Erbil 9°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 05:40

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس ... ده‌نگ و ئاوازێكی خه‌مگین و لێوان لێو له‌ خۆزگه‌..!

_ حه‌سه‌ن هه‌یاس : مامۆستا عه‌لی مه‌ردان : زانكۆی مه‌قاماته‌ ..! _ به‌رزان وه‌هاب : سه‌ركه‌وتنی حه‌سه‌ن هه‌یاس له‌وه‌دایه‌ له‌ناخه‌وه‌ گۆرانی ده‌چڕێت..!
کوردستان TV
100%

له‌مێژبوو ئاره‌زووم بوو له‌نزیكه‌وه‌ به‌دیداری شاد ببم و ده‌م و دوویه‌ك پێكه‌وه‌ بكه‌ین ، هه‌رچه‌نده‌ یه‌ك دووجار له‌ كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ی هونه‌ری دا به‌ خزمه‌تی گه‌یشتبووم ،ئه‌و خاوه‌نی ده‌نگ و گه‌روویه‌كی پاك و كوردانه‌ی گه‌رمه‌سێره‌، به‌شێوازێكی زۆرشیرینی ده‌ڤه‌ره‌ جوان و شاره‌دێرینه‌كه‌ی كوردان ( خانه‌قین) گۆرانی و مه‌قام ده‌چڕێ ، هه‌ست و ناخی گوێگر ده‌هه‌ژێنێت، له‌گه‌روویدا سۆزێكی خه‌مگین و لێوان لێو له‌خۆزگه‌و حه‌سره‌ت و ئاواتی به‌دی نه‌هاتوو ده‌كرێت.

سوپاسبژێری بۆ په‌روه‌ردگاری به‌خشنده‌، له‌ڕۆژی سێ شه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی( 12/12/2023) له‌ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندیم پێوه‌ كرد و پێم ڕاگه‌یاند ده‌كرێت میوانداریم قبوڵ بفه‌رموون، زۆر میهره‌بانانه‌و به‌ زووانێكی شیرینه‌وه‌ لوتفی نواند و ئاماده‌گی خۆی نوواند كه‌ ده‌رفه‌تی هه‌یه‌ و ده‌رگای ماڵ ئاوه‌ڵایه‌، به‌حورمه‌ته‌وه‌ له‌هه‌مان ڕۆژ چوومه‌ خزمه‌تی هونه‌رمه‌ندی به‌سته‌و مه‌قام، بێژه‌ر ، هۆنراوه‌نووس و ئاوازدانه‌ر ( حه‌سه‌ن هه‌یاس) .

كاتێك له‌نزیكه‌وه‌ به‌خزمه‌تی گه‌یشتم و به‌وپه‌ڕی خانه‌دانیه‌وه‌ خۆیی و هاوسه‌ره‌ به‌ڕێزه‌كه‌ی میواندارییان لێكردم .

حه‌سه‌ن هه‌یاسی هونه‌رمه‌ند كاتێك له‌نزیكه‌وه‌ ده‌یدوێنی، ئه‌م مرۆڤه‌ نه‌رم و نیانه‌ لێوان لێوه‌ له‌ جوانی و زووان شیرینی و دڵسۆزیی و خه‌مخۆریی ، به‌ڵام له‌ناخه‌وه‌ لێورێژه‌ له‌خۆزگه‌ و ئاوات ، هه‌ستكردن به‌ زوڵم و چه‌وساندنه‌وه، خه‌می مرۆڤه‌ زوڵم لێكراو و دڵه‌ بێنه‌واكان، خه‌م و ئاواتی ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌گشتی و ئارامیی و ئاوه‌دانی بۆ شاره‌ شیرینه‌كه‌ی خانه‌قین.

دوای خۆناساندن پێم ڕاگه‌یاندن ده‌كرێت كێوماڵێك به‌نێو لاپه‌ڕه‌كانی ژیانی ڕابردووتدا بكه‌ین و زیاتر له‌لای خوێنه‌ران و هه‌وادارانی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌تان  ئاشنا بیت و زیاتر بزانن هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس كێیه‌ ؟ و چۆن بۆته‌ ڕێبوارێكی به‌ئه‌مه‌ك و دڵسۆزی ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ری به‌سته‌و مه‌قام؟!.

سه‌ره‌تا هونه‌رمه‌ند به‌وشێوه‌یه‌ خۆی ناساند :

من ناوم ( حه‌سه‌ن هه‌یاس محه‌مه‌د عه‌لی) یه‌ ، له‌ڕێكه‌وتی ( 9/2/1963) له‌دایكبووم.

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس، له‌خانه‌واده‌یه‌كی جوتیاری زه‌حمه‌تكێش له‌ئاوایی( عه‌لی خان) ی سه‌ربه‌شاری( خانه‌قین) چاوی به‌ژیان هه‌ڵهێناوه‌،

باوكی جوتیار بووه‌، كارو ئه‌رك و به‌خێوكردنی خانه‌واده‌یه‌كی (7 كه‌نیشكه‌و 7 كوڕ) ی له‌ئه‌ستۆدابووه‌، به‌وشێوه‌‌ جوامێرانهیه‌ و پشت به‌په‌روه‌ردگار، هێزو بازووی خۆیی له‌ناخی زه‌ویه‌ به‌پیت و به‌ره‌كه‌ته‌كه‌ی ‌  بژێوی ژیانی خانه‌واده‌كه‌ی دابینكردووه‌.

( هه‌یاس محه‌مه‌د عه‌لی) باوكی هونه‌رمه‌ند له‌بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكی گوندی( سوفه‌ییه‌) ی سه‌ربه‌شاری هه‌ولێره‌، خاوه‌نی ده‌نگێكی به‌سۆز و خۆش بووه‌.

حه‌سه‌ن ته‌مه‌نی منداڵی له‌ ئاوایی(عه‌لی خان) به‌سه‌ر بردووه‌، منداڵێكی بزێو و پڕ جوڵه‌ و هه‌میشه‌ حه‌زی بووه‌، له‌كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ی گه‌وره‌كاندا بوونی هه‌بێت و به‌شێوازی قسه‌كردن و ڕه‌فتاری گه‌وره‌كان ئاشنا بێت‌،  له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌فتاره‌شدا حه‌سه‌ن خۆشه‌ویستی خانه‌واده‌و خه‌ڵكی گوند و مامۆستاكانی بووه‌.

قۆناغی منداڵی قۆناغێكی هه‌ستیار و ئاشنا بوونه‌ به‌ده‌وروبه‌ر، منداڵ كاتێك ده‌چێته‌ قوتابخانه‌ و به‌ركه‌وته‌ی له‌گه‌ڵ هاوڕێ پۆله‌كانی و مامۆستاكانی  زیاتر تێكه‌ڵاو به‌و ژینگه‌یه‌ ده‌بێت، به‌ڵام منداڵێك هه‌رساڵێك و دووساڵی له‌قوتابخانه‌یه‌ك بخوێنێت ، بێگومان له‌ڕووی ده‌روونیه‌وه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ستی منداڵه‌كه‌ ده‌بێت چونكه‌ شێوازی فێركردن و په‌روه‌رده‌كردنه‌كه‌ی هه‌مه‌جۆر ده‌بێت، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس یه‌كێك له‌و منداڵانه‌یه‌ به‌هۆی نه‌بوونی قوتابخانه‌ له‌گونده‌كه‌یان له‌سه‌ره‌تادا، تاوه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی ئاماده‌یی به‌شی زانستی، له‌م قوتابخانه‌ بۆ ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ گوازراوه‌ته‌وه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو گواستنه‌وه‌یه‌ له‌م گوندبۆئه‌و گوندئه‌و كۆڵی نه‌داوه‌  و درێژه‌ی به‌خوێندنه‌كه‌ی داوه‌.

له‌ساڵی (1970 بۆ1971) خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن له‌ قوتابخانه‌ی( باوه‌پڵاوی) پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تایی له‌و قوتابخانه‌یه‌ ته‌واو كردووه‌، پاشان له‌ گونده‌كه‌یان قۆتابخانه‌ ده‌كرێته‌وه‌، پۆلی دوو و سێی سه‌ره‌تایی له‌قوتابخانه‌ی( عوبه‌یدوڵڵای بن جه‌ڕاح) ته‌واو كردووه‌، ( ئه‌وه‌ش به‌شێكه‌ له‌سیاسه‌تی داگیركاری و ژێرده‌سته‌یی نه‌ته‌وه‌یه‌كی زیندوو ، سه‌ڕه‌ڕای  ئه‌و هه‌موو ناوی  شاعیر و نووسه‌ر و ڕۆشنبیر و هونه‌رمه‌ند و كێو و شاره‌كانی كوردستان، له‌ناو گوندێكی كوردنشین دا ناوی قوتابخانه‌كه‌ی ئه‌و ناوه‌ بێت..؟!) .

