Erbil 8°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 22:01

پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد

کوردستان TV
100%

دەنگدەران لە عێراق بە مەبەستی بەشدارییکردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا، روویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە18ی12ی2023، پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 15 پارێزگای عێراق دەستی پێ کرد کە تیایدا پێنج ھەزار و 904 کاندید ڕکابەری بۆ بەدەستھێنانی 285 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن.

لە کۆی285 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، 75 کورسیان بۆ ئافرەتان و 10 کورسیش بۆ پێکھاتەکان تەرخانکراوە.

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، جومانە غەللای لە لێدوانێکدا بۆ كه‌ناڵه‌كان ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ بنکەکانی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کاتژمێر 7ی بەیانییەوە بەڕووی دەنگدەران کراونەتەوە و پڕۆسەکەیش تا کاتژمێر 6ی ئێواره‌ بەردەوام دەبێت.

گوتیشی: زیاتر لە 16 ملیۆن دەنگدەر لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەن پارێزگاکان مافی دەنگدانیان ھەیە و دەتوانن دەنگ بدەن.

باسی لەوەیش کرد پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 35 ھەزار 553 وێستگەی دەنگدان کە بەسەر حەوت ھەزار و 166 بنکەی دەنگداندا دابەشبوون، بەڕێودەچێت و گوتی: پێویستە دەنگدەران لە کاتی چوونیان بۆ بنکەکانی دەنگدان، کارتی دەنگدان، هەروەها بەڵگەنامەی فەرمی لەگەڵ خۆیاندا بەرن، ئەگەر نا ئەوە ڕیگایان پێ نادرێت دەنگ بدەن.

ئاماژەی بەوەیشدا کە دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری دەنگدان لەلایەن نووسینگەکانی کۆمیسیۆنەوە لە پارێزگاکان بەردەوام دەبێت و گوتی: ھەر دەنگدرێک کە تا ئێستا کارتی دەنگدانەکەی وەرنەگرتووەتەوە، دەتوانێت ئەمڕۆ سەردانی نووسینگەکانی کۆمیسیۆنەوە لە پارێزگاکان و کارتی دەنگدانەکەی وەربگرێتەوە.

ئەوەیشی خستەڕوو کە زیاتر لە 300 ھەزار چاودێر، نزیکەی دوو ھەزار چاودێری نێودەوڵەتی و نزیکەی 500 ھەزار بریکاری پارتەکان، چاودێری پڕۆسەکە دەکەن.

ھێچ بنکەیەکی دەنگدان لە پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە پارێزگاکان ھەرێم نەکراوەتەوە و لەوبارەیەوە جومانە غەللای گوتی: ئەو دەنگدەرانەی کە خەڵکی پارێزگاکانی عێراقن، بەڵام ئێستا لە پارێزگاکانی ھەرێم نیشتەجێن، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ پارێزگاکانی خۆیان و لەوێ دەنگ بدەن، چونکە پڕۆسەکە پارێزگاکانی ھەرێم ناگرێتەوە.

ئەمە یەکەم جارە، پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە دوای10 ساڵ لە 15 پارێزگا و دوای 18 ساڵ لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەدەچێت.

دوایین ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵی 2013دا ئەنجامدرا و لە ساڵی 2019دا، بە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان سڕ کرا.

 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.