Erbil 5°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 02:15

كاروان عەلی: چیڕۆكی منداڵان دەبێ سەرەتا و ناوەڕاست و كۆتاییەكەی ڕوون و دیار بێت

کوردستان TV
100%

نووسین لە بواری منداڵان كارێكی ئاسان نییەو نووسەرانی ئەم بوارە دەبێ شارەزایەكی باشیان لە هەموو قوناغەكانی تەمەنی منداڵان هەبێت و خاوەن سەلیقەیەكی باش بن، یەكێك لەو نووسەرانەش كە حەیامێكە خۆی بۆ ئەو بوارە تەرخان كردووە، نووسەر و شانۆكار (كاروان عەلی)یە كەلە ئێستادا قوتابی دكتۆرایە خاوەنی چەندین كتێبی چاپكراوە لەم بوارەدا، تەنانەت ماستەر نامەكشی هەر لەبواری منداڵان بووەو لە ئێستادا قوتابی دكتۆرایە لەهەمان بواردا، بەچاكمان زانی لەبارەی ئەدەبی منداڵان وەكو ماڵپەڕی كوردستان تیڤی لە نزیكەوە بە چەندپرسیارێك بەسەری بكەینەوە. 
*ئەگەر بكرێت كورتەیەك لە ژیانی منداڵی خۆت  باس بكەیت، چی وای لێكردی رووبكەیتە ئەدەبی مناڵان؟
- لە منداڵیدا منداڵێكی بزێو و پڕ جووڵە و پرسیاركار و وەڵام خوازبووم، هەمیشە ئارەزووم لەخوێندنەوە بوو، هەندێك جار وڕێنەم دەنووسی وپێموابوو شتێكی باشم نوسیووە، خۆ لەڕاستیدا وانەبوو، بەڵام ئەمانە بوونە هۆی ئەوەی بەردەوامبم، تا ئەمڕۆ، لە ژیانی منداڵیمدا بەهۆی باریگرانی ژیان و هەژاری بنەماڵەكەمانەوە زۆر ئازارم بینی، خوێندنم زۆر بە ئەستەم تەواوكرد، كە دەڵێم ئەستەم، مەبەستم لایەنی ماددی و جلو بەرگ و پێداویستییەكانە، بەڵام سوپاس بۆ خوا هەموو ساڵێك لە پۆلی یەكی بنەڕەتییەوە تا ئەمڕۆ كە قوتابی دكتۆرام هەمیشە هەر بە پلەی یەكەمم دەست هێناوە، لەهەموو هەنگاوەكان و ساڵەكانی خوێندنمدا، بیرمە زۆر ئارەزووم دەكرد چیرۆكی منداڵان و هۆنراوەی منداڵانم دەست بكەوێت تا بیانخوێنمەوە، زۆر هەوڵمدەدا، جگە لەهەژاریی، ماددە ڕەنگە هۆكار بووبێ بەدەستم نەكەوتبێ، بەڵام هەر بەڕاستی بابەتی منداڵان زۆر كەم بوون،  بۆیە بیرم كردەوە خۆم بنووسم، ڕۆژێك باوكم زۆر خراپ لێیدام، ئەوكات زۆر باسی لەیلا قاسم دەكرا، هەر بەچاوی گریانەوە خۆم بە لەیلا چواندو هۆنراوەیەكم نووسی لە كەدێری یەكەمدا دەڵێم :
سەیری ئەو كچە لاوە
دەڵێی شێرە جەنگاوە
*باشە لەو كاتەدا ئەو بابەتانەی دەتنووسین،بڵاودەكرانەوە؟  
ئەو كاتی كە دەمنووسی بۆ هاوڕێكانم دەخوێندەوە و بەهۆی چەند مامۆستایەكی دڵسۆز لە چەند گۆڤارێك بۆیان بڵاودەكردمەوە، هەرچەندە سەرەتا مامۆستا و هاوڕێكانم باوەڕیان نەدەكرد خۆم نوسیومە، بەردەوام بووم، تا گەیشتە ئەوەی ڕۆژێك بەڕێز نیهال عەلی بەرپرسی بەشی منداڵانی تەلەفیزیۆنی یەكگرتوو داوای كردبوو كە من ببینێ و بزانێ ئایا ڕازیم چیرۆكەكانم بكرێتە فیلمی منداڵان، بۆمن ئەمە هەنگاوێكی گەورەبوو، بینیم و ڕازی بووم و هەرخۆشم نواندنم لەچەند چیرۆكێكی خۆم كرد، بەڕاستی ئەویش سەرەتا باوەڕی نەدەكرد كەخۆم ئەم چیرۆك و هۆنراوانەم نوسیووە، هەربۆیە داوای لێكردم چەند چیرۆكی تری بۆ بنوسم و منیش پاش چەند ڕۆژێك جێ بەجێم كرد و بەدەست و خەتی خۆم دامە دەستی، ئەوسا زیاتر باوەڕی كرد و هەندێكیان كرانە فیلم بۆ منداڵان.