پاشان پۆلی چوار و پێنج و شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی چۆته‌ گوندی( میرخاس) له‌قوتابخانه‌ی( الصداقه‌ المختلطة) خوێندووه‌، بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی كۆتایی ساڵی قۆناغی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی كه‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی ( به‌كه‌لۆری) بووه‌، حه‌سه‌ن هه‌یاس له‌شاری خانه‌قین تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه‌ و به‌سه‌ركه‌وتوویی ده‌رچووه‌ بۆ قۆناغی دواناوه‌ندی.

قۆناغی ناوه‌ندی ، له‌ ناوه‌ندی ( جریر) و قۆناغی ئاماده‌یی له‌ ( ئاماده‌یی خانه‌قینی كوڕان) خوێندووه‌ و بڕوانامه‌ی ئاماده‌یی له‌به‌شی ( زانستی) به‌ده‌ست هێناوه‌.

حه‌سه‌نی مێردمنداڵ له‌ژینگه‌یه‌كی ده‌نگخۆش و هونه‌ر دۆستدا ژیاوه‌، وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێداباوكی خاوه‌نی ده‌نگێكی خۆش بووه‌ و شاره‌زایی له‌ به‌سته‌و مه‌قامه‌كانداهه‌بووه‌، به‌پێی وته‌ی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس باوكی ( شاره‌زاییه‌كی زۆرباشی هه‌بووه‌ له‌ چڕینی حه‌یران) دا،

دوای باوكی كاكه‌ عه‌لی براگه‌وره‌ی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌ویش ده‌نگخۆشێكی دیكه‌ی خانه‌واده‌كه‌ی بووه‌، شمشاڵژه‌نێكی باش و به‌توانا بووه‌، هه‌روه‌ها برایه‌كی دیكه‌ی به‌ناوی ( ڕه‌شید) ئه‌ویش ماوه‌ی (35) ساڵ ئه‌ندامی تیپی ( جوق و مۆسیقای سه‌ربازی) بووه‌ له‌شاری به‌غدا.

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس ده‌نگخۆشیی باوك و براكه‌ی به‌شێك بوون له‌و كاریگه‌رییه‌ی هونه‌رییه‌ له‌سه‌ر خودی هونه‌رمه‌ند ، به‌ڵام لایه‌نێكی دیكه‌ كه‌ كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر هه‌ست و سۆزی حه‌سه‌ن هه‌یاس داناوه‌( ڕادیۆ) بووه‌، له‌وسه‌رده‌مه‌دا ئامێری ڕادیۆ تاكه‌ هۆكاری ڕاگه‌یاندن بووه‌ ..!

له‌ته‌مه‌نی منداڵی و مێردمنداڵی كاریگه‌ری ڕادیۆی كرماشان و قه‌سری شیرین و ڕادیۆی به‌غدای له‌سه‌ر بووه‌، له‌وته‌مه‌نه‌ كه‌مه‌دا گوێ و هه‌ست و نه‌ستی ئاشنابووه‌ به‌گۆرانیی هونه‌رمه‌نده‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان به‌گشتی به‌تایبه‌ت هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌تی نه‌مر ( حه‌سه‌ن زیره‌ك 1921_26/6/1972)

( ده‌نگ و هونه‌ری مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌ك بۆمن ببووه‌ هه‌وێنی چرۆكردنی هه‌ستی هونه‌ری و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌یدا ده‌ژیام ، به‌ڵام هه‌رگیزا و هه‌رگیز نه‌ڕێچكه‌ی ئه‌وم گرت و نه‌لاسایی كوێرانه‌شم كردۆته‌وه‌ ، به‌ڵكو هه‌رده‌م  له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌م داوه‌ له‌گۆڕه‌پانی هونه‌ری كوردیداڕێچكه‌ی خۆمم هه‌بێت و بتوانم مه‌ڵۆیه‌ك بخه‌مه‌ سه‌رخه‌رمانی هونه‌ری كوردی ، ڕاسته‌ عاشقی ده‌نگی ئه‌و بلیمه‌ته‌ بووم  چونكه‌ هونه‌ره‌كه‌ی زۆر به‌رزه‌ و مه‌حاڵه‌ جارێكی دیكه‌ هونه‌رمه‌ند و مامۆستایه‌كی وه‌ك (حه‌سه‌ن زیره‌ك ) دووباره‌ ببێته‌وه‌، هه‌ركاتێك گه‌ره‌كم بێ به‌سته‌یه‌ك بخوێنم له‌ژێر كاریگه‌ر و سۆزی ده‌نگ و هونه‌ری حه‌سه‌ن زیره‌كه‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌سته‌یه‌ ده‌خوێنم ، بۆ زانیاریتان كاتێكیش مه‌قام ده‌خوێنم ، چونكه‌ به‌رده‌وام له‌ژێر كاریگه‌ری مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( عه‌لی مه‌ردان 1904_ 24/7/1981) عاشقی چڕینی مه‌قامه‌كانم چونكه‌ زۆر به‌وه‌ستایانه‌و پر سۆزه‌وه‌ ده‌یانخوێنێ ،دوای ئه‌وه‌ی كه‌ چوومه‌ نێودنیای مه‌قاماته‌وه‌  بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ مامۆستا عه‌لی مه‌ردان

( زانكۆی مه‌قاماته‌)  و سوودم له‌نه‌زم و ڕه‌سه‌نایه‌تی مه‌قاماته‌كه‌ی بینیوه‌ .

 بابێمه‌وه‌ سه‌ر كاریگه‌ری ڕادیۆ له‌سه‌ر به‌نده‌ :   له‌وسه‌ر‌ده‌مه‌شدا هیچ كات به‌رنامه‌كانی ڕادیۆ كرماشان به‌تایبه‌ت چیرۆكی شه‌و و هه‌وارگه‌ی دڵان م له‌یاد ناچێت، چونكه‌ زۆر چێژم لێوه‌رده‌گرتن، به‌ڵام بیسه‌ری ڕادیۆی كوردی به‌غداش بووم) .

له‌هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاسم پرسیی ، واته‌ سه‌ره‌تا به‌گۆرانی گوتن و لاساییكردنه‌وه‌ی ده‌نگی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك هه‌نگاوتان بۆنێو دنیای مۆسیقا و گۆرانی هه‌ڵگرتووه‌..؟

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس : لاسایكردنه‌وه‌ كارێكی ئاسایی و زۆربه‌ی هونه‌رمه‌نده‌كان له‌سه‌ر ڕێچكه‌ی هونه‌رمه‌نده‌ نه‌مره‌كانمان ده‌ستیان به‌گۆرانی گوتن كردووه‌، به‌ڵام من هه‌ربه‌ده‌نگی خۆم گۆرانییه‌كانی مامۆستا زیره‌كم ده‌گوته‌وه‌ ، به‌ڵام هه‌موو كه‌سێك ده‌بێت  زۆر زوو ڕێچكه‌ی هونه‌ری خۆت بگریته‌ به‌ر  و بوونی خۆی بسه‌لمێنێت، ئه‌گینا له‌ڕووی هونه‌رییه‌وه‌ نه‌سوودی بۆخۆی ده‌بێت و نه‌ خه‌رمانی هونه‌ری كوردی، من سه‌ره‌تا له‌ناو هاوڕێكانم له‌گه‌ڕه‌ك و له‌قۆناغی سه‌ره‌تایی ده‌یانزانی ده‌نگم خۆشه‌ گۆرانیم به‌ كۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم خوێندووه له‌قوتابخانه‌‌ ، به‌ڵام  من له‌منداڵیمه‌وه‌ عاشقی شیعر بووم ، زۆر حه‌زوو ئاره‌زووم له‌شیعر بوو ، دێته‌وه‌ یادم له‌قوتابخانه‌كه‌مان پێشبڕكێكی شیعر كرا، له‌پۆلی سێیی سه‌ره‌تایی بووم ، به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌مان مامۆستا( تالیب ئه‌میر كاكه‌ خان) كه‌سێكی زۆر ڕۆشنبیر و كتێب خۆشه‌ویست بوو، له‌قوتابخانه‌كه‌مان كتێبخانه‌یه‌كی دروست كردبوو، قوتابییه‌كانی ئاشنا ده‌كرد به‌كتێب و زۆر هانی ده‌داین كه‌ كتێب بخوێنینه‌وه‌، ته‌نانه‌ت زۆر هه‌وڵی ده‌دا له‌ده‌ره‌وه‌ كتێبی ده‌هێناو ده‌یداینێ بۆ ماڵه‌وه‌شی به‌رینه‌وه‌ به‌و مه‌رجه‌ی بیخوێنینه‌وه‌، تابڵێی مامۆستا یه‌كی دڵسۆز و خه‌مخۆری ڕۆشنبیری و زانست بوو، بۆهه‌میشه‌ من سوپاسگوزاری ئه‌و هه‌سته‌به‌رزه‌ی مامۆستا تالیب م ، ئه‌و خوێنده‌واری و ئه‌و ئاستی ڕۆشنبیری و زانیارییه‌ی ئێستا هه‌مه‌ به مه‌رحه‌مه‌ت و ماندوبوونی ئه‌وی ده‌زانم ..! چونكه‌ ئه‌و بوو به‌دنیاجوانه‌كه‌ی كتێب و خوێندنه‌وه‌ی ئاشنای كردم .

