Erbil 1°C ھەینی 29 تشرینی دووەم 08:31

سەرۆك بارزانی پەیامێكی بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی راگەیاند

کوردستان TV
100%

سەرۆك بارزانی پەیامێكی بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی بڵاوكردەوەو رایدەگەێنێت، پێویستە هەموو لایەك ئەوە باش بزانن گەلانی ناوچەكە مافی خۆیانە بتوانن لە ئاسوودەیی و ئاشتی و دوور لە نكۆڵیكاریدا بژین و چیتر ناوچەكەمان بەرگەی كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و ناسەقامگیری ناگرێت.
دەقی پەیامەكەی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زاینییەوە پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم و هیوای خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەك دەخوازم.
لەكاتێكدا بەرەو دەستپێكی ساڵی تازە دەڕۆین كە ناوچەكە بە گشتی لەژێر هەڕەشەی ناسەقامگیری و نانەوەی قەیران و شەڕ و ئاژاوە دایە. پێویستە هەموو لایەك ئەوە باش بزانن گەلانی ناوچەكە مافی خۆیانە بتوانن لە ئاسوودەیی و ئاشتی و دوور لە نكۆڵیكاریدا بژین و چیتر ناوچەكەمان بەرگەی كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و ناسەقامگیری ناگرێت. لەونێوەدا ئەركی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە لەپێناو پاراستنی ئاشتی و ئاساییش و ڕێگەگرتن لە فراوانبوونی قەیران و هەڕەشەكان لەناوچەكەماندا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و كار بە پابەندییەكانی بكات. لە ساڵی تازەدا ئەو چاوەڕوانییە لە حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ هەیە كە بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و پابەندبوون بە بنەماكانی دەستوور و بەرژەوەندیی گەلانی عێراق هەنگاو بنێت. پەیامی گەلی كوردستانیش بۆ هەموو لایەك هەمیشە پەیامی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن و چارەسەری بووە و ئەمە باشترین ڕێگەیە بۆ بەدیهاتنی سەقامگیری و ئارامی و پێشكەوتن.
هیوادارم ساڵی 2024 ساڵی كۆتاییهاتنی گرفتەكانی عێراق و ناوچەكەمان بێت و ئاشتی و ئاسوودەیی بۆ هەموو هاووڵاتیانی كوردستان و عێراق و گشت ناوچەكەمان بێتە دی.
مسعود بارزانی
31ی كانوونی یەكەمی 2023
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.