*باشە خێزانەكەت چەند هاوكارت بوون لەم بوارەدا؟
- لەبەر ئەوەی  بنەماڵەكەمان هەرخەریكی مەلایەتی بوونە، هیچمان نەبوو، باوكیشم  زۆر هەژاربوو، تەنانەت لەبەر هەژاری  ناسنامەی باری كەسی (نفوس) بۆ دەرنەهێنابووین،هەر بۆیە كاتێ دەمویست بخوێنم گوتیان: تۆ ناسنامەت نییە ناتوانی بخوێنی زۆر گریام دەستم بەكار كرد، شتێكم پەیدا كرد، ئەوكات تەمەنم دەساڵ بوو، ڕۆژێك بەیانی زوو چومە ماڵی برا گەورەكەم داوای قەرزم لێكرد گوتم: دەچمە سلێمانی و ئاخجلەر و چەمچال، بەدوای نفوس دەكەوم، دەمەوێ بخوێنم، چونكە لەمێژ بوو هەر دەمگوت: دەمەوێ بچمە قوتابخانە، بەڵام پێی نەدام، وای دەزانی نایدەمەوە، دەستی نا بەڕوومەوە، هەرگیز ئەو بەیانییەم بیر ناچێت... بەو بەیانییە منی بچكۆلە لەناخی خۆمدا هێندەی دەریایەك گریام، بەڵام كۆڵم نەدا .
 هەر بۆیە هەژاری و خولیای خوێندنەوە و لێدانی ماڵەوە و ئەمانەی سەرەوەو چاكەی خودا لەسەر هەموو ئەمانەوە هۆكار بوون بۆ ئەوەی گوزارشت لە خۆم و ناخی خۆم و ویستەكانم بكەم لە ڕێگای نوسینەوە، ژیانی منداڵیم  پڕە لە تابلۆی خەمناك و نەبوونی و ئازار و دەردەسەری.
*كەواتە نووسین لە بواری منداڵان تۆی گەیاندە هونەری شانۆ؟ 
-  سەرەتا بەنوسین بۆ منداڵان و خودی خۆم دەستم پێكرد، ڕاستە لەپەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر، لەناوەندی شانۆییدا دیاربووم، چەندین كاری شانۆیی منداڵانم كرد، بەڵام من ئەوكات خاوەنی بەهەرمی چاپكراوبووم، واتە نوسینم بۆ منداڵان هۆكارێكی یارمەتیدەربوون بۆ ئەوەی لەشانۆشدا هەرخزمەتی منداڵان بكەم، تا ئێستاش لە شانۆی منداڵان بە تیۆری و پراكتیكی وەكو نووسەر و ئەكتەر و دەرهێنەر بەردەوامم.
*جیاوازی ئەدەبی منداڵان ، لە گەڵ ئەدەبەكانی تر لەچی دەبینیتەوە؟ 
- هەر لەناونیشانەوە تا سەرجەم بنەماكان نوقتەی كۆتایی بابەت هەموو شتێكیان جیاوازە... بۆ نمونە هەر چنینكاری ئەدەبی منداڵان زۆر چڕترو پوختر دەبێت كاری لەسەر بكرێت، ڕەچاوی لایەنی بەهاكان و ئاكاری و كۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، سایكۆلۆژی و تەمەنی منداڵ و شوێن و ڕەخساندنی ژینگەیی بابەت و...هتد. سەرجەم پێكهاتەكان دەبێت ڕەچاوبكرێت، كەواتە دەتوانین بڵێین ئەستەمی ئەدەبی منداڵان جیاوازییەكی گەورەیە، بەبەراورد بە ئەدەبی گەورەساڵان، هەر لەبەر ئەمەیە نوسەرانی ئەكادیمی و سەركەوتووی منداڵان بەدەست دەژمێردرێن.