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس ، له‌قۆناغی ناوه‌ندی ده‌رفه‌تی بۆده‌ڕه‌خسێ له‌بۆنه‌كان به‌گشتی و به‌تایبه‌تی جه‌ژنی نه‌ورۆز گۆرانی خوێندووه‌ ئه‌ویش گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند( حه‌سه‌ن زیره‌ك).

( له‌بۆنه‌كاندا وه‌ك ده‌نگخۆشێك به‌شداریم ده‌كرد ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌و هه‌سته‌م نه‌بوو بڵێم بۆیه‌ گۆرانی ده‌ڵێم تاله‌داهاتوودا ببمه‌ گۆرانیبێژ..! نه‌خێر چونكه‌ خولیا و ئاره‌زووی دنیای شیعر زاڵ ببوو به‌سه‌ر هه‌ستمدا، له‌و بۆنه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا كه‌ گۆرانییه‌كانی مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌كم ده‌خوێند، زۆر له‌و به‌ڕێزانه‌ی له‌و ئاهه‌نگ و بۆنانه‌ ئاماده‌ ده‌بوون و ، گوێبیستی ده‌نگم ده‌بوون زۆر هانیان ده‌دام كه‌ به‌رده‌وام بم و گۆرانی بڵێم و پێیان  ده‌گوتم ده‌نگت خۆشه‌ و به‌رده‌وام به‌ ).

ئه‌و هاندان و بڕوابه‌خۆبوونه‌ كه‌ده‌نگی خۆشه‌و توانای خوێندنی گۆرانی هه‌یه‌ و پشتیوانی ده‌وروبه‌رو  مامۆستاكانی، هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1983) وه‌ك ده‌ستپێكی كاری هونه‌ریی هونه‌رمه‌ند دێته‌ ئه‌ژمار، له‌وساڵه‌دا له‌شاری ( به‌عقوبه‌ _ دیالا ) فیستڤاڵێكی هونه‌ریی بۆ قوتابخانه‌كانی ئه‌و شاره‌و ده‌وروبه‌ری سازده‌كرێت ، قوتابخانه‌كانی شاری خانه‌قین به‌سه‌رپه‌رشتی مامۆستاو هونه‌رمه‌ند( ئیسماعیل غوڵام _ مامۆستا ئیسماعیل ده‌رچووی په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی شاری به‌غدا بوو له‌ساڵی (1976) ) له‌و فیستڤاڵه‌دا هونه‌رمه‌ند به‌گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك به‌شداربووه‌ و پله‌ی یه‌كه‌میان به‌ده‌ستهێناوه‌.

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس و به‌رده‌وامبوونی له‌ گۆرانی گوتن ...!

دوای سه‌ركه‌وتنی له‌فیستڤاڵی هونه‌ری قوتابخانه‌كان له‌شاری به‌عقوبه‌ ، هونه‌رمه‌ند زیاتر متمانه‌ به‌خۆی ده‌كات و به‌رده‌وامی ده‌دات به‌ هونه‌ره‌كه‌ی، مامۆستا ئیسماعیل غوڵامیش كه‌سێكی دڵسۆز و پشتیوانی هونه‌رمه‌ند بووه‌،

حه‌سه‌ن هه‌یاس له‌ساڵی (1986) ڕووده‌كاته‌ ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك بۆمه‌به‌ستی تۆماركردنی گۆرانی، ده‌بێت چۆن گۆرانییه‌كه‌ی تۆماركردبێت و ڕووبه‌ڕووی چی بۆته‌وه‌ ؟.

( چووم بۆ ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك بۆ تۆماركردنی گۆرانی ( هه‌ی یار) هۆنراوه‌كه‌ی فۆلكلۆر و ئاوازه‌كه‌ی هی مامۆستا ( ئیسماعیل غوڵام) بوو،

له‌یادمه‌ ئه‌وڕۆژه‌ كه‌چوومه‌ ته‌له‌فزیۆن هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو( كاروان عوسمان 1968_31/9/1991) ئه‌ویش هاتبوو گۆرانی تۆماربكات، زۆر چاوه‌ڕێمان كرد دواتر یه‌كێك هات وتی بڕۆن ڕۆژێكی دیكه‌ وه‌رنه‌وه‌، نازانم ئه‌و ڕۆژه‌ بۆنه‌یه‌كی حیزبی به‌عس بوو ،منیش وتم یارمه‌تیم بده‌ن له‌خانه‌قینه‌وه‌ هاتووم و ڕێگایه‌كی دوورم بڕیوه..! به‌ڵام بێ سوود بوو، له‌وكاته‌دا هونه‌رمه‌ندی ئازیز كۆچكردوو (سابیر كوردستانی 1955_10/8/2020) نازانم له‌ته‌له‌فزیۆن كاری ده‌كرد،  گوێی له‌و قسه‌كانمان بوو ، یه‌كسه‌ر هاته‌ ناوباسه‌كه‌وه‌و  وتی بۆ به‌ڕێیان ده‌كه‌ن..!  بۆ كاریان بۆناكه‌ن بڕۆن ده‌نگیان تاقی بكه‌نه‌وه‌ بزانن ده‌نگیان چۆنه..؟ ‌، له‌سه‌ر قسه‌كه‌ی كاك سابیری ڕه‌حمه‌تی بردیانین بۆ لیژنه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌نگ، و ئیمتیحانیان كردین، لیژنه‌كه‌ ئه‌وه‌ی له‌یادم بێت (5) كه‌س بوون به‌داخه‌وه‌ ته‌نها ئه‌و ناوانه‌م له‌یاده‌(  مامۆستا حسێن به‌هادین)  و(هونه‌رمه‌ند شه‌وكه‌ت ڕه‌شید 1930_17/4/1991) و( هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان1938_7/6/2014) و ( قاسم محه‌مه‌د) .

ئه‌و تێسته‌ش ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نه‌بوو، سه‌ره‌تا پێیان وتم مه‌قام بڵێ ..! دواتر گۆرانییه‌كی خاو  و پاشان گۆرانییه‌كی خێرا، تابزانن چه‌ند شاره‌زاییت له‌ چڕینی مه‌قام و گۆرانی دا هه‌یه‌ و له‌ڕیتمدا چۆنی ؟!

دوای یه‌ك دووڕۆژی دیكه‌ سه‌رله‌نوێ ئیمتیحان ده‌كرایته‌وه‌، ئه‌مجاره‌ تێستی ئه‌وه‌ت ده‌كه‌ن بزانن تاچه‌ند گوێی مۆسیقات هه‌یه‌ و پاشان خوێندنی گۆرانی له‌گه‌ڵ مۆسیقادا، واته‌ دوای دووسێ جار هاتوو چۆ و تاقیكردنه‌وه‌، له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ر( لیبرۆن سیمۆن) ه‌وه‌ له‌ناو ستۆدیۆ گۆرانیه‌كه‌یان بۆ تۆماركردم  له‌ساڵی (1987) گۆرانی( هه‌ی یار) په‌خشكرا، هه‌رئه‌وجاره‌ چوومه‌ ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك هه‌رئه‌و گۆرانییه‌م له‌وێ تۆماركرد.

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس و تیپی مۆسیقای ئه‌ڵوه‌ن...!

