌بای سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی كرا و له ئه‌نجامی بۆردومانه‌كه‌شدا دوو سه‌ركرده‌ی بزووتنه‌وه‌كه كوژران و شەش ئه‌ندامی دیكه‌ی حه‌شدی شه‌عبیش بریندار بوون.
لای خۆیه‌وه ئاژانسی (رۆیته‌رز) له‌سه‌ر زاری به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مه‌ریكی گواستییه‌وه كه سوپای ئه‌مه‌ریكا بۆردومانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی به‌غدای بۆ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌با ئه‌نجامداوه. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه بۆردومانه‌كه له‌به‌ر ئه‌وه بووه كه ئه‌وه‌ی ئه‌م گرووپه به‌رپرس بووه له هێرشه‌كانی ئه‌م دواییه بۆ سه‌ر سوپای ئه‌مه‌ریكا.
هه‌ر له‌سه‌ر بۆردومانه‌كه، یه‌حیا ڕه‌سوول گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق ڕایگه‌یاندبوو كه بۆردومانه‌كه پێشێلكارییه‌كی ئاشكرای سه‌روه‌ری و ئاسایشی عێراقه، جه‌ختیشی كردبووه‌وه كه بەرپرسیارێتیی بۆردومانه‌كه لە ئەستۆی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.