*لەو سەردەمەی تەكنەلۆژیادا،دەبێ چۆن منداڵان لە هەموو قۆناغەكانی تەمەن رێنویی بكرێن؟ 
- پێویستە دایك و باوكان هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ منداڵەكانیان بكەن، چونكە سەردەمی تەكنەلۆژیا وەكو دراوێكی دوو ڕوو وایە دەبێت بە ئاگادارییەوە هەنگاوەكانی پەروەردەیی جێ بەجێ بكەن، بۆ ئەوەی نەوەیەكی هۆشیار و لێهاتوو بەرهەم بێنن، دەبێ وابكەن تەكنەلۆژیا بكەنە هۆكاری برەودان بە لایەنی پەروەردەیی و فێركاری و پێگەیشتن و تێگەیشتی نوێ بۆ هەموو لایەنەكانی ژیان، كەواتە دەكرێت ڕووە جوان و پێویستییەكەی تەكنەلۆژیا بكەینە چرای پێشكەوتن و فێربوون ئەگەر زانستیانە مامەڵە بكەین، هەر بۆیە تكای من وایە ڕووی پێویستی تەكنەلۆژیا بۆ فێروبوون و ئاگاداربوون وەكو خۆی بەكار بهێنن.
*چۆن دەڕوانیتە وانەی پەروەردەی هونەر لە ناوەندەكانی خوێندن؟ 
- وانەی پەروەردەیی هونەر گرنگترین وانەیە بۆ چێژ و ڕەخساندنی ژینگەیەكی گونجاوی پەروردەیی و بێزارنەبوون لە قوتابخانە و وانەكانیتر، ئەمە جگە لەوەی وانەی پەروەردەی هونەری چەندین زانیاری پێویستی ژیان و گرنگ دەداتە قوتابی، هەروەها وانەی هونەر هەمیشە دەروازەیە بۆ ئەوەی قوتابی بەهرەمەندی تیا بدۆزرێتەوە، یاخود قوتابی بەهرەكانی خۆی نیشان بدات و مامۆستا پەرە بە بەهرە شاراوەكانی قوتابی بدات، كەواتە وانەی هونەر پێویستە زۆر بایەخی پێبدرێت لەلایەن كارگێڕی قوتابخانەكان و مامۆستا و قوتابیانەوە، خۆشبەختانە ئێستا لە پڕۆگرامی خوێندندا خەریكی دانانی پڕۆگرامی هونەری بازنەیی یەك و دوو و سێ ین بۆ ئەوەی وەكو هەموو وانە پێویستییەكانی تر پڕۆگرامێكی  شایستە پێشكەش بە منداڵانی كورد بكەین.
*ئەو سیفەتانە چین كە پێویستە لە چیرۆكی منداڵان دا هەبێت؟
 - چیرۆك خۆی وەكو ژانرێكی سەربەخۆی منداڵان گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ پێگەیاندن، لەهەموو ڕووەكانی فێربوون و فروانكردنی ئەندێشەی منداڵ و گفتوگۆكردن و ئاراستەكردنیان بۆ هەموو لایەنەكانی پەروەردەیی ژیان، هەربۆیە چیرۆك خاوەنی چەندین بنەمای تایبەت بەخۆیەتی،  هەر بنەمایەك هەڵوێستەیەكی زۆری دەوێت، تا ڕوون بكرێتەوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی وەكو فۆڕم چیرۆكی منداڵان دەبێ سەرەتا و ناوەڕاست و كۆتاییەكەی ڕوون و دیار بێت، دیالۆگەكانی كورت و پوخت و ڕوون و مانابەخشبن، هەڵگری چەندین ئاماژەیی پەروەردەیی بن، دەبێت شوێن و كاراكتەرەكان گونجاوبن لەگەڵ یەكتردا، ڕووداوەكان باش بەیەكەوە لكابن و چنینكارییەكی تۆكمەیان بۆ كرابێت، هەروەكو تەونی جاڵجاڵۆكەبن و هەموو بابەت و بیرۆكەكان تەواوكاری یەكتربن، كاراكتەرەكان و  ڕووداوەكان و گڕێی چیرۆكەكە یان لوتكەی ئامانج بگاتە ئامانجی خۆی، چیرۆك نابێت تەنها گێڕانەوەیەكی بێ بنەمابێت دەبێت زانستیانە لەگەڵ هەموو بابەت و پێداویستی و بنەما یاخود ڕەگەزە سەرەكییەكانی مامەڵە بكەیت، بێگومان ئەمانە و پەیبردن و شارەزابوون لە هەموو بنەماكانی هونەری چیرۆك نوسین و  كاركردن پێیان ئەو تایبەتمەندیانەن كە پێویستە لە چیرۆكی منداڵاندا هەبن.
