زیاتر لە شەست كۆچبەر دوای تێكشكانی بەلەمەكەیان لە كەناراوەكانی لیبیا گیانیان لەدەستدا.
ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ لە لیبیا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس ڕایگەیاند 61 كۆچبەر كەئافرەت و منداڵیان تێدایە دوای ڕووداوێكی تراژیدی نوقمبوونی بەلەمێك لە كەناراوەكانی لیبیا خنكاون.
ڕێكخراوەكە لە زاری ڕزگاربووانی بەلەمە بڵاویكردەوە، بەلەمەكە كە نزیكەی 86 كەسی هەڵگرتبوو، لە شاری زووارەی لیبیا بەڕێكەوتبوو بەمەبەستی گەیشتن بە خاكی ئەوروپا. بەگوێرەی ئاماری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، شەپۆلێكی بەهێز ئەو بەلەمەی نقوم كردووە كە كۆچبەرانی هەڵگرتبوو.
ئاماژە بەوەشكراوە زۆرینەیان هاووڵاتی نەیجیریا و گامبیا و وڵاتانی دیكەی ئەفریقا بوون. بەپێی ئامارەكان 25 ڕزگار كران، هەروەها تیمی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ توانیان پاڵپشتی پزیشكییان بۆ دابین بكەن و هەموویان باری تەندروستیان باشە.
هاوكات فلاڤیۆ دی جیاكۆمۆ ،گوتەبێژی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ لە ناوچەی دەریای ناوەڕاست ڕایگەیاند ئەمساڵ زیاتر لە دوو هەزار و دوو سەد و پەنجا كەس لە ناوەڕاستی دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە.
گوتیشی:ئەم ژمارە زۆر و دڵتەزێنە ئەوە دەردەخات كە بەداخەوە ئێمە ئەوەندە كار ناكەین بۆ ئەوەی ژیانی خەڵك لە دەریادا ڕزگار بكەین.
جێی ئاماژەیە لیبیا و تونس خاڵی سەرەكی ڕۆشتنی ئەو كۆچبەرانەن كە هەوڵدەدەن لە ڕێگەی كەنارەكانی ئیتاڵیا لە باكووری ئەفریقاوە بگەنە ئەوروپا.
زیاتر لە 60 كۆچبەر لە كەناراوەكانی لیبیا گیانیان لەدەستدا
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.