دوای ئه‌وه‌ی ناو و ناوبانگ په‌یدا ده‌كات و له‌ناو خه‌ڵكدا به‌هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆش ناوده‌رده‌كات، هه‌واداره‌كانی چاوه‌ڕێی به‌رهه‌می زێده‌تری لێده‌كه‌ن، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس له‌ساڵی (1988) له‌گه‌ڵ سێ له‌هونه‌رمه‌ند و ده‌نگخۆشه‌كانی شاره‌ جوانه‌كه‌ی خانه‌قین ( به‌رزان وه‌هاب ، موعته‌سه‌م خانه‌قینی و زهێر حسێن)  به‌رهه‌مێك بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ناوی ( تیپی مۆسیقای ئه‌ڵوه‌ن) هه‌ریه‌كه‌یان (دوو) گۆرانی تۆمارده‌كه‌ن،هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس ئێژێ( من هه‌ردوو گۆرانی : (سه‌فه‌ر سه‌فه‌ر) ئاواز و هۆنراوه‌ی خۆم بوو،  له‌گه‌ڵ گۆرانی(هه‌ی یار) ، له‌ هۆنراوه‌ی فۆلكلۆر و ئاوازه‌كه‌ی هی مامۆستا( ئیسماعیل غوڵام) بوو تۆمارم كرد و له‌و ئه‌لبوومه‌دا بڵاوكرایه‌وه‌،

سه‌باره‌ت به‌ وه‌رگرتنی زانیاریی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌لبوومه‌‌ هونه‌رییه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی بۆ كاره‌كانی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس ، هانام برده‌ به‌ر هه‌سته‌ جوانه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند و مامۆستا( به‌رزان وه‌هاب) هاوشا‌رییه‌ ئه‌زیزه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند، سه‌باره‌ت به‌یه‌كتر ناسین و ده‌نگ و كاره‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند:

 (  ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوولەخانەقین کۆمەڵێک گەنجی هونەرمەند بووین وخولیای خزمەتکردنی هونەری کوردی بووین و بەتایبەتیش شێوەزاری کەڵهوڕی، بەڕاستی دوای ساڵی (1984)  و هاتنی کاسێتی (تیپی شەهید کارزان) بۆخانەقین ،  لەپاڵ سروودەکان چەند بەرهەمێکی کەڵهوڕی هونەرمەندو پێشمەرگە (ئازاد خانه‌قینی) ڕەحمەتی برامی لەخۆگرتبوو ..!  ئەوە بووە هەوێن و هاندەرێکی بەهێز و هەروەها گۆرانی کوردی لە ژێر چەپۆکی تەعریبدا بوو بەجۆرێک لە هونەری به‌رگری وپەرچدانەوەی تەعریب و ته‌بعیسی بەعسی فاشیست،

لەم هەلومەرجە و بەو ڕۆحیەتە من و کاک حەسەن هەیاس بەیەکتر ئاشنا بووین و هەردوای ئەوە  خانەباخێکمان کرد بەستۆدیۆ و بەسەرپەرشتی بەندە کاسێتێکمان تۆمارکردبەناوی (تیپی موزیکی ئەڵوەن)  کە کاک حەسەن دوو بەرهەمی تێدا تۆمارکرد کەیەکێکیان( چاوشین) بوو کەتائێستاش بەزیندوویی ماوەتەو، هەرلەوکاتەوە سەرسام بووم بەتواناوبەهرەی هونه‌ری کاک حەسەن.

دوای ڕاپەڕین چەندجارێک یەکترمان بینی وجارێکیان پێم ووت کاک حەسەن من ئێستا مامۆستام و کەس نازانێت کەبەهرەی هونەریم هەیە، بەڵام ئەگەر بێتوو گۆرانی بڵێم ئەوا چەبیدی دەڵێم ..!  کە ئاواز وهونراوەی خۆیەتی، بەوپەڕی ئەدەب و ڕێزەوە ووتی ڕوخسەت لەمنەوە بیڵێ و چونکە من ئێستا بەنهێنی هاتوچۆی کوردستان دەکەم و ناتوانم لە تیڤی ئێرە دەرکەوم و قاچاخ ببم، من ئاگاداربووم کە ئەو پێیوترابوو لەڕێکخستنەوە و ئەرکی پێسپێردرابوو لەناو شاری بەغداو لەخانەقین، بۆیە پێم وت چەبیدی لەو دیو تونێلەکەوە دێنمە ئەمدیو بە و هەر واش بوو..

سەبارەت بە هونەری کاک حەسەن دەڵێم : حەسەن هه‌یاس نەکلیپی هەیە نە سپۆنسەری هەیە نە تیپێک و کەڵە میوزیسیانی هەیە و نە توانای دارایی..؟!

 تەنهاو تەنها سەرکەوتنی ئەو لەوەدایە کە لەناخەوە گۆرانی دەچڕێت و بۆ خەڵکی ناڵێت بەڵکو قرچەی دڵ ودەروونی خۆیەتی بۆیە لە چوارپارچەی کوردستاندا گوێگری هەیە و زۆربەشیان لەوشەکانی تێناگەن بەڵام هەست دەکەن ویژدانیان دەهەژێنێت،

من له‌ چاوپێكه‌وتنێكداسەبارەت بەخۆم و کاک حەسەن ووتم :  من ساڵانێک قونسڵگەرێکی هونەری کەڵهوڕی بووم لە باشوری کوردستان، بەڵام ئێستا جەنابی باڵوێزی چوارپارچەی کوردستان ، کاک حەسەن هەیاس گەڕایەوە گۆڕه‌پانه‌ هونه‌رییه‌كه‌، سه‌ركه‌وتوو و به‌رده‌وامیی بۆده‌خوازم) (1).

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس ، ئه‌مجاره‌یان ڕووده‌كاته‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا له‌ساڵی (1989) له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای ڕادیۆ دوو گۆرانی به‌ناوه‌كانی( چاوشین و چه‌كردی) تۆمارده‌كات.

به‌بڵاوبوونه‌وه‌ی گۆرانی( چه‌كردی) هونه‌رمه‌ند ناو و ناوبانگێكی زۆر په‌یداده‌كات، له‌هه‌مان ساڵدا هونه‌رمه‌ند به‌ هه‌گبه‌یه‌كی لێوان لێو له‌ تێكست و میلۆدی جوان و هه‌ست بزوێنه‌وه‌ ڕوو ده‌كاته‌ شاری هه‌ولێر به‌مه‌به‌ستی تۆماركردنی ئه‌لبومێكی هونه‌ری ،هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس باسی ئه‌و ڕۆژگاره‌مان بۆ ده‌كات كه‌ چۆن و له‌كوێ ئه‌لبوومی (چه‌كردی) تۆماركردووه‌..؟!

(ساڵی (1989) هاتمه‌ شاری هه‌ولێر به‌مه‌به‌ستی تۆماركردنی ئه‌لبومێكی هونه‌ر،  سه‌ره‌تا له شاری‌هه‌ولێر چوومه‌ لای ( سه‌لاح نه‌جمه‌دین)  تیپێكی مۆسیقی یان هه‌بوو ،تا هاوكارم بن له‌تۆماركردنی گۆرانییه‌كان به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ داوای پاره‌یه‌كی زۆریان لێكردم ..؟!  نه‌متوانی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ په‌یدابكه‌م و ڕێك نه‌كه‌وتین، له‌وێ براده‌رێك نه‌مزانی كێ بوو ..؟!  پێی وتم كاكه‌ بۆناچی بۆ ( مه‌ڵبه‌ندی لاوانی عه‌نكاوه‌ _ مركز الشباب عنكاوه‌) له‌وێ له‌وانه‌یه‌ بۆت تۆماربكه‌ن..!

منیش چووم بۆ ئه‌وێ براده‌رێكی لێ بوو ناوی ( عه‌بدوڵلا خۆشناو) بوو ژه‌نیاری ئامێری(عود) بوو،

  خۆم پێ ناساند و وتی ده‌توانی گۆرانییه‌ك بڵێی تابزانم ده‌نگت چۆنه‌؟

منیش گۆرانییه‌كم بۆ خوێند، كه‌ گوێی له‌ده‌نگم بوو ، زۆر سه‌رسام بوو پێم و زۆری به‌دڵ بوو هه‌م ده‌نگ و هه‌م میلۆدی و شیعره‌كه‌ش، پێی وتم ناڕۆیت و ئه‌مشه‌و میوانی من ده‌بی، شه‌و میواندارییه‌كی زۆر جوانی كردم و عوده‌كه‌ی هێناو ئه‌و شه‌وه‌ هه‌موو گۆرانییه‌كانم بۆ گوت و ئه‌ویش گۆرانییه‌كانی  یه‌ك به‌یه‌ك كرد به‌نۆته‌ ، بۆبه‌یانی له‌گه‌ڵ گرووپی تیپی مۆسیقای مركز الشبابی عه‌نكاوه‌ ، هه‌ر (8) تراكی ئه‌لبوومه‌كه‌ی بۆتۆماركردم ، ناوی ئه‌لبوومه‌كه‌شم (چه‌كردی) بوو، ئه‌و گۆرانییه‌ یه‌كێكه‌ له‌گۆرانییه‌ ناوداره‌كان له‌ئاواز و هۆنراوه‌ی خۆمه‌ و تائێستا له‌لایه‌ن زۆر له‌هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌ دووباره‌ ده‌كرێته‌وه‌، واته‌ یه‌كه‌م ئه‌لبوومم به‌ناوی ( چه‌كردی) له‌هه‌ولێر تۆمارم كرد، له‌ساڵی (1990) بڵاوم كردۆته‌وه‌.