*ئەو نووسرانە كامەن كە كاریگەریان لە سەرتۆ هەبووە؟
- ناتوانم بڵێم كاریگەری ئەو نووسەرە بەسەرمەوە هەیە، چونكە من لەهەموو هەنگاوەكانم، ویستومە وەكو خۆم بنوسم، وەكو ئەكادیمییەك بڕوانمە بابەتی ئەدەبی منداڵان و پێویستییەكانیان، جا چیرۆك بێت، هۆنراوە، ئۆپەرێت، یاخود دەقی شانۆیی بێت... چی كە بزانم منداڵانی كورد و منداڵ بەشێوەیەكی گشتی پێویستی پێییەتی لەوێ ئەسپی خۆم تاوداوە، بۆیە وەكو ئاماژەدان بەنووسەر ناتوانم هیچ بڵێم، چونكە نووسەرانی كۆن و هەندێك لەمانەی ئێستاش بەڕوونی لە بابەتەكانیاندا بەدەردەكەوێت، شارەزایی تەواوی ئەدەبەكەنین، یاخود شارەزای ژیان و سایكۆلۆژیایی منداڵ و تەمەنەكانیان نەبوون، هەندێك ئاماژەی نا تەندروست لە نووسینەكانیان بەدی دەكرێت كە بەڕاستی نەك خزمەت بەمنداڵ ناكات، بەڵكو منداڵ بۆ ئاراستەی نا تەندروست دەبات، بەرهەمەكانیان بەشێوەیەكی زۆر نا دروست منداڵ ئاراستە دەكات... زۆرێك لەو نووسەرانەی كە لەناو كۆمەڵگا بەنووسەری گەورە لەقەڵەم دەدرێن هەڵەی ئەدەبی زۆر گەورەتریان لەناوی خۆیان هەیە لە ئەدەبی منداڵاندا، بەلامەوە سەیرە هەندێك لەنووسەران كۆمەڵێك بابەت دەنووسن و خەڵكی ئاسایی پێی وایە ئەمە بەرهەمێكی باشە، بێ ئەوەی بزانن مەبەست و ئاماژەی پەروەردەییەكەی چییە، یاخود نوسەرمان هەیە لەنووسەرە جوانەكانی دەبی گەورە ساڵانە، بەڵام دێت لەمەڕ ئەدەبی منداڵ قسەدەكات و سۆشیال میدیا و خەڵكی ئاسایی بەهەند وەری دەگرن، تەنانەت دەبێتە بابەت، لە كاتێكدا دەیان هەڵەی زۆر زۆر گەورە لە زۆرێك لە بەرهەمەكانی بەدی دەكرێت، تەنانەت هەندێك بەناو نووسەر هەن ڕەخنەدەگرن، هێشتا ڕێنوس و خاڵبەندیان  تەواو نییە، ناتوانن چنینی بابەت و كەسایەتییەكان بەیەكەوە ببەستنەوە، هەندێك كاتدا كاراكتەری ناو چیرۆك و ئۆپەرێتەكەی لەبیر دەكات... یاخود گرنگی نادات بە بیركردنەوە لە ئاماژەكان و مەبەستەكانی بن دێری نووسینی منداڵان، كاریگەرییەكانی لەسەر ئایندەی منداڵاندا چییە و چی دەبێت، هەندێكجار هەندێك بابەت دەبینم بابەتی نووسەری تازەن، واتا وەكو ساڵ خاوەنی ئەزموون نین، بەڵام  هێندەی گەردوون پێیان دڵشاد دەبم، چونكە شایانی خوێندنەوە و ئەوەن بخرێتە بەردەستی منداڵ، بەڵام ئەمەش لە پەنجەی یەك دەست تێناپەڕێت، ڕەنگە ئەمانە هەموو هۆكاربووبێت لە پێشودا تا كاریگەری هیچ نووسەرێكم بەسەرەوە نەبێت.
