ئهمڕۆ سێشهم پارێزگهی ههولێر ئامارى ڕووداوەکانى رێكهوتی 2023.12.25 تاوەکو 2024.1.1 بڵاو كردهوه و تێیدا ئاماژهی بهوه دا كه لهو ماوهیهدا بۆ ئاههنگهكانی سهری ساڵ زیاتر له 63 ههزار گهشتیار هاتبوونه شاری ههولێر.
پارێزگهی ههولێر ڕایگهیاند: بەپێی ئەو بەرنامە و ئامادەکاری و پلانانەی بۆ پێشوازیکردن لە سەرى ساڵى نوێ لەلایەن پارێزگای هەولێر لە 2023.12.25 تاوەکو 2024.1.1 ئامادە کرابوو، سەرجەم ڕێکارەکان بە سەرکەوتووى ئەنجامدران و پلان و ئامادەکارییەکان چۆن داڕێژرابوو لەپێناو پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شار و سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان وەکو خۆى و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێ کرا، بەمشێوەیەی خوارەوە:-
یەکەم/ گەشت و گوزار:-
لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر لە سنووری پارێزگای هەولێر، چەندین لێژنەی تایبەت پێک هێنرا بە مەبەستی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ بنکە و ناوچە گەشتیارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە ڕووی گەشتیاران و پێکهێنانی لیژنەى تایبەت بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە دەروازەکانی سنوورى پارێزگاى هەولێر و چاودێریکردن و دابینکردنی خزمەتگوزاریی لە سەیرانگاکان و شوێنە گەشتیارییەکان و میوانخانە و چێشتخانەکان، لە 2023.12.25 تاوەکو 2024.1.1، (63 هەزار و 509) گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە.
دووەم/ هاتووچۆی هەولێر:-
پلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران، سەبارەت بە ڕووداوەکانى هاتووچۆش لە 2023.12.25 تاوەکو 2024.1.1 بەهۆى پابەند نەبوون بە یاساکانى هاتووچۆ و خێرا لێخوڕین (14) ڕووداوى هاتووچۆ ڕوویان دا کە بەداخەوە بەهۆیانەوە (2) کەس گیانیان لەدەست دا و (25) کەسى دیکەش برینداربوون.
سێیەم/ ئاسایشی هەولێر:-
بەپێی ئەو پلان و ئامادەکارییانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران و بۆ هەرحاڵەتێکی پێویستیش، سەرجەم هێزەکانی ئاسایش لە ئەرکدا بوون.
چوارەم/ پۆلیسی هەولێر:-
پلانی ئەمنی بۆ پاراستنی سەروماڵ و گیانی هاوڵاتییان و ئامادەباشی سەرجەم هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بەبێ هیچ گیر و گرفتێک تەواوی بڕگەکانی وەک خۆى جێبەجێکران، لە 2023.12.25 تاوەکو 2024.1.1، (49) حاڵەت و تاوانى جۆراوجۆر ئەنجامدراوە، هەر (49) حاڵەت و تاوانیش ئاشکرا کراوە و تاوانباران و ئەنجامدران دەستگیر کراون.
پێنجەم/ بەرگریی شارستانی:-
تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگریی شارستانی هەولێر لە ئەرک دابوون، 2023.12.25 تاوەکو 2024.1.1، (18) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، حاڵەتەکانیش لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و جگە لە زیانی ماددی (5) هاووڵاتى بە سووکى بریندار بوونە و سوپاس بۆ خودا هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتۆتەوە.
شەشەم/ بەڕێوەبەرایەتى گشتیى تەندروستى:
تەواوى تیمە تەندروستیەکان و نەخۆشخانەکان لە ئەرک دابوونە، لە 2023.12.25 تاوەکو 2024.1.1، (13747) نەخۆش سەردانى نەخۆشخانەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێریان کردووە، (4128) کەسی دیکەش سەردانى ڕاوێژکارى پزیشکیان کردووە، (100) نەشتەرگەرى ئەنجامدراوە، جگە لە (54) حاڵەتى فریاکەوتن و (3) حاڵەتى گەستنى سەگ و (160) حاڵەتى وەرگرتنى چارەسەرى کیمیاوى، لە نەخۆشخانەکانی (لەدایكبوون و ئافرەتان، ن. شقاڵاوه، ن.عطایای ئیماران بۆ لە دایكبوون و منداڵان) (2737) نەخۆش سەردانیان کردووە، (239) منداڵ (117) کوڕ و (122) کچ بەئاسیى لەدایک بوونە و (60) منداڵی دیکەش کە (34)یان کوڕ و (26)یان کچ بوونە بەنەشتەرگەری لەدایک بوونە.
پارێزگهی ههولێر دەستخۆشی لە یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکان و هێزە ئەمنییەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر و تیمەکانی شارەوانی و ژینەگەپارێزان لە سەرجەم قەزا و ناحییەکان كرد، کە لە ماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوو وێڕاى پشووى فەرمانگەکانیان لە ئەرکدابوون.
جهختیشی كردهوه كه جارێکی تر وەکو پارێزگهى هەولێر هاووڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی هەولێری پایتەخت دڵنیا دەکەینەوە وەک هەمیشە لە خزمەتی ئێوەدا دەبین بۆ دەستەبەرکردن و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان و بە هەموو توانایەکمانەوە بە پشت بەستن بەتوانا و چاوکراوەیی هێزە ئەمنییەکان، شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی سەلامەتی و پارێزگاریکردن لە سەر و ماڵتان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.