Erbil 9°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 08:45

یه‌حیا ڕه‌سوول: بكه‌رانی هێرشه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر ده‌ستگیر ده‌كه‌ین

کوردستان TV
100%

گوته‌بێژی فه‌رمانده‌یی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان هه‌موو هه‌وڵی خۆیان ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستیان بگاته‌ بكه‌رانی هێرشه‌ درۆنییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و ده‌ستگیریان بكه‌ن.

سه‌رله‌ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌م به‌ درۆنێكی بۆمبڕێژكراو هێرشكرایه‌ سه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر.

له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌، یه‌حیا ڕه‌سوول گوته‌بێژی فه‌رمانده‌یی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق ڕایگه‌یاند: هێرشه‌كه‌ به‌ درۆنی بۆمبڕێژكراو له‌لایه‌ن گرووپه‌ له‌ یاسا ده‌رچووه‌كان ئه‌نجامدراوه‌ و ئامانج لێی زیانگه‌یاندن بووه‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی و په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و جیهانیدا.

ڕاشیگه‌یاند: هێرشه‌كه‌ بووه‌ته‌ هۆكاری برینداربوونی چه‌ند سه‌ربازێكی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ڕاگرتنی به‌شێوه‌ی كاتی گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و هه‌روه‌ها دروستبوونی گۆڕانكاری له‌ كات و دواكه‌وتنی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان.

یه‌حیا ڕه‌سوول جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان هه‌موو هه‌وڵی خۆیان ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی بكه‌رانی هێرشه‌كه‌ ده‌ستگیر بكه‌ن تا به‌ سزای خۆیان بگه‌یه‌نن.

هه‌ر له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌وه‌، دژه‌تیرۆری كوردستان له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕایگه‌یاندبوو كه‌ هێرشه‌كه‌ كاتژمێر 16:03 لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە ئه‌نجامدرابوو.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی هێرشه‌كه‌ بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بووه‌ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.