* جگە لەنووسین بەرێزتان وەكوو سەرنووسەر و بەرپرسی لاپەڕە لەچەند رۆژنامە و گۆڤاركار دەكەن ئەگەر باس لەو ئەزموونەی خۆتت بكەیت؟
- لەبەر ئەوەی ئامانجی من خزمەتكرنی ئەدەبی منداڵانە بەشێوەی زانستی و ئەكادیمی، خۆم تەواو یەكلایی كردووەتەوە بۆ ئەم ئەدەبە ئەستەم و تایبەتە، ئەمەش تەواوی ژیانی داگیركردووم، بۆیە ویستوومە لە ژیانمدا زۆرترین كاتەكانم بۆ ئەدەبی منداڵان تەرخانبكەم لە پێشووتردا زیاتر لە دەیان ڕۆژنامە و گۆڤار بەرپرس بوومە هەر بۆ خزمەتی ئەدەبی منداڵان، جگە لە بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكانم، بەڵام لە ئێستا بەرپرس و سەرپەشتیاری بەشی منداڵانی ڕۆژنامەی هەولێرم، لەوێ لەگەڵ هاوكارانم و نووسەرانی ئەدەبی منداڵاندا خزمەت بە منداڵانی كورد دەكەین... جگە لەوەش سەرنوسەری گۆڤاری ناوازەی پەروەردەییم، ئەدەبی منداڵانیش لەم گۆڤارە تایبەتەدا جێگای بایەخە و بە گرنگییەوە دەیان بابەتی جوان لەسەر منداڵ و پەروەردەی منداڵ و هەموو ژانرەكانی ئەدەبی منداڵاندا دەخرێتە بەردەستی منداڵان و فێرخوازان، هەروەها دەستەی نوسەرانی گۆڤاری هەنگی جوانم و هەنگ گۆڤارێكە كە مێژووەكەی شایانی ئەوەیە خزمەتی زیاتری تێدا بكەیت، بەشێوەیەگی گشتی كاركردن لەم هەموو هەنگا و شوێنە جیاوازانە زۆر جار بووەتە هۆی ئەوەی هەندێك نوسەر ڕقیان لێمبێت، چونكە پێم گوتووە بابەتەكە پێویستە زیاتر كاری لەسەر بكرێت یان بابەتەكەم ڕاگرتووە یاخود بەویستی خۆی دەستكاریم كردووە، نامەوێت شتێك لەژێر دەستی مندا تێپەڕێت و مێژوو لەسەرم تۆماری بكات، یاخود ڕوونتر بڵێم نامەوێ وەكو نوسەرانی پێشوو  بەر چەندین هەڵەی ئەدەبی منداڵان بكەوم، بەڕاستی پێمخۆشە ئەوەش بڵێم چەندین نووسەریش هەبوون بەدڵێكی یەكجار جوان و پاك و خزمەتخوازییەوە فەرموویەتی چیت پێباشە وابكە...پێویست بە ڕاوێژی من ناكات، گرنگ بابەتێك پێشكەش بكەین خزمەت بە منداڵان بكات، كەواتە كاركردن لەم جۆرە ئەدەبە سەربەخۆیە كە ئەدەبی منداڵانە شارەزایی زۆری دەوێت لە چەندین ڕووەوە بۆ ئەوەی بەرهەمەكەت و خۆت نەمری بمێنیتەوە، هەروەها پێویستی بە پشوو درێژییەكی زۆر هەیە.
*پڕۆژەیەكەت هەبوو بە ناوی ( بیبلۆگرافیای هونەر) ئەكرێت باس لە ناوەڕۆكی بكەیت؟
-پڕۆژەی بیبلۆگرافیای هونەر گرنگترین پڕۆژەیی مێژووی ناوەندی هونەری كوردییە، چونكە بیبلۆگرافیای هونەر نامەی سەرجەم ماستەر و دكتۆراكانی كوردە لە بواری هونەردا، شانۆ، سینەما، شێوەكاری، مۆسیقا، هەموو بوار و بەشەكانی هونەر لەخۆ دەگرێت، لە ئێستادا خەریكی نووسین و ئامادەكردنی ئەو پڕۆژەیەم، ئینشائەڵڵا لە هەنگاوی یەكەم شەش بەرگ لە بۆكسێكدا چاپ دەكەین، پاشان ئەم پڕۆژە بەردەوامی دەبێت بۆ بەرگەكانی تر، تا تەمەن بواربدات ئەم پڕۆژە گرنگە بەردەوامی دەبێت بەرگ لەدوای بەرگ...