Erbil 7°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 19:27

گەشتوگوزار: لە 11 مانگدا نزیكه‌ی 8 ملیۆن گه‌شتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە

کوردستان TV
100%


بۆ پشووی سەری ساڵ پێشبینی هاتنی زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان دەکرێت.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، ئیبراهیم عەبدولمەجید: بۆ پشووی سەری ساڵ کە ماوەی حەفتەیەک دەخایەنێت، پێشبینی دەکەین زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار سەردانی شارەکانی هەرێم بکات، هاوکات لە ماوەی 11 مانگی ئەمساڵی حەفت ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار و سەردانیکار لە هەرێم تۆمارکراون لە کاتێکدا لە ساڵی2022 دا شەش ملیۆن و 35 هەزار گەشتیار و سەردانیکار لە هەرێم تۆمار کرابوون.


دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ڕایدەگەیەنێت کە بەپێی پێشبینییەکانییان بۆ پشووی سەری ساڵ زیاتر لە 200هەزار گەشتیار سەردانی هەرێم دەکەن و ئەوەش دەخاتەڕوو کە لە 11 مانگی ڕابردوودا حەفت ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار و سەردانیکار لە هەرێم تۆمارکراون.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، ئیبراهیم عەبدولمەجید ئیبراهیم لەبارەی هاتنی گەشتیاری زستانە و هاوکات هاتنی گەشتیاران بۆ پشووی سەری ساڵ، رایده‌گه‌ێنێـت: پلانێکی هەشت ساڵەمان هەیە کە کۆمەڵێک تەوەری ستراتیژی لەخۆدەگرێت، یەکێک لەو تەوەرانە بریتییە لە پەرەپێدانی جۆرەکانیی گەشتوگوزار، لەنێویشیاندا گەشتوگوزاری زستانە، خۆشبەخاتە هەرێم بۆ ئەم جۆرەی گەشتوگوزار زۆر گونجاو و لەبارە، ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، دەست دەکەین بە ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و بۆ ئەمساڵ ئامادەکاری کراوە بۆ ئەوەی لەکاتی دابارینی بەفر چەندین چالاکی سەرکێشی ناو بەفر ئەنجام بدرێت، لە چیای کۆڕەک و چیای حەسەن بەگ لە سنووری پارێزگای هەولێر، هەروەها لە قەزای پێنوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە چەند ناوچەیەکیش لە پارێزگای دهۆک، بێگومان ئەمانەش بەشێکن لە پلانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری.

لەبارەی پێشبینییان بۆ هاتنی ژمارەی گەشتیاران بۆ هەرێم لە پشووی سەری ساڵدا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی: بەپێی هەڵسەنگاندنمان ژمارەیەکی زۆر گەشتیار سەردانی هەرێم دەکەن و لەمبارەیەوە زنجیرەیەک کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە بۆ ئەوەی بتوانین گەشتیار هەست بە ئاسوودەیی بکات لەمیانی مانەوەیان لە هەرێمدا، هەر بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکمان هەیە لە بازگەکان بۆ ئەوەی هەموو هەوڵێک بدەین کە دیوێکی جوانی هەرێم لە زهنی گەشتیاران بچەسپێنین بە پێدانی گوڵ، شیرینی، بڕۆشۆر و ڕێبەری گەشتیاری بۆ ئەوەی گەشتیاران هەست بە ئاسوودەیی و دڵنیایی بکەن.

ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتیشی: بۆ پشووی سەری ساڵ کە ماوەی حەفتەیەک دەخایەنێت، پێشبینی دەکەین زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار سەردانی شارەکانی هەرێم بکەن.

لەبارەی ئامارەکانی ساڵی ڕابردووش، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی: لە ساڵی ڕابردوودا 2022 شەش ملیۆن و 35 هەزار گەشتیار و سەردانیکار بۆ هەرێم هەبووە، هاوکات داتای 11 مانگی ئەمساڵیش حەفت ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار و سەردانیکار لە هەرێم تۆمارکراون کەواتا ژمارەکە بەرزبووەتەوە و پلانمان وایە بۆ ساڵانی داهاتووش ژمارەکە بەرزتر بکەینەوە".

ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتیشی: ئێمە سێ جۆر گەشتیارمان هەیە، گەشتیارانی ناوخۆ، گەشتیارانی باشوور و ناوەڕاست، هەروەها گەشتیارانی نێودەوڵەتی، خۆشبەختانە سەدا 25ی کۆی ژمارەی گەشتیاران بریتیین لە گەشتیارانی نێودەوڵەتی.

لە ئێستادا لە ھەرێمی کوردستان، سێ ھەزار و 100 بنکە و ناوەندی گەشتیاریی ھەیە کە خزمەتگوزاریی پێشکەش دەکەن و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر سەردانیان دەکەن، هاوکات بەپێی داتاکانی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار بەشێک لەو شوێنانەی بریتیین لە 714 کافتریا، 10 شاری یاری، 589 ڕێستورانت، 599 کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری، 54 کۆمەڵگای گەشتیاری، 460 هۆتێل و 282 مۆتێل.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.