وه‌ك هه‌رتاكێكی كورد و هونه‌رمه‌ندێكی گه‌لێكی چه‌وساوه‌و بنده‌ست،  به‌شداری هه‌موو ئاهه‌نگه‌كانی سه‌ركه‌وتنی ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی (1991) ی له‌ كه‌لار كردووه‌،

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس و قۆناغی ژیان له‌به‌غداو كاری ڕاگه‌یاندن...!

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس ، له‌ساڵی (1993) به‌ره‌و شاری به‌غدا هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت، له‌و شاره‌ له‌بیری ئه‌وه‌دا ده‌بێت درێژه‌ به‌كاره‌ هونه‌رییه‌كانی بدات، به‌ڵام چی بكات..؟!

دوای ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند( ماهیر عه‌بدولستار) پێكه‌وه‌ تیپێكی مۆسیقی دامه‌زرێنن به‌ناوی( تیپی مۆسیقای شیرین)، ئه‌م تیپه‌ دووكه‌سییه‌، هونه‌رمه‌ند ( ماهیر عه‌بدولستار) ژه‌نیاری ئامێری ( ئۆرگ) و هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس گۆرانیبێژی تیپه‌كه‌ بووه‌، ئه‌م تیپه‌ مۆسیقیه‌ ڕۆژئاواییه‌ زیاتر مه‌به‌ستیان بووه‌ هونه‌ری گۆرانی مۆسیقا له‌شاری به‌غدا بره‌و پێبده‌ن و كورده‌كانی دانیشتووی به‌غدا له‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌یان دانه‌بڕێن ، ئه‌م دوو هونه‌رمه‌نده‌ به‌شداری ئاهه‌نگه‌كانیان كردووه‌  و زیاتر ئاهه‌نگی بووك و زاوا.

 هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس سه‌باره‌ت به‌و تیپه‌ مۆسیقیه‌ پێمان ده‌ڵێت(  تیپی مۆسیقای شیرین له‌ساڵی (1993) دامان مه‌زراند له‌گه‌ڵ مامۆستا ( ماهیر عه‌بدولستار) ، ده‌چووینه‌ هه‌موو ئاهه‌نگ و بۆنه‌كان به‌‌گشتی و به‌تایبه‌ت ئاهه‌نگی بووك و زاوا، ماوه‌ی (8)  ساڵ به‌رده‌وام بووین، دواتر چه‌ند ژه‌نیارێكی دیكه‌ به‌شداربوون له‌گه‌ڵماندا وه‌ك( ئیبراهیم فه‌تاح _ ساز) ( عه‌لی ستار_ ڤیۆلۆن) له‌ئاهه‌نگه‌كانمان میوانی عه‌ره‌بیش ده‌هاتن له‌به‌رئه‌وان چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی عه‌ره‌بیش  به‌شداربوون له‌گه‌ڵماندا به‌تایبه‌ت له‌كاتی شاییه‌كاندا).

حه‌سه‌ن هه‌یاسی ده‌نگ ناسك و ده‌نگ زوڵاڵ ، گه‌ره‌كیه‌تی زانیاریی زۆرتر به‌هه‌ست و ڕۆحی هونه‌ریی  خۆی ببه‌خشێت و پاشخانی هونه‌ری خۆی ده‌وڵه‌مه‌ندبكات، خودی هونه‌رمه‌ند باوه‌ڕی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ بناغه‌ی گۆرانی مه‌قامه‌، واته‌ بۆئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتوو بیت ده‌بێت شاره‌زایی له‌ ناسین و شێوه‌كانی مه‌قامه‌كاندا هه‌بێت ، بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس له‌ساڵی (1994) له‌شاری به‌غدا به‌شداری خولێكی (6) شه‌ش‌ مانگی بۆ فێربوونی بنه‌ماكانی مه‌قام به‌شێوه‌ی زانستی ده‌كات (له‌شاری به‌غدا چوومه‌ خولێكی (6) مانگی بۆفێربوونی بنه‌ماكانی مه‌قام به‌شێوه‌ی زانستی ، مامۆستاكه‌مان  ناوی ( مامۆستا محسین ئه‌لساعدی) بوو ، فێری مه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌كردین، ژماره‌ی مه‌قامه‌كان (8) مه‌قامه‌، ( 4) ی ڕۆژئاوایی و (4) ی ڕۆژهه‌ڵاتی ، كه‌ده‌ڵێم سه‌ره‌كی ئه‌وانه‌ مه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانن دوایی لقی لێده‌بێته‌وه‌، خولی فێربوونی مه‌قامه‌كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا به‌شێوه‌ی خوێندن و پراكتیكی ( نه‌زه‌ری و عه‌مه‌لی) خوێندمان و زۆر سوودم لێ وه‌رگرت.

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس و ڕادیۆی كوردی به‌غدا..!

لێره‌وه‌ ژیانێكی نوێ ، له‌ژیانی هونه‌ریی و ڕاگه‌یاندنكاری هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس دا ده‌ستپێده‌كات، ماوه‌ی (7) ساڵ به‌شێوه‌ی ( گرێبه‌ست)  له‌ساڵی ( 1996 تا 2003) له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا داده‌مه‌زرێت، سه‌ره‌تا وه‌ك ( بێژه‌ر  و وه‌رگێڕ له‌زمانی عه‌ره‌بی بۆ زمانی كوردی) ، پاشان بۆ مه‌به‌ستی زیاتر خزمه‌تكردن به‌ زمان و وێژه‌و فه‌رهه‌نگی كوردی ، سێ به‌رنامه‌ پێشكه‌ش ده‌كات ، به‌رنامه‌كان له‌ئاماده‌و پێشكه‌شكردنی خۆی بووه وه‌ك ( شیعرو مۆسیقا، گۆرانی داواكراو و سروه‌ی به‌یان) .

جیا له‌و كارانه‌ هونه‌رمه‌ند بۆماوه‌یه‌ك له‌ساڵی (1997)  ده‌بێته‌ ده‌رهێنه‌ری  به‌رنامه‌یه‌كی هونه‌ری ، به‌ناوی ( له‌ڕوانگه‌ی گۆرانی كوردی ) یه‌وه‌ ، ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ له‌پێشكه شكردنی هونه‌رمه‌ند( نوره‌دین جاف) بووه‌، لێم پرسیی :  جگه‌له‌بێژه‌ری و پێشكه‌شكردنی به‌رنامه‌ ئایا پێشتر زانیاریت هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ده‌رهێنانی به‌رنامه‌ ؟

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس وتی ( به‌هۆی ئه‌نجامدانی ئه‌و چه‌ند كاره‌وه‌ له‌ڕادیۆ ، ئاره‌زووی ده‌رهێنانی به‌رنامه‌ی ڕادیۆیشم هه‌بوو، به‌ڵام بۆمنیان دیاریكرد بۆئه‌و به‌رنامه‌یه‌؟ چونكه‌ به‌رنامه‌كه‌ باسی له‌گۆرانی و مه‌قاماتی كوردی ده‌كرد، منیش له‌به‌رئه‌وه‌ی شاره‌زایم هه‌بوو له‌وبواره‌دا، له‌سه‌ر خواست و ئاستی به‌رنامه‌كه‌ كاره‌كانم ئه‌نجام ده‌دا و له‌ڕێی زانیارییه‌كانم هه‌مبوو زیاتر كارم ‌بۆ سه‌ركه‌وتنی به‌رنامه‌كه‌ بوو)

له‌گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانیدا هونه‌رمه‌ند وتی

( بۆزانیاری زیاتربۆماوه‌ی (1) ساڵ له‌به‌شی كوردی

 ( كه‌ناڵی ئاسمانی العراقیه‌) له‌ساڵی (2002) بێژه‌ری

( كورته‌ی هه‌واڵ) و پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌ی( ناودارانی كورد) بووم.