گرنگی ئەم ڕۆژەیە لەوەدایە كاتێك توێژەرێك لە ناونیشانێك دەگەڕێت یان دەیەوێت وەكو توێژینەوەی پێشوو توێژینەوەیەك  بەكار بهێنێت ،ناگەڕێت شار بەشار لەدوای ماستەر یاخود تێزی دكتۆرا بگەڕێت، دێت كار لەسەربیبلۆگرافیای هونەر دەكات، كە كۆكراوەی سەرجەم ماستەرو تێزەكانی دكتۆرایە بەهەموو زمانە جیاوازەكانی دنیا كە توێژەر نامەكەی پێ نوسیووە، جگە لە زانیاری كەسی دەبێتە دەروازەیەكی زۆر گرنگی زانستی بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت زانیاری و لێكۆلینەوە لەسەر هونەر بزانن، یاخود بزانن چەندین كەس ماستەر و دكتۆرایان هەیە، هەروەها بیبلۆگرافیای هونەر دەبێتە یەكەم سەرچاوەی زانستی سەرجەم ماستەر و دكتۆراكانی كورد لە بواری هونەردا و كار ئاسانییەكی زۆر دەكات بۆ ناوەندی هونەری  و توێژەران و لیكۆڵەرانی هونەری، بیرمە كاتێك قوتابی ماستەر بووم، دەیان شەو گەڕاوم تا ماستەرێك یاخود دكتۆرایەكم دەست بكەوێت و نزیك بێت لە بابەتەكەم نەبوو، چەندین شار و وڵات گەڕاوم تا چەند نامەیەكم دەست كەوتووە، ئەمە وای كرد دەست بكەمە ئەم كارە گرنگە و ئەو هەموو ئەستەمی و بارە گرانەی سەر توێژەران ئاسان بكەم، چونكە دڵنیام بیبۆگرافیای هونەر دەبێتە ئاسانترین ڕێگا بۆ دەستكەوتنی سەرچاوەی زانستی، چونكە نامەی سەرجەم ماستەر و دكتۆراكانی كورد لەخۆ دەگرێت لە بواری هونەردا.
* بۆچی دەتەوێت هەر لەبواری منداڵاندا بمێنیتەوە؟
- چونكە منداڵان پێویستیان بە خزمەتی زیاترە، هێشتا تینوی بەرهەمی جوان و شایستەن، پێویستیان بەوەیە وەكو منداڵانی دنیا بێ بەش نەبن لە بەرهەمی ئەكادیمی و تایبەت بە بواری خۆیان، لەبەر ئەوە من بەتەواوی خۆم یەكلایی كردووەتەوە بۆ خزمەتی ئەدەبی منداڵان، چونكە زۆر دڵنیام منداڵانی وڵات پێویستیان پێمانە، جگە لەوەش ئەدەبی منداڵان هێندە ئەستەم و تایبەتە تا كۆتایی تەمەن خزمەت بكەی ئەوسا ئەگەر بتوانی چەند خشتێك لەسەر كۆی ئەدەبە تایبەتەكەیان دابنەی، كە شایانی شانازیی بێت، من لەگەڵ نوسینی هەربەرهەمێك هەست بە ئاسوودەیی دڵم دەكەم، هەر بۆیە بەهیچ جۆرێك نامەوێ وەكو نوسەرانی پێشوو یاخود ئێستابم، ئەگەر بڕوانیتە سەرجەم نووسەرانی كۆن و ئێستاش دەیان بەرهەمیان هەیە كە بۆ گەورە ساڵانە، من دەمەوێت، تا كۆتایی تەمەن لەخزمەتی منداڵاندا بمێنمەوە، ئەوسا هەست بە شانازی دەكەم.
*گرنگی دەروازەیەك بۆ شانۆی منداڵان لە چیدایە كە تازەترین كتێبتانە؟
- دەروازەیەك بۆ شانۆی منداڵان یەكێكە لە كتێبە تایبەتییەكانی ژیانم، هەرچەندە من هەر 11 كتێبەكەم وەك ڕۆحم خۆشدەوێ، بەڵام دەروازەیەك بۆ شانۆی منداڵان تایبەتمەندیی لەوەدایە كە مامۆستایانی زانكۆ و سەرجەم ناوەندە ئەكادمییەكان و مامۆستایانی هونەر و فێرخوازان دەتوانن، سوودی لێوەربگرن، لەم پەرتووكەوە دەتوانن بەتەواوی منداڵان ئاشنا بكەن، بە شانۆی منداڵ و سەرجەم ڕەگەز و تایبەتمەندییەكانی شانۆی منداڵان و جۆرەكانی... ئەم كتێبە زیاتر لە سەدان ناونیشانی گرنگی تێدایە، لە مێژووی دەستپێكی شانۆی منداڵەوە تاوەكو ئێستا.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

کولتوور و هونه‌ر هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.