دوای به‌سه‌ربردنی ماوه‌ی (10) ساڵ له‌شاری به‌غدا و كارو تێكۆشانی هونه‌ریی و كاركردن له‌بواری ڕاگه‌یاندن، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس دوای پڕۆسه‌ی ئازادی له‌ساڵی (2003) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ زێده‌كه‌ی شاری

( خانه‌قین) .

  وێستگه‌كانی ژیانی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس  دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ خانه‌قین و كوردستان به‌گشتی..!  

دوای پڕۆسه‌ی ئازادی عێراق له‌ ساڵی (2003) هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شاری خانه‌قین و به‌گوڕو تین و هه‌ستێكی هونه‌ری زۆره‌وه‌ تێده‌كۆشێت و خزمه‌ت به‌ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌كات ،

هونه‌رمه‌ند جیاله‌وه‌ ده‌نگی خۆشه‌و گۆرانی و مه‌قام ده‌چڕێ و ئاوازدانه‌ر و هۆنراوه‌ نووسیشه‌، به‌ڵام ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ شاری به‌غدا له‌ڕاگه‌یاندن كاری كردووه‌ و به‌پێی ئه‌و ئه‌زموونه‌ی هه‌یبووه‌ و هه‌روه‌ها وه‌ك كوردێكی دڵسۆزو خه‌مخۆر بۆ فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووری نه‌ته‌وه‌كه‌ی، حه‌سه‌ن هه‌یاس ده‌بێته‌ به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌كانی( ته‌له‌فزیۆنی گه‌لی كوردستان/ كه‌ناڵی خانه‌قین) له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌ئه‌ستۆیه‌تی، له‌هه‌مانكاتیشدا كاری بێژه‌ری  و وه‌رگێڕی ته‌له‌فزیۆنی ناوبراو بووه‌،

 هونه‌رمه‌ند جیا له‌و به‌هره‌ هونه‌رییانه‌ی ئاماژه‌مان پێدا، خاوه‌نی خامه‌یه‌كی ڕه‌نگین بووه‌،  خامه‌كه‌ی خستۆته‌ خزمه‌تی ‌نووسینی كورته‌ چیرۆك و هه‌واڵ و ڕیپۆرتاژ و بابه‌تی هه‌مه‌چه‌شنه‌ی نووسیوه‌ بۆ ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانی كوردستانی ناردووه،

له‌ساڵی (1998) له‌لایه‌ن یه‌كێتی گشتی ئه‌دیبان و نووسه‌رانی عێراق ، شه‌ره‌فی ئه‌ندامێتی وه‌ك( شاعیر ) پێ به‌خشراوه‌، چونكه‌ حه‌سه‌ن هه‌یاس به‌عه‌ره‌بی و كوردی شیعری نووسیوه‌، چه‌ند پارچه‌ شیعرێكی له‌ گۆڤاری( به‌یان) و ڕۆژنامه‌ی(هاوكاری و پاشكۆی عێراق) بڵاوكردۆته‌وه‌ و،له‌ساڵی (2004) هونه‌رمه‌ند بۆته‌ ئه‌ندامی كارای( سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان)  هه‌روه‌ها یه‌كێك بووه‌ له‌ده‌سته‌ی نووسه‌رانی مانگنامه‌ی گۆڤاری ( خانه‌قین و ورێزا) ،

له‌ساڵی (2005) له‌به‌ر توانا و لێهاتوویی له‌بواری ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌نووسیدا هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس ده‌بێـته‌‌ به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینی ڕۆژنامه‌ی

( بانان) ی ئه‌هلی له‌شاری خانه‌قین، له‌بواری نووسینی كورته‌ چیرۆكیشدا هونه‌رمه‌ندله‌ساڵی (2007) به‌كورته‌ چیرۆكی ( گولله‌یه‌كی وێڵ) به‌شداری فیستڤاڵی ئه‌ده‌بی لاوانی گه‌رمیانی كردووه‌ و خه‌ڵاتی سێیه‌می له‌سه‌ر ئاستی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌هه‌مان ساڵدا به‌هاوكاری په‌رله‌مانی كوردستان و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی به‌شداری ساڵڕۆژی ئه‌نفالی كردووه‌ به‌ كورته‌ چیرۆكی( له‌عه‌رعه‌ری مه‌رگه‌وه‌) له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانی به‌شی شانۆی  شاری خانه‌قینه‌وه‌ له‌و یاده‌دا نمایش كراوه‌.

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگ خۆش و ده‌نگ زوڵاڵی هه‌ست بزوێنی شاری خانه‌قین ، ڕاسته‌ ئه‌و زاده‌ی شارێكه‌ خاوه‌نی چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی به‌توانایه‌ ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یان سنووری جوگرافیای زێده‌كه‌یان تێپه‌ڕاندوه‌ و ناو و به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانیان به‌ته‌واوی كوردستان بڵاوبۆته‌وه‌ وه‌ك  ( خوداداد عه‌لی  1912_19/12/1987) ،( عه‌لی حوسێن وه‌ندی1940_31/3/2022 ) ، ( حه‌سه‌ن دڵسۆز 1943_ 28/7/2021) ، ( ئازاد خانه‌قینی 1958_ 1/5/2006) ، ( جه‌عفه‌ر حه‌سه‌ن 1944_ 19/4/2021)  ، ( مه‌حمود وه‌ندی) و ( خه‌لیل مرادخان وه‌ندی  ) وه‌له‌هونه‌رمه‌ندانی گه‌نج و لاویش خاوه‌نی ده‌یان ده‌نگخۆشه‌، له‌پاڵ هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ به‌توانا و پڕ به‌خششه‌ هونه‌رییانه‌، حه‌سه‌ن هه‌یاسی هونه‌رمه‌ند ئه‌سپی هونه‌ری خۆی له‌گۆڕه‌پانی مۆسیقا و گۆرانی و مه‌قامدا تاو داوه‌ و بۆته‌ ناو و خاوه‌نی خه‌رمانێك به‌رهه‌می هونه‌ریی‌، سه‌باره‌ت به‌كارو تۆنی ده‌نگ و  توانای گۆرانی گوتنی، هونه‌رمه‌ند ( جاسم وه‌ندی) ده‌رباره‌ی حه‌سه‌ن هه‌یاس وتی:

( ئه‌گه‌ر ئێمه‌ باس له‌ده‌نگی كاكه‌ حه‌سه‌ن هه‌یاس بكه‌ین به‌ڕاستی ده‌نگێكی خۆشیی هه‌یه‌ له‌ناو جه‌ماوه‌ردا نه‌ك به‌تایبه‌ت له‌شاری خانه‌قین و ده‌وروبه‌ری ، به‌ڵكو له‌ته‌واوی كوردستان ده‌نگ  و هونه‌ره‌كه‌ی شوێنی خۆی كردۆته‌وه‌ یانی بینه‌ر و بیسه‌ری باشی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ڕاشكاوانه‌ ده‌یڵێم ده‌نگی كاكه‌ حه‌سه‌ن هه‌یاس تایبه‌تمه‌ندیه‌كی جیاوازی هه‌یه‌ ، چونكه‌ له‌ده‌نگیدا سۆزێك بوونی هه‌یه‌ ، ئه‌وسۆزه‌ زۆر كاریگه‌رله‌سه‌ر بیسه‌ری ده‌نگی داده‌نێت..!

له‌هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی پێشوو ئه‌وكاته‌ له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا كارم ده‌كرد، ئه‌گه‌ر له‌یادی بێت به‌رنامه‌یه‌كم بۆكرد،  دیدارێكی كورت بوو له‌و ڕۆژه‌وه‌ من به‌ده‌نگی سه‌رسامم و عاشقی ئه‌و ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌ی حه‌سه‌ن هه‌یاسم ، گۆرانییه‌كانی بوونه‌ته‌ ناسنامه‌ی و پێی ناسراوه‌ له‌ناو جه‌ماوه‌ردا، لایه‌نێكی دیكه‌ی كاكه‌ حه‌سه‌ن جیاله‌وه‌ی كه‌ خۆی ئاوازدانه‌ر و شیعری گۆرانیه‌كانیشی زۆربه‌ی هه‌ڵقوڵاوی ناخی خۆیه‌تی، به‌ڵام فۆلكلۆریشی له‌یاد نه‌كردووه‌ و هه‌میشه‌ به‌بایه‌خه‌وه‌ گۆرانییه‌ فۆلكلۆرییه‌كانی خوێندووه‌و له‌یادی نه‌كردووه‌،  ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی ئومێد به‌خشه‌ و ڕه‌چاوی زیاتر له‌تواناو هونه‌ری كاكه‌ حه‌سه‌ن هه‌یاس به‌دی ده‌كرێت، به‌ڕاستی هونه‌رمه‌ندێكی دڵسۆزو به‌ئه‌مه‌كه‌ بۆ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی ) (2).

 هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس و به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی ..!

حه‌سه‌ن هه‌یاسی فره‌ هونه‌ر وه‌ك ئه‌ركێكی سه‌رشانی  و هونه‌رمه‌ندێكی گه‌له‌كه‌ی تائه‌و جێیه‌ی ده‌رفه‌تی بۆڕه‌خسابێت به‌شداری هه‌موو ئاهه‌نگ و بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كانی كردووه‌ له‌شاری خانه‌قین ، كه‌لار و سلێمانی و هه‌ولێر، هه‌روه‌ها له‌ فیستڤاڵه‌ فه‌رهه‌نگی و كه‌لتوورییه‌كان له‌گه‌رمیان به‌گشتی ، به‌گه‌شتی هونه‌ریی له‌وڵاتی ( سوید و نه‌رویج) كۆنسێرتی بۆكوردانی تاراوگه‌ ئه‌نجام داوه‌ ، هه‌روه‌ها به‌شداری به‌رنامه‌ و پرۆگرامه‌ هونه‌رییه‌كانی هه‌موو كه‌ناڵه‌ ئاسمانی و لوكاڵییه‌كانی كوردستانی كردووه‌،

به‌ڵام هونه‌رمه‌ندێكه‌ زۆر حه‌زو ئاره‌زووی له‌ ( لایڤ موزیك) نییه‌..؟! به‌ڵام ئاماژه‌ی پێدا وه‌ك حه‌ز و ئاره‌زوو پێی خۆشه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك ئازیزو ئه‌وانه‌ی عاشقی هونه‌ر و گوێگری مۆسیقا و گۆرانی كوردین دابنیشێ و به‌ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی گۆرانی و مه‌قامیام بۆ بچڕێت ،

له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌رییه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ جگه‌ له‌و هه‌موو به‌رنامه‌و پرۆگرامانه‌ی كه‌ گۆرانی و مه‌قامی تێدا خوێندووه‌ ، حه‌سه‌ن هه‌یاس خاوه‌نی ( 9) ئه‌لبومی هونه‌رییه‌ ، ئه‌و ئه‌لبومانه‌ تژین له‌ میلۆدی خۆش و پڕ چێژی هونه‌ری ،

1/ ئه‌لبومی ( چه‌كردی) ساڵی (1990) له‌شاری هه‌ولێر تۆماری كردووه‌ و له‌وساڵه‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ چه‌كردی ئه‌وگۆرانییه‌ شیرینه‌یه‌ كه‌ بۆته‌ ناسنامه‌ی حه‌سه‌ن هه‌یاس و  وێردی سه‌رزاری هه‌واداره‌كانیه‌تی.

2/ ئه‌لبومی ( ئه‌ی چاره‌نووس) ساڵی(1993) له‌شاری كه‌ركوك تۆماری كردووه‌، له‌ (8) تراك پێكهاتووه‌ و زۆربه‌ی ئاوازه‌كانی هی خۆی بووه‌ ، گۆرانی ئه‌ی چاره‌نووس ناوی ئه‌لبومه‌كه‌یه‌، هۆنراوه‌ی( ماجید سوێره‌مێری) و ئاوازی حه‌سه‌ن هه‌یاس .

3/ ئه‌لبومی( ئه‌ی خانه‌قینم) له‌ساڵی(1994) ، ئه‌م ئه‌لبومه‌ له‌شاری به‌غدا تۆماری كردووه‌ ، زیاتر مه‌قامی له‌خۆگرتووه‌، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس ده‌رباره‌ی ئه‌م ئه‌لبومه‌ ( ئه‌ی خانه‌قینم) پێی ڕاگه‌یاندم ( ئه‌و ئه‌لبومه‌ هه‌مووی مه‌قامه‌ خوێندوومه‌، تایبه‌ته‌ به‌ناخی خۆم و ئه‌و ئازار و سته‌مه‌ی گه‌له‌كه‌م و هاوزمانه‌كانم له‌ خانه‌قین و ئاواییه‌كانی ده‌وروبه‌ر چه‌شتویانه‌ به‌ده‌ست زوڵم و سته‌می داگیركه‌ری به‌عسه‌وه‌ ، هه‌رله‌تاڵانكردن و وێران كردن و خاپووركردن و ڕاگواستن و ته‌نانه‌ت ناو گۆڕینی ناوه‌ جوانه‌ كوردییه‌كانی ئه‌و گوندانه‌ بۆناوی عه‌ره‌بی، له‌و ئه‌لبوومه‌دا ده‌توانم بڵێم وه‌ك جوگرافیایه‌كی ده‌ڤه‌ره‌كه‌‌ وایه‌ من ناوه‌ ئه‌سڵیه‌كه‌ی كه‌له‌دێرزه‌مانه‌وه‌ باب و باپیرانمان ناوی ئه‌و گوندانه‌یان ناوه‌ من ئاماژه‌م پێداوه‌ته‌وه‌ تا خه‌ڵك و نه‌وه‌ی نوێ بزانێ ئه‌و ناوانه‌ی ئێستا هه‌مووی شوێنه‌واری ته‌عریبه‌ به‌سه‌ر گونده‌كانه‌وه‌).

4/ ئه‌لبومی ( خودا هه‌قم بسێنه‌) له‌ساڵی (1995) له‌شاری به‌غدا تۆمار و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، (7) تراكه‌.

5/ ئه‌لبومی ( شادوێت) له‌ساڵی (2000) له‌شاری به‌غدا تۆمار و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، (7) تراكه‌.

6/ ئه‌لبومی ( خانه‌قین شاری مه‌ده‌نییه‌ت) له‌ساڵی (2005) (ئه‌م ئه‌لبومه‌م هه‌مووی به‌سته‌ بوو، له‌ناو خه‌ڵكید زۆر ده‌نگی دایه‌وه‌ و پێشوازییه‌كی باشی لێكرا) .

7/ ئه‌لبومی ( لیوه‌) له‌ساڵی ( 2010) ئه‌م ئه‌لبومه‌ له‌وڵاتی ( سوید ) بڵاوكرایه‌وه‌.

8/ ئه‌لبومی ( كرماشان دیرم) له‌ساڵی (2011) ،  هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس ده‌رباره‌ی ئه‌لبومی كرماشان دیرم وتی ( ئه‌م ئه‌لبومه‌م (8) تراكه‌ ،ساڵی (2010) چوومه‌ شاری كرماشان، له‌وێ هونه‌رمه‌ندی موزیكژه‌ن (وه‌حید كرماشانی) یم ناسیی، چوار له‌گۆرانییه‌كانم ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ كاری مۆسیقای بۆكرد و لكرماشان تۆمارم كرد، به‌ڵام چواره‌كه‌ی دیكه‌ له‌خانه‌قین تۆمارم كرد.

9/ ئه‌لبومی ( نیشتمان) له‌ساڵی (2022) ، به‌رله‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند زانیاری ده‌رباره‌ی ئه‌لبومه‌ نوێیه‌كه‌ی ( نیشتمان ) بدات لێم پرسیی : ماوه‌ی (11) ساڵ نێوانی كاره‌ هونه‌رییه‌كانته‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌نجامدانی كاری هونه‌ری و خستنه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌لبومی گۆرانی ئه‌وه‌نده‌ سانا نییه‌  ئه‌گه‌ر هاوكارو پشتیوانت نه‌بێ، ئه‌وه‌ هه‌مووی ئه‌ركه‌ له‌سه‌ر ژیانی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند، له‌وه‌ڵامدا پێی ڕاگه‌یاندم ( له‌ماوه‌ی ئه‌و (11) ساڵه‌ له‌هونه‌ر دوورنه‌كه‌وتومه‌ته‌وه‌، به‌رده‌وام تێكۆشاوم و كاری هونه‌ریم وه‌ك ئه‌لبوم نه‌بووه‌ ..؟! چونكه‌ له‌باری ماڵییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌ت یان ده‌زگایه‌كی هونه‌ریی هاوكارت نه‌بێت ناتوانیی كاری هونه‌ریی ئه‌نجام بده‌یت ئه‌وه‌ی تائێستاش كردوومه‌ له‌سه‌ر ئه‌رك و ژیانی خۆم و خانه‌واده‌كه‌م ئه‌نجامم داوه‌، به‌ڵام له‌و ماوه‌یه‌دا تاكه‌ تاكه‌ به‌رهه‌می هونه‌ریم هه‌بووه‌ و به‌شداری و ئاماده‌یم هه‌بووه‌ له‌ هه‌موو بۆنه‌و پرۆگرامه‌كانی كه‌ناڵه‌كان و چه‌ندجارێك خه‌ڵاتكراوم و ڕێزم لێگیراوه‌ ، سه‌باره‌ت به‌م ئه‌لبومه‌ نوێیه‌م ، زۆربه‌ی شیعری  گۆرانییه‌كان، شیعری برای به‌رێز ( سه‌یدنوح عینایه‌تی ، ناسراو به‌نه‌به‌ز) خه‌ڵكی شاری مه‌هابادی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌، زۆربه‌ی ئاوازه‌كان هی خۆمه‌و كاری مۆسیقاش له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندی به‌ڕێز( وه‌حید كرماشانی) یه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌، به‌وبۆنه‌یه‌وه‌ پێم خۆشه‌ زانیارییه‌ك له‌سه‌ر سروودی ( نیشتمان) بده‌م ، له‌هه‌ندێ له‌قوتابخانه‌كان له‌كاتی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان ئه‌وسرووده‌ ده‌خوێندرێت ، هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش به‌خوێنه‌ران و هۆگرانی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌م بڵێم :   له‌هه‌ر ئه‌لبومێكی هونه‌ریمدا دوو گۆرانی یان یه‌ك گۆرانی فۆلكلۆرم خوێندووه‌ مه‌به‌ستم له‌و كاره‌ زیندوكردنه‌وه‌ی ئه‌و فۆلكلۆره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مه‌ ، له‌لای من فۆلكلۆر زۆر گرنگ و به‌نرخه‌ و پێویسته‌ نه‌هێڵین فۆلكلۆرمان بفه‌وتێ ، چونكه‌ هه‌میشه‌ حه‌زم كردووه‌ ڕه‌سه‌نایه‌تی هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌م بپارێزم).

سه‌باره‌ت به‌ دانانی ئاواز و هۆنراوه‌، له‌هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاسم پرسیی،  به‌رێزتان ئاماژه‌تان پێدا زۆربه‌ی ئاوازو هۆنراوه‌ی به‌رهه‌مه‌كانم هی خۆمه‌ ، ئه‌و هه‌ست و سۆزه‌ له‌كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ ؟ یان ده‌بێت هه‌ریه‌كه‌یان كاریگه‌ری ڕووداو به‌سه‌رهاتێكی ژیانی خۆتان بووبێت ؟

له‌وه‌ڵامدا هونه‌رمه‌ند وتی (  زۆربه‌ی زۆری ئاوازی به‌رهه‌مه‌كانم هی خۆمه‌ و خۆم دامناوون، ئاواز و شیعر دانان به‌لای منه‌وه‌ زۆر گرنگ و پیرۆزه‌ ، ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌هه‌ست و ئیحساسه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌رئاواز و هۆنراوه‌یه‌كم هه‌ڵقوڵاوی ناخی خۆمه‌و سه‌رچاوه‌كه‌ی له‌  كاره‌سات و ڕووداوێكه‌وه‌ بووه‌،  زۆربه‌ی گۆرانییه‌كانم له‌ ئیحساس و هه‌ستی خۆمه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوه‌ ، هه‌میشه‌ كێشه‌و گرفته‌كانی كۆمه‌ڵی كورده‌واری و ئازار و چه‌وساندنه‌وه و مه‌ینه‌ته‌ییه‌كانی هاوزمانه‌كانم بوونه‌ته‌ هه‌وێنی ئه‌و مه‌قام و به‌ستانه‌ ، من هه‌میشه‌ وا ژیاوم و به‌رده‌وام بیرده‌كه‌مه‌وه‌ هه‌ست به‌ئێش و ئازاری به‌رامبه‌ره‌كه‌م ده‌كه‌م ،كه‌ده‌بینم به‌رامبه‌ره‌كه‌م ده‌چه‌وسێته‌وه‌ و ئازار ده‌چێژێ كاریگه‌رم له‌سه‌ر داده‌نێ و خۆم ده‌ڵێم  ئیحساسی حه‌سه‌ن هه‌یاس ئیحساسێكی ته‌بیعی نییه‌؟! له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گه‌وره‌ترین خه‌مم ئه‌وه‌یه‌ و هیوادارم نه‌یبه‌مه‌ ژێرگڵ، هیواخوازم ئازادی كورد و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ببینم، وه‌ك تاكێكی ئه‌م میلله‌ته‌ ژێر ده‌سته‌ته‌نها ئاواتمه‌ خۆری ئازادی له‌سه‌ر وڵاته‌كه‌م هه‌ڵبێت و گۆرانی بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و كوردستان بخوێنم ).

خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت بۆ ئه‌و هه‌موو به‌رهه‌م و كاره‌ ناوازنه‌ پێشكه‌شی گه‌نجینه‌ی مه‌قام و به‌سته‌ی كوردی كردووه‌ ، ئایا ئاواز یان هۆنراوه‌تان داوه‌ به‌هیچ هونه‌رمه‌ندێك تا بیخوێنن ؟

حه‌سه‌ن هه‌یاس :  بێگومان ئه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌و ڕۆحه‌ په‌یوه‌ندییه‌ هونه‌رییه‌، من ئه‌گه‌ر بتوانم و كارێكم پێ بكرێت بۆ نه‌ی كه‌م ، به‌ڵێ هۆنراوه‌م داوه‌ به‌م به‌ڕێزانه‌ :

1/ موعته‌سه‌م خانه‌قینی

2/ئه‌حمه‌د هه‌یاسی برام

3/ئه‌ركان نه‌جه‌فی

4/ شاكار مرادیان

5/ حه‌بیب ته‌بریزی ،

6/ عه‌لی زه‌مانی

7/ نه‌وزاد جه‌مشیدی ،،،

 به‌ڕاستی ئێستا هه‌رئه‌وه‌نده‌م له‌یاده‌.

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس ، له‌ساڵی ( 2016) وه‌ بنه‌وبارگه‌ی پێچاوه‌ته‌وه‌ و هه‌واری له‌شاره‌كه‌ی قه‌ڵاو مناره‌ هه‌ڵداوه‌ و ماوه‌ی (7) ساڵه‌ له‌ شاری هه‌ولێر نیشته‌جێ یه‌، وه‌ك پیشه‌( خانه‌نشین) ه‌ و ته‌نها  خۆی سه‌رقاڵ كردووه‌ به‌كاری  هونه‌رییه‌وه‌،

له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس خێزانداره‌و به‌خۆشه‌ویستی ژیانی پێكهێناوه‌ و  هاوسه‌ره‌كه‌ی مامۆستایه‌و به‌روبوومی ئه‌و ژیانه‌ هاوبه‌شه‌( كه‌نیشك و كوڕ) ێكه‌ ته‌مه‌نداربن.

جه‌مالی ده‌لاك  ( 20/12/2023) هه‌ولێر .

سه‌رچاوه‌ :

(1)په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند

 ( به‌رزان وه‌هاب)  دواتر له‌ڕێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك / ماسنجه‌ره‌وه‌ ئه‌و خوێندنه‌وه‌ جوانه‌ی ده‌رباره‌ی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس بۆناردم له‌ڕێكه‌وتی( 13/12/2023).

(2)په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و ڕاگه‌یاندنكار( جاسم وه‌ندی)  له‌ڕێی ( واتساپ) ه‌وه‌  نامه‌ی ده‌نگی بۆناردم  و ئه‌و خوێندنه‌وه‌ شیاوه‌ی بۆ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن هه‌یاس كردووه‌، له‌ڕێكه‌وتی ( 13/12/2023).

(3) له‌دڵه‌وه‌ سوپاسی بێ پایانم بۆ هونه‌رمه‌ندی ئازیز

( حه‌سه‌ن هه‌یاس) كه‌ ده‌رفه‌تی پێدام ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ی له‌ته‌كدا سازبكه‌م له‌ڕۆژی ( سێ شه‌ممه‌ ) ( 12/12/2023) له‌ماڵی خۆیان له‌گه‌ڕه‌كی

( فه‌رمانبه‌ران)  له‌شاری هه‌ولێر ، هیوای ته‌مه‌نداری و پڕ ته‌ندروستی بۆده‌خوازم   ( جه‌مالی ده‌لاك)

 

 

 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.